چركەیەك لەكات چییە و چەندە؟

10/07/2019

لوقمان حەوێز

دەزانم، زۆربەمان نەوەكو نرخی چركەیەك، بەڵكو ڕۆژێك و مانگێك و هەتا ساڵێكیش بەهەند وەرناگرین، بەڵام كۆكراوەی كاتی ژیانی هەریەكەمان لە ژمارەیەكی زۆر‌سنوردار و بەبەراورد كەمیش لەچركە پێكهاتووە...

كات بۆ ئێمەی مرۆڤ هەر لەكۆنەوە بەشەوەكان و ڕۆژەكان پێوانەكراوە، بەكورتی خولانەوەی گۆی زەوی بەدەوری خۆیدا و بەدەوری خۆر گۆڕانی بەردەوامی شەو و ڕۆژ و وەرزەكانی دروستكردووە لەسەر ڕووی زەوی، بۆ مرۆڤەكان ئەوە كات بووە، دوای دەركەوتنی شارستانی و ژماردن و چاودێریكردنی ڕۆژەكان و شەوەكان توانراوە بزانرێت چوار وەرزەكە بەیەكەوە واتە ساڵێك چەند ڕۆژە، دوایی كاتژمێری خۆری داهێنراوە لەسەر بنەمای گۆڕانی شوێنی خۆر لەكاتی ڕۆژدا و پێوانەكردنی جولانەوەی سێبەرەكان، هەروەها كاتژمێری لمی داهێنراوە، بەڵام هیچ یەكێك لەمانە زۆر ورد و دروست نەبوون لە پێوانەكردنی كات...

لەسەرەتای سەدەی چواردەهەم یەكەم كاتژمێری میكانیكی لە ئەوروپا دروستكرا، دواتر لەساڵی 1656 یەكەم كاتژمێری میكانیكی دروستكرا كە پەندۆڵی تێدابوو و وردتر بوو، تا ساڵانی سیەكانی سەدەی بیستەم ئەو كاتژمێرە میكانیكیانە كە هەڵەیان تێدەكەوت باوبوون، لەدوای سیەكانی ئەو سەدەیە كاتژمێری كوارتز داهێنرا كە بەبەراورد زۆر وردتر بوون، بەڵام لەدوای جەنگی جیهانی دووەم بەهۆی پێشكەوتنی ئامێرەكان لەجۆری پێوەرە ئەلیكترۆنیەكان توانرا كاتژمێری ئەتۆمی دابهێنرێت كە زۆر زۆر وردە لەپێوانەكردنی كات...

لەگەڵ ئەوەی لەسەردەمی بابلیەكانەوە شەو و ڕۆژ دابەشكرا بەسەر 24 كاتژمێر ، هەر كاتژمێرێك بۆ 60 خولەك، خولەكێكیش بۆ 60 چركە، بەڵام لەڕاستیدا تاوەكو سەدەی بیستەم پێناسەیەكی زانستیمان نەبووە بۆ چركەیەك، بە وردی پێناسەی زانستی چركەیەك لەكات لە ئێستادا بریتیە لەو كاتەی كەتیایدا 9192631770 لەرەرەر لەتیشكدانەوە ڕوودەدات لە دوو ئاستی جیاواز لە ووزە لە گەردیلەی توخمی سیزیۆم، لەسەر ئەم بنەمایەش یەكەمجار لەساڵی 1955 كاتژمێری ئەتۆمی دروستكرا، ئەم پێوانەیە ئەوەندە وردە لە 300 ساڵدا كەمتر لەچركەیەك هەڵەی تێدەكەوێت، بەڵام ئێستا كاتژمێری ئەتۆمی ئەوەندە وردتر دروستكراوە بۆ پێوانەی كات كە وردیەكەی سێ سەدهەزار جار زیاترە لەپێوانەی تیشكدانەوەی گەردیلەی سیزیۆم، بەجۆرێك لەوانەیە زەوی لەخولانەوە بەدەوری خۆیدا هەندێك خاوبێتەوە بەڵام ئەو كاتژمێرانە هێشتا هەڵەیەكی ئەوتۆیان تێنەكەوتووە، بۆیە دەبێت ڕاستكردنەوە تیایاندا ئەنجامبدرێت...

بەم دواییەش دەزگای نەتەوەیی ستاندەرەكان و تەكنەلۆژیا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا NIST كاتژمێرێكی ئەتۆمی نوێی دروستكردووە پێی دەووترێت NIST-F2 كە لەشاری بۆڵدەر لەویلایەتی كۆلۆڕادۆیە، ئەوەندە وردە لەوانەیە دوای تێپەڕبوونی سەد ملیۆن ساڵ ئینجا تەنیا ئەگەری ئەوە هەیە یەك چركە هەڵەی تێدا دروستبێت! 

دەبێت ئەوانەی گومان لە پێشكەوتنی زانستی بێ وێنەی مرۆڤ یان پشكنیەكانی ئاسمان لە ئەمڕۆدا دەكەن بۆ ئەمە چی بڵێن؟

لەكۆتاییدا دەڵێم با كات بەگشتی، هەتا چركەیەكیش بەهەند وەربگرین و زیاتر نرخی بزانین، بیرتان نەچێت ئەگەر 80 ساڵ بژیین ئینجا تەمەنمان دەكاتە نزیكەی دوو ملیار و پێنج سەد و بیست و چوار ملیۆن چركە، ئەمەش بە پێوەرە گەردوونیەكان بێت زۆر كەمە، بەتایبەتی ئەگەر نرخی نەزانین، لەوانەشە لە ئێستادا بۆ گەلێك لە ئێمە نیوەی ئەو كاتەش تێپەڕیبێت!

لوقمان حەوێز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی