خشەخشی رێکەوتن

03/07/2019

رێبوار كەریم مەحمود

لەماوەی ساڵانی رابردودا، هەرێم و بەغدا، بەهۆی سیاسەتی هەڵەی دوولایەنەوە، لەیەکتر دابڕان. گرژی لەجیاتی لێکنزیکی، سیمای پەیوەندییەکانی هەردوولا بوو. زەرەرمەندی یەکەم لەو لێکدابڕانە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بون. تاوانبارکردنی لایەنێک بۆ ئەویتر ببوە جەدەلێکی نەبڕاوە.

ماوەیەکە لەنێوان هەرێم و بەغدا گفتوگۆیەکی هێمن و بێدەنگ بەڕێوەدەچێت. ئامانج لێی رازیبونی هەرێمە بە تەسلیمکردنی بڕێک نەوت بە بەغداو فرۆشتنی لەڕێی سۆمۆوە. جیاوازی بیرکردنەوەی هەردوولا لەسەر ئەم دووخاڵەیە:
یەکەم: ئەو بڕە نەوتەی کە هەرێم دەبێ بیدات بە بەغدا چەند بێت؟ هەرچەندە یاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵی (۲٠۱۹) بڕی (۲٥٠٠٠٠) دووسەدوپەنجا هەزار بەرمیلی رۆژانەی دیاریکردوە، بەڵام ئێستا هەرێم لەهەوڵدایە ئەو رێژەیە کەمبکاتەوە بۆ (۱٥٠٠٠٠) سەدوپەنجا هەزار بەرمیلی رۆژانە یان کەمتر.

دووەم: لە چ کاتێکەوە تەسلیمکردنی ئەو بڕە نەوتە ئەژمار بکرێت؟ 
رێگای یەکەم ئەوەیە ئایا بەپێی یاسای بودجە لە سەرەتای (۲٠۱۹)وەو بە (اثر رجعي) حساب بکرێت؟ لەم حاڵەتەدا پێویستە هەرێم قەرەبوی ئەو بڕە نەوتە بکاتەوە کە پێویستە لەکۆی مانگەکانی پێشوی ساڵی (۲٠۱۹) بینێرێت. ئەوەش بۆ هەرێم زەحمەتە. 
رێگای دووەم ئەوەیە لەوکاتەی کە رێککەوتن ئەکرێت بڕەنەوتی دیاریکراو بنێرێت. ئەمەیان ئاسانترەو فشاری کوتلە سیاسییەکان لەسەر حکومەتی عیراق کەمدەکاتەوە. 
رێگای سێیەمیش ئەوەیە کە لە ساڵی تازەی (۲٠۲٠)و بەپێی رێکەوتنێکی نوێ بڕێك نەوت تەسلیمی بەغدا بکات. ئەمەیان لەسادەترین مانادا بریتیەلە بێبەشبونی هەرێم لە بودجەی خۆی بۆ ساڵی (۲٠۱۹) جگەلە موچە.
هەرچۆنێک بێت، گرنگە هەرێم و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوتی رێک بکەون. چونکە ئەو هەنگاوە دەبێتەهۆی دەستکەوتی زیاتر بۆ خەڵکی هەرێم.

ئەگەر هەرێم لەگەڵ بەغدا لەسەر هەر یەكێک لەو رێگایانە بۆ چارەسەری دۆسیەی نەوت رێکبکەوێت، مافی ئەوەی نیە هیچ منەتێک بەسەر خەڵکی هەرێمدا بکات. چونکە لانی کەم دوو ئەوەندەی داهاتی ئەو بڕەنەوتەی دەیەوێت تەسلیمی بکات هێشتا بەدەستی هەرێمەوە دەمێنێت و لەگەڵ داهاتی گومرکەکان و ناوخۆ دەتوانێ داهاتێکی باشی پێدابین بکات بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری. بەڵام نابێ دۆسیەی نەوت و دۆسیەی داهاتی ناوخۆ لەوە زیاتر بە ناشەفافی بمێنێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی