كارنامەی حكومەتەكەی مەسرور بارزانی و ئەزموونی وڵاتان

كارنامەی حكومەتەكەی مەسرور بارزانی و ئەزموونی وڵاتان

رەعد رەفعەت


421 جار خوێندراوه‌ته‌وه

جیاواز لە گوتاری حكومەتەكانی پیشوو مەسرور بارزانی داكۆكی لەوەی كرد كە گەندەڵی نەبۆتە كەلتور لە كۆمەڵگەی كوردەواری وئەوەش خاڵێكی ئیجابیە وبۆیه بواری ڕووبەڕووبوونەوەی ھەیە .

لە ڕۆژی چوارشەممە ١٠ ی تەمووزی ٢٠١٩، لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە ڕاگەیاندنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، حوكمەتی ھەرێم چەند بەڵێنێكی وەكو مزگێنی بەخشییە خەڵكی كوردستان. نووسراوێكی ئینشائیی لە چەند وەرقەكەیەك كە ٢١١٨ وشە بوو ناوی نابوو ھێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ، بێ ئەوەی جارێكی دیكە نە حوكمەت و نە پەرلەمانیش دەستكاری بكەنەوە، یان لێپیچانەوەی بۆ بكەن، لە كاتێكدا كارنامەی حكومەت لەلایەن ئەو حزبانەی كە كابینەكە پێكدەھێنن گرنگییەكی زۆری پێدەدرێت رەنگدانەوەی بەرنامەی ھەڵبژاردنەكانیان دەبێت، كارنامەی حكومەت دەبێت بۆ ماوەی ئەو چوار ساڵەی حوكمڕانیكردنی كابینەكە بێت و گرنگی بدات بە چەند سێكتەر و بوارێك. دەبێت پلانی وردی جێبەجێكردنی ئامانجەكان لەخۆ بگرێت نەك تەنھا چەند بەڵێنێكی كاربۆنەكراو بێت.

بۆیە دەبینین ووڵاتان لە كارنامەی حكومەتەكەیان گشت ووردەكاری سێكتەرەكانی ئامانجی حكومەت دیاری دەكەن، كارنامەی حكومەتی بەحرەین ٥٨ لاپەرەیە، ئوردەن ٩٠ لاپەڕەیە، كابینەكەی ڕحمد داود ئۆغلۆ گەیشتە (١٨٩) لاپەڕە.

نمونە لەبەراوردی كارنامە: سێكتەری (تەندروستی) ھەرێم بەراورد لەگەڵ كارنامەی حكومەتی ئوردن و كوێت وەردەگرین، لە كارنامەكە بەچەند دێرێك وا ھاتووە: (كاردەكەین بۆ باشتركردنی كەرتی تەندروستیی گشتی و گەیاندنی خزمەتێكی باشتری تەندروستی بە ھاوڵاتیان و ھەوڵی جێگیركردنی سیستەمی بیمە یا خود دڵنییایی تەندروستی بە پێی پێوەری گونجاو بۆ دۆخی ھەرێمی كوردستان دەدەین. ھەروەھا كار دەكەین بۆ پێشكەشكردنی ڕەشنووسی یاسای مافی نەخۆش و رێكخستنەوەی ماف و ئەركی پزیشكان بۆ پاراستنیان لە ھەر دەستدرێژییەك.)… بابزانین كارنامەی حكومەتی ئوردونی بۆ كەرتی تەندروستی بۆ ساڵانی (٢٠١٢ تاكو ٢٠١٦) چۆن ھاتوە: دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی چەند نەخۆشخانەیەك –كە ژمارەیان (١٠) دانەیە و ناو و شوێنی دروستكردنیان بە تێروتەسەلی ھاتووە لەكارنامەی حكومەتی ئوردون- بەجۆرێك بۆ ھەر (١٠٠٠٠) ھاوڵاتی (١٨) قەروێلە و بۆ (١٠٠٠٠) ھاوڵاتی (٢٦) پزیشكی پسپۆر. ھەرچی كارنامەی حكومەتی كوێتی بۆ كەرتی تەندروستی بۆ ساڵانی (٢٠١٣ تاكو ٢٠١٧): قەروێڵەی نەخۆشخانەكان زیاد دەكات لە (٧٩٩٠) بۆ (١١٤٣٩)، زیادكردنی سەنتەرەكانی پزیشكی لە (١٠١) بۆ (١٢٥)، باشتركردن و پەرەپێدانی خزمەتگوزاریە پزیشكیەكان، بەرزكردنەوەی ئاستی كادیری پزیشكی، پێكھێنانی سەنتەرێكی ھەرێمی بۆ نەخۆشیە درێژخایەنە نەگواستراوەكان…ئاوا حكومەتایەتیەو پەرلەمانیش ئاوا دەتوانێ لێپێچانەوە بكات .

بۆیە لە ژێر رۆشنایی ئەو راستیانەی سەروە پێویستە بگوترێ:
یەكەم: كارنامەی كابینەی ھەشتەم تەنھا یەك لاپەڕە بوو” بەڵام كابینەی نۆیەم لە ھەشت لاپەرەدا باسكراوە.

دووەم: فەرامۆشكردنی منداڵ وھەرزەكار ومافەكانیان لە كارنامەكە، ھەروەھا فەرامۆشكردنی باسكردن لە سێكتەر وتەوەرە گرنگەكانی وەزارەتی ئەوقاف؛ ئەوە لەكاتێكدایە كە وەزیرەكەی سوێندی یاساییشی خواردوە.

سێیەم: ھۆكاری ئەو جۆرە كارنامەی حكومەتە دەگەرێتەوە بۆ زیرەكی وئەزمونی حزبی دەسەڵات لە فریودان ونەشارەزایی حزبەكانی بەشداربوو لە حكومەت، ئەمە روویەكی، رووەكەی تری دەگەرێتەوە بۆ خولیا وتوێنویەتی حزبەكان بۆ پۆست وپارە وئیمتیازاتی دەسەڵات، كە وایان لێھات دەنگ ومتمانە بە حكومەتێك بدەن كە كارنامەكەی رەنگدانەوەی واقعی وزانستی قۆناغی ئێستای كوردستان نەبێت، بەڵكو تەنھا بەرنامەیەكی پڕ لە بەڵێنی رۆژنامەوانی بێت بۆ ھەر كات وشوێنێك بگونجێت.

چوارەم: رۆڵی سەلبی ولاوازی ئەندامانی پەرلەمان زۆر بەئاشكرا رەنگی داوەتەوە لەو كارنامەی حكومەتە، لە چەپلە لێدانەكانیەوە..، چونكە پەرلەمان لەكاتی پێكھێنانی ھەر حكومەتێكی نوێ، بە پلەی یەكەم متمانە دەدات بە بەرنامەو كارنامەی حكومەت پاشان متمانە دەدات بە وەزیرەكانی كابینەكە ، بەڵام بەداخەوە ئیتفاقی حزبی بۆ پێكھێنانی حكومەتێكی بنكە فراوان چاوی ئەندامانی پەرلەمانی كەم بین كرد لەو راستیەو بنیاتنانی ژێرخانی كوردستان وخزمەتگوزاری وریشە كێشكردنی گەندەڵی و…ھتد كە ھەموو ئەوتەوەرانە بوون بە بابەتی لاوەكی بەرامبەر بە ئیستحقاقی ئینتخابی.

پێنجەم: پێویستە پسپۆران ورۆژنامەنوسان وچاڵاكوانان ورێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ومیدیا ئازادەكان و…ھتد رۆڵی مێژووی خۆیان ببینن لە چاودێری وراستكردنەوەی ھەڵە جەرگبڕەكانی ئەو كابینەیەو پەرلەمانەكەی.
بۆیە دواجار ئەگەر ھەر حكومەتێك خاوەن پرۆژەی ستراتیژی نوسراو نەبێت بە داتا وئامار كە سەقفی زەمەنی ھەبێ بۆ چوارچێوەی كارەكانی و ھەروەھا جێ بەجێ كردنی بەڵێنەكانی, ئەمە راستیەك پیشان دەدات كە لەو وڵاتە دامازراوەی بەھێز و ستراتیژیەتی روون بونی نیە، ئەو سیاسەتە خۆشی لەپێناو خۆشاردنەوەیە لە بەدامەزراوەیی كردن، حكومەت ھیچ بەڵێنێكی چوارچێوەدار پێشكەش ناكات تا لەسەر ئەو بنچینەیە خەڵك و پەرلەمان لێپێچینەوەی لەگەڵ بكات، ھەر ئەو خاڵەشە بەرەنجامی شكستی حوكمڕانی كوردیە لە رابردوو.

رەعد رەفعەت




ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved