لە شکستی بڕیارلە ئەنجومەنێکەوە بۆ سەرکەوتنی بڕیارلە حکومەتێکدا

09/07/2019

د. ئاسۆ فەرەیدون

لە ١٩ ی ئابی ٢٠١٦ دا ، بەپێ ی ڕێکەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان . ساڵ و هەشت مانگەکەی ماوەی پارێزگاربوونی یەکێتی کۆتایی هات . وەک ئیلتزامێکی ئەخلاقی و سیاسی ، ئێمە داوای ئیعفای خۆمان کرد لە پۆستی پارێزگار . بۆ ساڵ و هەشت مانگی دووەم ڕادەستی بزوتنەوەی گۆڕانمان کرد . لە بەرانبەردا گۆڕانیش سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دا بە یەکێتی . 

یەکێتی لەسەر بڕیاری دیاریکردنی سەرۆکێک بۆ ئەنجومەنەکە ، توشی قەیران و تەقینەوەیەکی ناوخۆیی گەورەبوو . بڕیاری حیزب بوو بەدوو کەرتەوە . کەرتێکیان لە ١ی ٩ ی ٢٠١٦ دا بە نۆ خاڵ ، خۆی وەک ناوەندی بڕیار ڕاگەیاند . ڕاگەیاندنی ئەو ناوەندە لەپاش شکستی بڕیاری سپاردنی سەرۆکایەتی ئەنجومەن بوو بە کاندیدەکەی ئەوان . تەقینەوە گەورەکەش لەوێوە دەستی پێکرد .

لەدوای سێ ساڵ بەسەر ئەو تەقینەوەیەدا ، چەند ڕووداوێکی گەورە تر، لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا کەوتەوە کە ئەمڕۆ لەبری ناوەندی بڕیار لەناو یەکێتی دا ، بڕیارەکان هێزی بڕیاری بۆ دروست بووە . 
کۆچی دوایی کاک نەوشیروان مستەفا کە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە ڕاگرتنی تەوازنی نێوان هەردوو کەرتەکەی ناو یەکێتی هەبوو . هەروەها بەرکەوتەکانی ڕیفراندۆم ، کە ناوەندی بڕیار لایەنگر و داینەمۆکەی بەشە یەکێتیەکەی ڕیفراندۆم بوون وەک لە خاڵی ٨ و ٩ ی ڕاگەیاندنی ناوەندەکەدا ئاماژەی پێکرابوو، مەرجێکی سەرەکی بەیەکێتی بوون بوو . 

دواتر کۆچی دوایی مام جەلال ، گۆڕانکاری گەورەی بەسەر چۆنیەتی دروستکردنی بڕیاری لەناو یەکێتیدا هێنا . 
دەستەی ناوناوەند و دەرەوەی ناوەند پێکهاتنەوە لەسەر ئەوەی هیچیان ناوەندی بڕیاری نەبن . ئیتر ناوەندی بڕیاری وەک ڕەوتێک لەناو یەکێتیدا خامۆش کرایەوە ، بەڵام بڕیارەکان ، ناوەندێکی لە شکڵێکی تردا بۆ دروست بوو . خۆشحاڵانە لە دیاریکردنی کاندیدەکانی پۆستە وەزاریەکانی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمدا و بڕیاری یەکلاکردنەوەی پۆستەکان قەبارە و قورسایی ئەو ناوەندە دەرکەوت . ئەوەش هەنگاوێکی باش و ئەرێنیە بەرەو داڕشتنەوەی سیاسەتی یەکێتی کە لەبێ بڕیاریدا توشی بێ ئامانجی ببوو . چونکە لەنەبوونی بڕیاردا ،یەکێتی ئامانجی لێ بزر بووە . لەپاش سێ ساڵ لە شکستی دروستکردنی بڕیارێک بۆ دیاریکردنی سەرۆک ئەنجومەنێک ، ئێستا یەکێتی ناوەندێکی بەهێزی تیادا پەیدابووە بۆ بڕیاردان لە دیاریکردنی حکومەتێک . بۆیە ئەم سەرەتایە شایەنی ئیستکردن و بایەخە . دەکرێت یەکێتی پێ بگەڕێتەوە بۆ حیزبی دروستکردنی بڕیار .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی