تێپەڕاندنی سیاسەتی نەتەوەیی گرنگیەكی ریفۆرمی سیاسییە

03/07/2019

كەمال محەمەد


لە دنیای سیاسی ئێمەدا و بەتایبەت لەم چەن ساڵەی دواییدا چەندین هێزی سیاسی نوێ هاتنە كایەوە ،گرنگترینیان بزوتنەوەی گۆڕان بو  بەڵام ئەم هێزانە نەیانتوانیوە  لەچارەسەركردنی  گیروگرفتی كۆمەڵگا و ریفۆرمی سیاسیدا ڕۆڵێكی گرنگ ببینن ،بە پێچەوانەوە لە هاوبەشێتیكردنی باری سیستەم ڕۆڵی خۆیان بینی ،لە هەموی خراپتر ئەوانەی چاوەروانییان دەكرد سیستەم هەڵبوەشێتەوەو ریفۆرم  و گۆڕانكاری لە سیاسەتدا  بكرێت ،ئەمجارە كەوتنە گومان لەوەی كە چیدیكە  هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان  و ئەوانەی  ریفۆرمی سیاسی  لەپێشینەی بەرنامەكانیان بو بۆ گۆڕانكاری ئومێدێكی چارەسەری نیشاننادات ،هەربۆیە لە هێزێكی چارەسەرییەوە  كەوتنە ناو  هێزێكی بێچارەییەوە و رۆژ بە رۆژ نرخ و بەهای  تەواوی ئەو هەوڵ و كۆششانەی  كە لەلایەن دەنگە ناڕازییەكانەوە  بۆ ڕۆشنگەری و گۆڕانكاری خرابونە گەڕ مایەپوچ دەرچو .

هەلومەرج و زەمینەی سیاسی نێوخۆیی و دەرەكی  بۆ دروستكرنی هێزێكی نوێ توانای تێپەڕكردنی دۆخەكەی نابێت ،ئەگەر وەك هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی پێشو تەنیا رویان لە جەماوەرێك بێت كە پاشكۆ و وابەستەی دەسەڵات نەبون ،بۆیە شانسی بەدەوامیبونی هەر هێزێكی سیاسی نوێ   لەم. قۆناغەی ئێستا و داهاتوو  گرێدراوی ئەو تایبەتمەندییە ئایدۆلۆژییە كە بە خێرایی چەمكەكانی نەتەوە تێپەڕێنێت ،چونكە كەوتنە نێو رەوشی هێزێكی سیاسی دیكەی نەتەوەیی و لە چوارچێوەیەكی دیاریكراوی هەرێمی هەر لە سەرەتاوە شانسی سیاسیبونیان وەك هێزێكی ریفۆرمخواز  و جودا لەوانەی دیكە لەدەست ئەدات ،بۆیە ئەم قۆناغەی پێیگەیشتوین  خاڵی وەرچەرخانێكی گرنگە ،ئاخۆ ئەو هێزە سیاسییەی كە دێتە بوون دەتوانێت وەك بزوتنەوەیەكی رزگاری و ئازادی  هێزی كۆنتڕۆڵكردنی گۆڕانكاری  و پێشكەوتنە سیاسییەژیانییەكانی هەبێت و ئاشنای جیهانی راستەقینەی سیاست و رێكخستنی سیاسیان هەبێت ،

دروستبونی هەر هێزێكی نوێ لەم قۆناغانەی داهاتوودا  تەنها ئەوە نییە لە بانگەشەكانیدا بڵێ ئەم رەوشەی رویداوە پێویستی بە دامەزراندن سەرهەڵدانی هێزێكی نوێیە و بەتەنها گۆڕانكاری بكات بە ئەنجامی بەڵێنەكانی لە چوارچێوەی حیزبێكی نەتەوەییدا و شێوازی سیاسی و رێكخستن و چالاكییەكانیان لە سنوری یەك نەتەوەو هاوئایدیادا ،بۆیە پێویستە ئەو ڕەوتە سیاسییە هێزی خۆگونجاندنی لەگەڵ پێداویستییەكانی ئەم ڕاستییە نیشان بدات  كە چیدیكە  ڕۆڵی كلیلی راستەقینەی  ریفۆرم نابێت  ئەگەر هاوپەیمانێتی خۆیان لەگەڵ هێزە عێراقییەكان  نەكەنە بنەمای كاری سیاسییان و  ئەم ڕكابەرایەتییەی سیستەم فراوانتر  نەكەن ،بۆ ئەوەی لەهەر ئەگەرێكی ئیفلاس پێكردنی نێو خۆیی و دەرەكی ڕزگاریان بێت و دوبارە ئەنجامەكەیان ئەو گێژاوە سیاسییە نەبێت كە هێزەكانی پێش خۆیان تێیكەوتون كە دیار نییەو نازانرێ كۆتاییان وەك هێزێكی سیاسی بە چی ئەنجامگیر ئەبێت ،بۆیە پێویستە هەر هێزێكی سیاسی هەوڵی ریفۆرمیزەكردن و لیبڕالیزەكردنی سیاسەت لەو دیو سنورەكانی نەتەوەوە بدات و بە گوێرەی مەزەندەكانی ناوچەكە و نێو خۆی وڵات چەندین پڕۆژەی سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوەی سیاسەت و حكومڕانی بهێنێتە ئاراوە كەلەگەڵ سیستەمێكی دیموكراتی نیشتمانی فرە نەتەوەییدا بگونجێت و بەردەوام  ئەو توانستە لە خۆ بگرێت كە لە ناوەڕۆكەوە گرێدراوی دیموكراتیزەبون و ئازادییەو مۆدێلێكی نوێی چارەسەری دور لە میلیگەرایی و نەتەوە پەرەستییە ،لەبەر ئەوەی ئەم شێوازە هەم زیاتر توانستەكانی ریفۆرم  بەدەست ئەهێنێت هەمیش لەگەڵ راستینەیی ئێستای هەرێم و عێراق كۆك و گونجاوترە ،

گونجاوترین مۆدێلی سیاسی كە پێ هەڵگرتنێك نیشان بدات تپەڕاندنی سیاسەتی نەتەوەییە بۆ ئەوەی رەوشی قەیران بەلاوە بنێت ،چونكە ئەزمونی ساڵانی ڕابردو ئەوەی نیشانداوە كە ناتوانرێت دەست بۆ بابەتی سەرەكی ریفۆرم ببرێت هەتا موحافەزەكاری راستەقینەی دەسەڵات نەبێتە هێزێكی شۆڕشگێڕی رێفۆرمیستخواز  بۆ ئەوەی خزمە گشتییەكانی بۆ توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگا بێت ،كە ئەمەش بۆ ڕیفۆرمێكی ریشەیی مەرجە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی