‎ نەوەی ئێمە نەوەیەكی ستەملێكراوە

08/07/2019

ئاری عومەر

‎نەوەكان دەشێت لەنێو جەستەی‌ كۆمەڵگاو لەناو جوگرافیای‌ هێزەكان ركابەر بن، بەڵام ئەودەمەی‌ ركابەرییەكان وەردەگۆڕێن بۆ جیاكاریی‌و چەشنێك لە خۆسەپاندنی‌ نەوە كۆنەكە دەبێتە دیفاكتۆ، ئیدی‌ هیچ مانایەك بۆ دەرفەتی‌ یەكسان  لەبەردەم ململانێ راستەقینەكانی‌ نێوان نەوەكان نامێنێ‌، ئیدی‌ ئەوەش ئەو دیاردە نەخوازراوەیە كە كوردستان ‌و هێزە سیاسییەكانی‌ تێیكەوتوون، ئاخر خۆ ئەوەی‌ لەكوردستان‌و لەنێو حزب‌و پارتە سیاسییەكان دەگوزەرێت، هیچ نییە جگە لە دوپاتكردنەوەی‌ چەشنێكی‌ دیكەی‌ ستەمكاری‌و خۆسەپاندنی‌ نەوە كۆنەكە، هەڵبەت ئەوەش بە پشت بەستن بە شەرعیەتی‌ رابردوو، نەك بە شایستەیی‌ ئێستا‌و تێفكرین‌و لەداهاتوو.

‎نەوەی‌ ئێمە، نەوەیەكی ستەملێكراوە، نەوەیەكە هەموو چەشنەكانی‌ دڵڕەقی بژارەی‌ سیاسی دێرینی‌ لەسەر تاقیكراوەتەوە، هەموو ئاستەكانی‌ جیاكاریی لەسەر پەیڕەو دەكرێ‌و رێنادەن، بارتەقای‌ ماندبوونی‌، بە ئەندازەی‌ هۆشیاریی‌و، بە قەد دڵسۆزییەكەی‌ رۆڵ ببینێ‌، پاساوەكانی‌ پشت ئەو ستراتیژە دڵڕەقەی‌ نەوەی‌ دێرین لەبنەڕەتەوە پشت بە ئەزموون دەبەستێت، لەكاتێكدا ئەوەی‌ بونیادی‌ ئەو شۆڕشەی‌ ناوە، ئەوەی‌ شۆڕشی نوێی لە نەبوونەوە بەپشت بە ستن بە دیدگاكانی‌ مام جەلال سەرلەنوێ دروستكردۆتەوە، نەوەیەك بوون بۆ ئەوساتە وەختە مێژووییە سەر بە نەوە نوێیەكە بوون، ئیدی‌ لێرەوە دەبینین ئەو نەوە نوێیەی‌ كە خۆیان جڵەوی‌ شۆڕشێكیان كردووە، ، ئێستا بەپێچەوانەی‌ مێژووی خۆیان  لەبەردەم قەڵەمڕەوییەكانی‌ نەوەی‌ نوێی ناو یەكێتی‌‌و كوردستان بوونە بەربەست‌و  بەپێچەوانەی‌ دوێنێی خۆیان لەبەردەم خواست‌و خەونەكانی‌ ئێمە وەستاون.

‎توڕەیی نەوەی‌ ئێمە تەنێ پەیوەست نییە بەوەی‌ لە كایەی‌ حزب‌و ئۆرگانە سیاسییەكانی‌ ناوخۆ فەرامۆش دەكرێین‌و پشت لە تواناكانی‌ ئێمە دەكرێت، بەڵكو پەیوەستە بەوەی‌ كە جومگە بنەڕەتییەكانی‌ كۆمەڵگاش جارێكی‌ تر رادەستی‌ نەوە دێرینەكە دەكرێتەوە، ئەوەش ئەو خەمە قوڵەیە، كە ئیدی‌ لەپەنای‌ باڵادەستی‌ ئەو فۆڕمە لە ئەزمووندارە سیاسیەكان رێگانادرێت كە جریوەی‌ نوێ لەناو گۆڕەپانی‌ حوكمڕانی‌‌و دروستكردنی‌ بڕیاری سیاسی رۆڵ ببینن، ئاخر خۆ لە چەند ساڵی‌ رابردوو، ئەوانەی‌ ترۆپكی‌ حوكمڕانیان لەدەست بووە، ئەوانەی‌ جڵەوی‌ دەسەڵات‌و بڕیاری سیاسیان كەوتۆتە دەست، شكست لەدوای‌ شكست‌و نشوستی‌ لەدوای‌ نشوستیان تۆماركردووەو لەپای‌ ئەو فۆڕمە شكستخواردووەش نەك هەر دەرفەتیان بە گەنجان‌و نەوە نوێیەكە نەداوە، بەڵكو لەرێگەی‌ داتاشینی‌ پاساوی‌ دۆخ‌و فاكتەرە بابەتییەكان خۆیان لە پرسە سەرەكییەكە دزیوەتەوە، ئەوەش ئەو خەم‌و خەوشەیە كە دەبێت نەوە دێرینەكە پێیدا بچنەوە.

‎لەراستیدا ئێستا لەسەر ئاستەكانی‌ حزبی‌و حكومی‌، جۆرێك لە جۆرەكانی‌ جیاكاریی پەیڕەو دەكرێت، ئەزموونكردنی‌ ئەو فۆڕمە لە دڵڕەقیە لەبەرامبەر نەوەی‌ ئێمە، خەوشەو ئەگەر چارەسەر نەكرێت، بەدڵنیاییەوە، نەوەی‌ نوێ بەپێچەوانەی‌ چاوەڕوانییەكانەوە چیتر نایانەوێت‌و بەرگەی‌ ئەو سیاسەتە قۆرخكاری‌و پاوانخوازییەش ناگرن، بەدڵنیاییشەوە ئەگەر سیاسەت‌و حزب لەسایەی‌ ئەو توڕەبوون‌و تەكینەوە بمێنێتەوە، چیتر هێزەكان‌و لەناویشیاندا یەكێتی‌، بەرگەی‌ مانەوە ناگرن، لەبەرئەوەشە تكایە، لەبەر نەوەكەی‌ ئێمە نا، بەڵكو لەپێناو خۆتان، هەمووی‌ بۆ خۆتان قۆرغ مەكەن‌و دەرفەتێكیش بدەنە ئێمە، تا لەگەڵ مێژووی‌ خۆتان راست بڵێن.

ئاری عومەر 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە