بۆچی سەدەی بیست و یەکیش سەدەی ئەمەریکا دەبێت لە جیهان؟

01/07/2019

لوقمان حەوێز


ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بەراورد بە گەلێک لە ووڵاتە پێشکەوتووەکانی تری جیهان ووڵاتێکی ساوایە، هەمووی 241 ساڵە دامەزراوە، بەڵام لەوەتەی ساڵانی 1880 تاوەکو ئێستاش بە بەردەوامی پێشكەوتووترین و بەهێزترین ووڵاتی جیهان بووە، بێ ڕکابەرترین ووڵاتە لە بواری تەکنەلۆژیاکانی فڕین، پشکنینی بۆشایی ئاسمان، کۆمپیوتەر و ڕۆبۆتەکان، پزیشکی و دەرمان، چەک، کشتوکاڵ، هتد... لەم نوسینە کورتە کەمێک تیشک دەخەمە سەر نهێنیەکانی بەهێزی و پێشکەوتنی ئەو ووڵاتە و بەردەوامبوونی بەم شێوەیە بێ ڕکابەری بە درێژایی پتر لە 135 ساڵی ڕابردوو...

دیارە کۆمەڵێک هۆکار هەبوون بۆ ئەوە بەڵام هۆکاری سەرەکی ئابووری بووە، لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ناوخۆ لە ئەمەریکا بە چەند ساڵێک و بە ووردی لە دەوروبەری ساڵی 1875 و تاوەکو ئێستا بە بەردەوامی ئابووری ئەم ووڵاتە گەورەترین ئابووری جیهان بووە، هۆکارێکی تری سەرەکیش هەر لە سەرەتاوە چڕبوونەوە و کۆبوونەوەی داهێنان و تەکنەلۆژیا بووە لەم ووڵاتە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە تاوەکو ئێستاش بەوە ناسراوە کە شوێنی ڕاکێشان و کۆچکردنی بلیمەتەکان، زاناکان، داهێنەرەکان و بەتواناکان بووە لە هەموو بوارەکانی زانست و تەکنەلۆژیا و هونەر و وەرزش بووە لە نێو گەلەکانی جیهان، ئەو بلیمەت و بیرمەند و زانا و بە توانایانەش گەنجینەیەک بوون بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە زانستیەکان و لە ئەنجامدا بۆتە پێشکەوتنی بێ وێنەی ئەم ووڵاتە لە هەموو بوارەکان...

هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە ناسنامەیەکی نوێی دروستکردووە و بەخشیوە بەبێ جیاوازی و جیاکاری بە هەموو ئەو مرۆڤانەی کۆچیان کردووە بۆ ئەوێ و بە دوای ئازادی و ژیانێکی نوێ و داهێنان و کارکرندا گەڕاون، بە تایبەتی لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیستەمەوە تاوەکو ئێستاش بە بەردەوامی ئەمەریکا ساڵانە بە فەرمی هەزارەها ڤیزای نیشتەجێبوونی داوە بە زانا و بلیمەت و بە تواناکان لە سەرانسەری جیهان بۆ ئەوەی کۆچ بکەن بۆ ئەو ووڵاتە و بە ئێجگاری لەوێ نیشتەجێ بن، تەنیا لە ساڵی 2015 پتر لە 23 هەزار کەسی لەم شێوەیە لە زۆربەی ووڵاتانی جیهان کۆچیان کرد بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا...

هەر لە سەدەی نۆزدەشەوە تاوەکو ئێستاش بەرهەمی لێکۆڵینەوە و کارکردنی ئەو زانا و بلیمەتانە نهێنی داهێنانە گەورەکان بووە لەم ووڵاتە وەکو داهێنانی کارەبا، تەلەفۆن، فڕۆکە، ووزەی ناوکی، تڕانسیستۆر، چوونە سەر مانگ، کۆمپیوتەر، ئینتەرنێت، داڕشتنی نەخشەی جینۆمەکانی مرۆڤ، فەیسبووک، هتد...

ئەمەریکا هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە دەرکی بەوە کرد کە لەگەڵ بەهێزبووندا بەرپرسیاریەتی گەورەش دێتە پێشەوە، بۆیە هەر لەوکاتەوە ساڵانە بڕێکی زۆر لە داهات و دەرامەتی حکومەتی فیدراڵی تەرخان دەکات بۆ بواری سەربازی، بەبێ بەشداریکردنی ئەمەریکا لە هەردوو جەنگی جیهانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و روسیا بە تەنیا هەرگیز نەیان دەتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن بەسەر ئەڵمانیای نازی و ئیمبراتۆریەتی ژاپۆن، ئەو کاتە چارەنوسی جیهان بە ئاقارێکی ترسناکدا دەڕۆیشت، لەم چەند ساڵەی دواییشدا بودجەی سەربازی ساڵانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەیشتۆتە پتر لە 700 ملیار دۆلار، ئەمەش گەلێک زیاترە لە کۆی بڕە بودجەی سەربازی ساڵانەی هەموو ووڵاتانی ڕووسیا و چین و ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا هیندستان و سعودیە بەیەکەوە...

لە دوای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە تاوەکو ئێستاش نەوەک تەنیا هەر لە بواری تەکنەلۆژیا و پیشەسازی و کشتوکاڵ بەڵکو لە ڕووی کەلتوری و کۆمەڵایەتیشەوە ئەمەریکا کاریگەری گەورەی لە سەرتاسەری کۆمەڵگاکانی جیهان دروستکردوە ئەویش لە ڕێگەی بەجیهانیبوونی کەلتوورەکەی، نمونەی ئەمەش بڵاوبوونەوەی فلیمەکانی هۆلیوود، گۆرانی و کۆنسێرتەکان، پانتۆڵی جینز، تۆڕەکانی هەواڵ وەکو سی ئێن ئێن، پڕۆگرامەکانی خوێندن و زانکۆکان، نوسین و چاپەمەنیەکان، هتد...

بەهۆی چڕبوونەوەی کۆمپانیا زەبەلاحەکان لە بواری تەکنەلۆژیا سەرەکیەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، زۆربەی شارەزایان و ئابووریناسان لە سەرانسەری جیهان لەسەر ئەوە کۆکن لایەنی کەم لەم سەدەیەش ئەمەریکا وەکو سەدەی بیستەم بە بەهێزترین و پێشکەوتووترین ووڵات دەمێنێتەوە لە جیهان، تا ئێستاش قەبارەی ئابووری ئەمەریکا لە سەدا 23 ی قەبارەی ئابووری هەموو جیهانە، لەگەڵ ئەوەی کە ئابووری ووڵاتی چین لە 25 ساڵی ڕابردوو لە گەورەبووندا بووە و ئێستا بۆتە لە سەدا 14 ی ئابووری جیهان، بەڵام لەبواری تەکنەلۆژیا سەرەکیەکان بە بەراورد لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جارێ چەندەها ساڵ لە دواوەیە و پێشبینی ناکرێت بتوانێت لە داهاتوێکی نزیک یان دیار بتوانێت ڕکابەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای پێ بکرێت...

ئەمەریکا جگە لە خاوەندارێتی کردنی بڕبڕەی پشتی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا لە جیهان، بە خاوەنی بەهێزترین دیموکراسیش دادەنرێت، ئەمەش دیسان لە کۆتاییدا لە قازانجی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا دەبێت، چونکە لەو سیستەمە بە بەردەوامی کەموکوڕیەکان پەنجەیان دەخرێتە سەر و پەردەپۆش ناکرێن و هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی