لە بارەی کەرکوکەوە

30/06/2019

مەهدى ئەبوبەکر


پێشنیازێكی خەمخۆرانە بۆ کاربەدەستانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

ئاشکرایە؛ ھەردوو حزب لە بارەی بڕیاردان بۆ دیاریکردنی کاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوك گەیشتوونەتە بنبەست. لە ماوەی رابردوودا ھەردوو حزب لە روانگەی بەرژەوەندییە کەسیی و حزبییەکانیانەوە نەك لە روانگەی بەرژەوەندی خەڵکی کەرکوك و کوردستان تەماشای پۆستەکەیان کردووە، بۆیە ھەردوولایان سورن لەسەر داواکارییەکانی خۆیان و ئامادەنیین سازش لەسەر بەشێکی بچووك لە سیاسەت و بەرژەوەندییەکانیان بکەن. بەو ھۆیەوە؛ لە لایەك کوردی کەرکوك گیرۆدە بووەو رۆژانە شارەکەیان رووبەڕووی سیاسەتی تەعریب دەبێتەوە. لە لایەکی دییەوە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم بووە بە بارمتەی پۆستی پارێزگاری کەرکوك. 

لێرەوە؛ بۆ چارەسەرکردنی ئاریشەی پارێزگاری کەرکوك، پێشنیاز بۆ مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی و پارتیی دەکەم؛ بۆ یەکجار، تۆزێك سازش لە بەرژەوەندی کەسیی و حزبیی بکەن، و پێکەوە بسازێن و بڕیار بدەن؛ عوسمانی حاجی مەحمود، وەکو کاندیدێکی سازانی نیشتمانیی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوك پێشکەش بکەن.

 رابردووی سیاسیی، پێشەرگایەتیی و ئیداریی عوسمانی حاجی مەحمود، گەواھی بۆ لێھاتوویی و شایستەیی بۆ ئەو پۆستە دەدات، سەرەڕای ئەوەیش؛ رەشی نالەبارو ئاڵۆزی کەرکوك، لەم سەروەختەدا پێویستی بە کەسایەتییەکی دڵسۆز، ئازاو خۆنەویستیی وەکو عوسمانی حاجی مەحمود ھەیە، کە بتوانێت رەوشی شێواوی شارەکەو باری لاری کورد راست بکاتەوە. 

وەکو درککردن بە ئەرکێکی میللیی و نیشتمانیی، بۆ مێژوو ئەم پێشنیازە دەخەمە بەردەم مەکتەبی سیاسیی ھەردوو حزب. ئومێدەوارم بە ھەند وەریبگرن و بە سنگێکی نیشتمانیی فراوانەوە قبوڵی بکەن، تا پێکەوە خاڵێكی گەش بۆ خۆیان لە مێژوودا تۆمار بکەن.


مەهدى ئەبوبەکر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی