گۆڵەكەی كۆسرەت ڕەسوڵ و بەرهەم ساڵح !

07/07/2019

سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی

بۆ هەر پۆستێكی سەرۆكایەتی و وزاری ژمارەیەك كاندید هەبوون، بڕیاریشبوو ئەنجومەنی سەركردایەتی بەشێك لەكاندیدەكان بە دەنگدان یەكلایبكاتەوە، بەڵام دوای خۆ كاندیدكردنی شاڵاو كۆسرەت ڕەسوڵ بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت، لەماوەی 24 كاتژمێردا قوباد تاڵەبانی زۆرترین سازشی بۆ بەرامبەرەكانی كرد لە پێناو كشانەوەی شاڵاو كۆسرەت، دواجار هەمووانی كردە قوربانی پۆستەكەی خۆی و بەرهەم ساڵح و كۆسرەت رەسوڵ بردیانەوە.

باڵی كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح لە دابەشكردنی پۆستەكان یاریەكی جوانیان كرد توانیان جگە لەوەی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی هەرێم بەدڵی خۆیان یەكلایبكەنەوە، لە هەمانكاتیشدا ( وەزیری خوێندنی باڵاو پلاندان و ڕۆشنبیری و دەستەی گەشت و گوزارو دەستەی مینیان ) لە بەرژەوەندی خۆیان مسۆگەر بكەن، ئەوەی بۆ ماڵی مام جەلالیش مایەوە تەنها پۆستەكەی قوباد تاڵەبانی و بێگەرد تاڵەبانی بوو( كە لەسەر حەزی خۆی نییە ).

گروپی كەركوكییەكانی نێو مەكتەبی سیاسیش وەزیرێكی هەرێم و دەستەیەكیان مسۆگەركرد، كە ئەوانیش بەشێكیان لە كۆسرەت ڕەسوڵەوە نزیكن.
هەرچی وەزیری پێشمەگەریە، كە شۆِریش ئیسماعیل، وەكو ئەندامی مەكتەبی سیاسی بردی، بەڵام ناوبراو لە جیاتی پۆستی وەزیر گرینكترین شوێنی جێهێشت لە حزبەكەیدا، كە ئەویش دەزگای هەڵبژاردنە، بە تایبەت لە كۆنگرە ئەو شوێنە ڕۆڵی گرینگی دەبێت، ئەم چوونەی شۆڕش ئیسماعیلیش بە دڵی باڵەكەی كۆسرەت و بەرهەم ساڵحە، چونكە لە كاتی دروستبوونی ناوەندی بڕیاریش سێ ساڵ لەمەوبەر، یەكێك لە داواكارییەكانیان وەرگرتنە ئەو شوێنە بوو.

تاوەكو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە گۆڕوپانەكەدا بوو، زۆرترین ئەو كەسانەی لە فراكسیۆنەكان و تیمی حكومەت بوون نزیكی ئەوانبوون، بەڵام لە دوای بێدەنگی باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، بەڕێوەبردنی یاریەكە لەلایەن قوباد، سەرەنجام گەورەترین دۆڕاو خودی قوباد تاڵەبانی بوو، لە هەمانكاتیشدا گەورەترین براوە ماڵی كۆسرەت ڕەسوڵ و بەرهەم ساڵح بوون.

كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح توانیان بە كاندیدكردنێكی تاكتیكی شاڵاو، هەموو شتێك لە بەرژەوەندی خۆیان كۆتایپێبهێن، چونكە بەر لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی لیستی كاندیدەكانیان بە دڵی خۆیان شۆرت لیست كرد، پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتیشیان بە لاوازی پێشكەشی قوباد تاڵەبانی كرد؟!!!

سەرتیپ قەشقەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی