فەرهاد پیرباڵ.. مۆدێلێكی نوێی شۆرش

03/07/2019

ئیبراهیم عەلی

ئەو پیاوەی شەلاتییەكانی دەسەڵات هەر رۆژەو لا سەرێكی دەشكێنن... ئەو پیاوەی لەبەردەم مەحكەمە خۆی روتدەكاتەوەو میز بەمەحكەمە دا دەكات، خەڵك پێی پێ دەكەنن .... ئەو خەڵكەی هیچ شتێك لەو نمایشەی فەرهاد تێناگەن... كێ وەك فەرهاد لەگرنگی مەحكەمە تێدەگات؟ ئاخر مەحكەمە ئەگەر بەكاری خۆی هەڵسا ئیدی هەموو شتەكان ریرەوی خۆیان وەردەگرن و مەحكەمە دەتوانێت مافی هەموو ماف خوراوێك وەربگرێتەوە، بەڵام مەحكەمەیەك ئەگەر بەئەركی خۆی هەڵنەستا بۆ میز پێدەكردن نەبێت بۆچی باشە؟

كاتێك فەرهاد بەخۆی و سەیارەكەی خۆی دەكێشێت بەبینای پەروەردەو دەرو بەرد دەشكێنێت، خەڵك دیسان پێی دەڵێن ئەو شێتە موڵكی دەوڵەت تێك دەدات، ئاخر پەروەردەیەك نەتوانێت ئەركی خۆی بەجێ بهێنێت تخوا بۆ ئەوە باش نییە دەرو بەردی بەسەر بەرپرسەكانیدا بروخێنی بۆ ئەوەی تۆڵەی بەرەو دوایان لێ ببێتەوە؟ 

ئاخر فەرهاد زوو هاواری كرد وتی مەسعود بارزانی بكەن بە مەلیك و واز لەو چەقە چەقە بێنن و كوری خەڵك مەدەن بەكوشت، كەچی پێتان وت ئەمە پیاوی پارتییەو با كتێبەكانی بسوتێنین... ئاخر هەر ئەوانەی لەسەرای ئازادی نەڕە نەڕیان دنیای وێران دەكرد ئێستا بەعەمەلی مەسعود بارزانیان كردووە بەمەلیك... ئاخر گوناهی فەرهاد چی بوو مەگەر هەر ئەوە بێت فەرهاد ئەوەی دەبینی لەداهاتوو رودەدات راستگۆیانە دەیوت... فەرهاد نەیتوانی وەك ئیوە دووروو بێت... 

فەرهاد كە لەبەردەم بینای محافەزە جنێوی دنیای بە محافیزی هەولێردا خەڵك وتیان ئەو پیاوە بئ ئەدەبە و هەموو سنوورێك دەبەزێنێت... ئاخر فەرهاد كوری ئەو شارەیەو دەزانێت ئەو محافیزە روكنە چی بەسەر ئەم شارە هێناوە... ئاخر ئازاری فەرهاد مەگەر بەو جنێوانە كەمێك سارێژ بێت كاتێك كەس گوێی لێ ناگرێت...

ئاخر فەرهاد كاتێك لەناوەراستی شار یەخەی تروكمانێك دەگرێت و سوكایەتی دنیای پێدەكات، دەزانێت ئەوانە بوونیان لەپەرلەمان گەورەترین سوكایەتییە بەمیللەت و دیموكراسیەت... 

فەرهاد هەر رۆژەو لەسوچێكی ئەم شارە دەردەكەوێت، رۆژێك خەونی خۆی بەعەلی مەردانەوە بەشیعر دەگێرێتەوە و لەناوەراستی شار ست فاتیمە دەڵێتەوە دەزانێت بەناوی هونەری كوردییەوە شەوانە، شەوی سوور دروست دەكرێت بەسەر میللەتەوە... فەرهاد ئەمرۆ بێت یا بەیانی بەتەنیا لەشەقامەكان زەنگی شۆرشێكی نوێ لێدەدات... فەرهاد مۆدێلێكی نوێی شۆرشە... زوو یا درەنگ ئەو شۆرشەی فەرهاد بەرپا دەبێت و جارێكی دیكە فەرهاد پێمان دەڵێت جەمیل سائیب لەخەونەكەیدا ئەمجارە بێدەنگ دادەنیشێت و گوێی بۆ یادەوەرییەكانی ئەو گرتووەو ئەویش پێی دەڵێت جەمیل گیان دەزانی مەلیكەكەی ئێمەش هەر دیكتاتۆر بوو!

ئیبراهیم عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی