ئایندە؛ لە دژی بەخێزانیكردنی سیاسەت و حوكمڕانی

02/07/2019

رابون مەعروف


كاتێك، لە بەرامبەر شكستی سەرتاپاگیری سیاسەتی حیزبە تەقلیدیەكان كۆمەڵێك سەركردەی گەنج، بەرەی "نەخێر لە ئێستادا" و دواتر "نەوەی نوێ" مان دامەزراند، بە ئاشكرا و لە چەندین بۆنەدا ڕامانگەیاند، ئێمە بە توندی دژی "بەخێزانیكردن و بە كۆمپانیاكردن و بە یەككەسكردنی" سیاسەت و حیزبایەتین. جێگەی داخە، لە ماوەیەكی یەكجار كورتدا، لە رێگەی خراپ بەكارھێنانی پێگەی سەرۆكایەتی جوڵانەوەكە، "نەوەی نوێ" لە ھەرسێك ئەو بوارانە، زۆر پێش حیزبە تەقلیدیەكانی دایەوە. لەبەرامبەر ئەو دۆخە شەرمھێنەرەی بەسەر "نەوەی نوێ" دا سەپێنرا، ئێمەمانان، كە ھەمو ژیانی سیاسیمان بریتیە لە روبەڕوبونەوەی ئەو مۆدێلە لە سیاسەت، نەماندەتوانی بێدەنگبین.

كاتێك بۆ یەكەمجار، ململانێ لەسەر بەخێزانیكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شەستەكانی سەدەی رابردو سەریھەڵدا، ئەگەر سەركردە گەنجەكانی ناو پارتی، ئەوكات پێكەوە و یەكدەست رێگریان بكردایە لە بەخێزانیكردنی پارتی، ئێستا سیاسەت و حوكمڕانی لە كوردستان لە قۆناغێكیتر دەبو. ھەمان لۆجیك بۆ گۆڕانكاریەكانی ناو یەكێتی نیشتیمانی و بزوتنەوەی گۆڕان-یش راستە. بە ھەمانشێوە، ئەگەر ھەمو گەنج و خۆبەخشەكانی "نەوەی نوێ" یەكدەست بھاتنایەتە پشتی ئاراستەكەی ئێمە، "نەوەی نوێ" لەبری نمونەیەكی شەرمھێنەر، دەبوە شانازیەكی گەورەی گەلەكەمان. بەڵام حەسرەت؛ لە ھەمو ئەو گۆڕانكاریانە، لە پارتییەوە تا "نەوەی نوێ" ھەمیشە كۆمەڵێك چەورە و چەگل مل بۆ ماڵباتە سیاسیەكان رادەكێشن و زنجیری كۆیلەتیی دەخەنە گەردنی خۆیان.

ئێستا ئیتر ئاشكرایە، لە كوردستانی عێراق، سیاسەت، لە بری ململانێ لەسەر دامەزراندنی باشترین فۆرمی حوكمڕانی و ژیانێكی شایستە بۆ ھاوڵاتیان، بوەتە بواری كێبڕكێی كۆمەڵێك خێزان و كۆمپانیای چاوچنۆك، كە بڕیاریانداوە لە پێناوی كەڵەكەكردنی زۆرترین پارە و سامان، ھەمو بەھا و پرەنسیپێك پایەماڵ بكەن و ئایندەی ئەم میلەتە بخەنە تونێڵێكی تاریكەوە.

دەبێتە نەنگی بۆ گەلەكەمان، بێدەنگ و دەستە و ئەژنۆ سەیری خێزان و كۆمپانیا سیاسیەكان بكات كە قومار بە ئایندەیەوە دەكەن. نابێت گەلی ئێمە ئایندەی خۆی بخاتە دەستی چەند خێزان و كۆمپانیایەكی سیاسی كە ئایندەی گەلەكەمان بگۆڕنەوە بە چەند سەفەقاتێكی زەبەلاحی بازرگانی.

وەك ھەمیشە، بڕیاری ئێمە ئەوەیە كە نە بێدەنگ دەبین و نە قەبوڵ دەكەین ئایندەی ئەم میلەتە بخرێتە گێژەنی كێبڕكێی كۆمپانیا و خێزانە سیاسییە چاوچنۆكەكانەوە.

ئێمە بەردەوامین و بە دڵنیاییەوە ئایندە بۆ ئەوانەیە كە پاشەكەشە ناكەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی