سەروەرییەكی دیكەی شاری سلێمانی

10/07/2019

حەمە ڕەشید

لە زۆربەی وڵات‌و ناوچە‌و هەرێمەكانی ئەم جیهانەدا، شارێك یا دەڤەرێكی یاخی ‌و سەركەش هەیە كە بە سانایی دەستەمۆ ناكرێ‌‌و هەمیشە دەبێتە سەرقافڵەی پرۆسەی گۆڕان‌و چاكسازی‌و ماف‌و ئازادییەكان، لە هەمان كاتدا سەرئێشە‌و نائارامی‌و دڵەڕاوكێ بۆ رژێمە ستەمگەرو تۆتالیتارەكان دروست دەكات‌و لە دووماهیشدا بە شێوەیەك لە شێوەكان كۆتایی بە دەسەڵاتیان دەهێنێت. هەر لەم روانگەیەشەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا، یەكێك لە سوڵتانەكان، ئۆردوگان، سەرۆكی توركیا، زیندوویی رۆحی شاری سلێمانی هێندە گوشاری خستبووە سەر دڵ و دەروونی كە نەیتوانی ناوی ئەم شارە نەهێنێت، توڕەیی‌و بێزاری خۆی بەرامبەر بەم شارە زیندووە ‌و پڕ لە ژیانە بشارێتەوە‌و تەنانەت بە سەرچاوەی كێشەكانی ناو توركیاشی نەزانێت.

شتێكی ئاساییە كەسە ستەمگەرو زۆردارو سوڵتان‌و تۆتالیتارەكان، بۆ ئەوەی نەزانی‌و بێتوانایی خۆیان پەردەپۆش بكەن، هەمیشە شكست‌و گەمژەی خۆیان دەدەنە پاڵا كەس‌و لایەن‌و شارو وڵاتێك، بێگومان ئۆردوگانیش لەم هاوكێشەیە بەدەر نیە، بۆیە كاتێك رۆحی سۆڵتانیزمی ئۆردوگان رێگەی پێنادات پرس‌و كێشە‌و ئاریشەكان وەك خۆی ببینێت‌و چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزێتەوە، توركیا‌و كورد‌و تورك لە ماڵوێرانی‌و دەیان نەخۆشی دەروونی بە دوور بگرێت، پەنا بۆ دروستكردنی دوژمنێك دەبات كە لەم دۆخەیدا سلێمانی باشترین بژاردەی دەبێت.

ئۆردوگان، دوای ئەو هەمو ساڵە لە حوكمڕانی‌و بەكارهێنانی هێز، لە جیاتی ئەوەی پەی بەوە بەرێت نە خۆی‌و نە ئەوانەی پێش خۆی نەیانتوانیوە كێشە‌و ئاریشە‌و پرسی كورد لە رێگەی هێز‌و دەزگا داپڵۆسینەرەكانییەوە چارەسەر بكەن، كەچی پەنای بۆ داتاشینی دوژمنێك بردوە تا ئوباڵی شكستەكەی بخاتە ئەستۆی ئەو دوژمنە داتاشراوە. 

سلێمانی ئەو شارەیە گەر هەر دەسەڵات‌و حكومەت‌و حیزب‌و رێكخراوێك نەتوانێت لەگەڵیدا بڕوات‌و پێچەوانەی رۆحە زیندووەكەی هەنگاوی بنێت، ئەوا ئەم شارە ئافەروزی دەكات‌و بەقەد گەورەی خۆی، لایەنی بەرامبەری بچوك دەكاتەوە، گەر تەماشای مێژووی ئەم شارە بكەیت كە مێژوویەكی زۆر كۆنیشی نیە، دەبینین ئەوەی پێچەوانەی رۆحە گەورەكەی ئەم شارە هەنگاوی نابێنێت، خۆی بچوك بۆتەوە، پارتی‌و حیزبی كۆمۆنیست بە نمونە، لە ئێستاشدا گەر یەكێتی‌و گۆڕان فریای خۆیان نەكەون، هەمان چارەنوسی پارتی‌و حیزبی كۆمۆنیست چاوەرێیان دەكات، بۆیە لە خۆڕانیە ئۆردوگانیش زیندووێتی سلێمانی بە دوژمنی خۆی‌و دەسەڵاتەكەی بزانێت.

شاری سلێمانی بە ئەندازەی رۆحە شۆڕشگێرو شەركەش ‌و بزێو ‌و قۆشمە‌و نوكتەبازییەكەی، دڵێكی گەورەی هەیە ‌و هەمو كەس‌و لایەنێك لە خۆدەگرێ‌، ئیدی چی كوردی باشور بێت یا پارچەكانی دی، هەروەها شوێنی داڵدەدانی شۆڕشگێرانی ناوچەكەش بووە، رۆحی یاخیبوون‌و نارەزایی ‌و شۆڕش‌و ریفۆرم‌و خوشنودیش هەر لەم شارەوە بۆ شارەكانی دی چووە، بۆیە لە خۆڕانیە سەدام‌و ئەوانەی پێش سەدام رقیان لەم شارە بوە، لە ئێستاشدا ئۆردوگان‌و دەست‌وپێوەندە ناوخۆكەی رقێكی زۆریان لەم شارە هەڵگرتوە، چونكە هەمیشە نەمان‌و گۆڕی خۆیان لە زیندووبوونی ئەم شارە‌و هاوتاكانیدا دەبیننەوە. 

حەمە ڕەشید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی