كابینەیەك بەبێ ئیسلامی سیاسی

11/07/2019

شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

بەوپێیەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم دیسان بە سەرۆكایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان پێكهێندرا، بۆیە دەتوانین بڵێین كابینەكەی كاك مەسرور بارزانی لە زۆر رەهەندەوە درێژەپێدەر دروستتر هەوڵی پتەوتركردنی كارەكانی كابینەكەی كاك نێچیرڤان بارزانی دەدات، ئاخر ئەوەی پارتی لە حیزبەكانی دیكە جیا دەكاتەوە، پاڵپشتیكردنی یەكترە لەناو پارتیدا، بۆ نموونە ئەو گۆڕانكارییەی لە پڕكردنەوەی پۆستە باڵاكانی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت و پەرلەماندا كران، هیچ كەس لەناو پارتی بە كودەتایان نازانێت و بە پێچەوانەوە هەموو لایەك خۆی بە خاوەنی گۆڕانكاری و پۆستەكان دەزانێت، ئاخر ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە لە پاریس و هەولێر روویاندا، سەركەوتنی دیپلۆماسییەتی پارتی بوون، لەلایەك لە ئاستی باڵا لە كۆشكی ئەلیزێ پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی كرا و لە هەولێریش دوای زیاتر لە هەشت مانگی ئاڵۆز و پڕ لە گومان و دوودڵی، پارتی توانی كابینەكە دروستبكات، لە كاتێكدا زۆر لایەن ویستیان لەو ماوەیەی لەپێش كاك مەسرور دابوو ، نەتوانێت حكوومەت دروستبكات، بۆ ئەوەی توانجی تێبگرن، بەڵام توانی و حكوومەتیش دەستیبەكارەكانی كرد، تەنانەت بەیاننامەشی سەبارەت بە بۆردوومانەكانی ئێران دەركرد.

وێڕای ئەوەی سەرۆكوەزیرانی پێشوو و ئێستا لە تێڕوانینیان بۆ هەندێ شت، دەكرێ بڵێین جیاواز بیر دەكەنەوە یان بەو شێوەیە ناسراون كە سەرۆكوەزیرانی پێشوو هەوڵی دەدا هەموو لایەنه سیاسییەكان كۆبكاتەوە تا تەبایی دروستبێت، كەچی لایەنە بەناو ئۆپۆزسیۆنەكان و هاوفیكرەكانیان، ئەو هەوڵەی كاك نێچیرڤانیان ئیستغلال كرد، بەوەی دانی بەیانیان خەریكی وەرگرتنی مووچە و دەوامی حكوومەت بوون، ئێوارانیش بەردیان دەگرتە حكوومەت، ئەمەش باری حكوومەتی یەكجار قورستر كرد، بەڵام پێشبینی دەكرێت، سەرۆكوەزیرانی ئێستا ئەوە لە حیزبەكان قبووڵ نەكات، بەوەی ئەزموونی پێش خۆی دەبینێت كە ئەو حیزبانەی بەناو ئۆپۆزسیۆنبوون، لەپێناوی خۆیاندا ئامادەبوون هەموو شت بكەن بە ڕووخاندنی حكوومەتیشەوە، ئاخر حیزبی وا هەبوو، لەناو حكوومەتدا بوو، كەچی دەیگوت ئێمە ئۆپۆزسیۆنین، ئەمەش بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵك و دەستكوتی حیزبی بوو، ئەگینا لە دونیادا ئەو حیزبانەی لە حكوومەتدان، لە شكست و سەركەوتن، خۆیان نادزنەوە و دەستكەوتەكانیش هەمووی ناكەن بە هی خۆیان، چونكە ڕۆحیەتی تیمیان تێدایە.

ئیسلامی سیاسیی كوردی بە هەموو شێوەیەك پاشكۆی دەرەكین و خاوەنی گوتاری نەتەوەیی نین، بۆیە هەر كاتێكیش كە لە حكوومەتدا بوونە، هێندەی لە خەمی قودس و غەززە و مورسی و ئیخوان و ئەقسا و كاری بانگخوازیدا بوونە، نیو هێندە لە خەمی دۆزی كورددا نەبوونە، ئێستاش كۆمەڵ نەیگوت داعش تیرۆریستە! لەبەر ئەوەی داعش و كۆمەڵ تەواوكەری فیكری و ئەجێندای یەكترین، هەر كاتیش داعش سەركەوتووبایە، كۆمەڵ ئاڵای داعشی لەسەر بارەگاكانی هەڵدەكرد، ئەمە خەیاڵ و تۆمەت نییە، هەم كۆمەڵ و هەمیش داعش، سۆزیان بۆ یەك دەجوڵێت، لەبەر ئەوەی یەك ئامانجی دیاریكراویان هەیە، بۆیە بەردەوام كۆمەڵ و ئیسلامی سیاسی بۆ جەستەی حكوومەت پەتابوونە و هەوڵیانداوە ئەو پۆستانەی بەریشیانكەوتووە، بۆ فریودانی خەڵك بەكاریان بێنن، چش لە خەڵك بدات.

كاك نێچیرڤان هەمیشە زیانی كردووە لەوەی ئیسلامی سیاسی لە كابینەكانیدا بەشدار بوونە، بەڵكوو بە ژیانی بارسووكی نەبوونە، بە پێچەوانەوە هەردەم كێشەیان بۆی دروستكردووە و هەرگیز خۆیان بە خاوەنی حكوومەتیش نەزانیوە، بەڵكوو لە پەنا و لەژێر چەتری حكوومەتدا خۆیان مەلاسداوە تا زەڕبە لە حكوومەت بدەن، گوایە حكوومەتێكی سێكۆلارە! بە تێگەیشتنی من، كاك مەسرور چانسی هەیە لەوەی هیچ حیزبێكی ئیسلامی لە كابینەكەی بەشدار نییە، ئاخر چەندە خێریان بۆ كابینەكانی زوو هەبوو، هەر ئەوەندەشیان بۆ ئەوەی ئێستا دەبوو، دروستتر دەبوونە سەرئێشەیەكیش نەبڕێتەوە.

ئەسڵەن لە ئێستادا ناوبانگی ئیسلامی سیاسی نەك هەر باش نییە، بەڵكوو جێی مەترسیشن و زۆربەی جارەكان تۆمەتی تیرۆر و توندڕەویشیان دەدرێتە پاڵ، ئێ خۆ ئەمە بوختان نییە، ئەقسا بە هەموو كوردستان ناگۆڕنەوە و لای ئەوان قودس سەد هێندی هەولێر و سلێمانی و ئامەد پیرۆز و خۆشەویستە، ئاخر ڕەگی كۆیلایەتی لە ناخیاندا چەكەرەی كردووە.

هەرگیز ناتوانم بڵێم ئەوە كابینەیە هەموو كێشەكان چارەسەر دەكات، ئەوە ئیشی من نییە و چارەسەری كێشەكانیش ئاسان نییە، بەڵام زەحمەتیش نییە، سرووشتی حكوومەتەكانی دونیا وایە، كە ئاڵوگۆڕیان تێدا روودەدات، حكوومەتی پێشوو، هەندێ كێشە و دیان دەستكەوتیش بۆ ئەوەی دوای خۆی جێدەهێڵێت، چونكە حكوومەت دامەزراوەیەكە ئیشوكاری لەگەڵ كۆمەڵگەدایە و كۆمەڵگەش بەردەوام لە گۆڕانكاریدایە. بەڵام نەبوونی ئیسلامی سیاسی لەو كابینەیەی هەرێمی كوردستان، زۆر گرنگە، ڕەنگە ئەو بۆچوونە نەختێك لەگەڵ بنەماكانی دیموكراسی یەك نەگرێتەوە، بەڵام كاتێك ئیسلامی سیاسی هەوڵی فەوزا دەدات، لاوازكردنیان ئەرك و ستراتیژیەتە و دەبێ سەرجەم حیزبە عەلمانی و نەتەوەییەكان، حیزبگەلی ئیسلامی لاواز بكەن، بەبێ توندوتیژی و پەنابردنە بەر گوشاری سیاسی، چونكە لاوازكردنی ئیسلامی سیاسی دەكرێ بە چەكی دیموكراسیش بێت، وەك ئەوەی ئێستا حكوومەتی هەرێم یەك حیزبی ئیسلامی بەشدار پێنەكرد، ئێ تۆ كە حیزبی یەكەمی پەرلەمانی، مافی پێكهێنانی حكوومەت و هەڵبژاردنی فراكسیۆنە جیاوازەكانت هەیە تا حكوومەتیان لەگەڵدا دروست بكەیت، كاتێكیش بەشداری بە هەر حیزبێك ناكەیت، ئەمە تەواو دژی دیموكراسی نییە و بەرژەوەندی كۆمەڵگە وا دەخوازێت.

شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی