بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.. خواستەكەی مەسرور بارزانی

13/07/2019

سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی

دروشمی چاكسازی و ڕووبەرووبوونەوەی گەندەڵی، كە لە لایەن سەرۆكی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان هەڵگیراوە، تەنها لە ئاست دزە بچووكەكان دەنگی دلێرەو ناتوانێت دەستی هەموو گەندەڵكارێك ببڕێت، بۆیە ئەو هەوڵەی چاكسازی بەشێكی زۆری تەنها لە چوارچێوەی دروشم دەمێنێتەوە، ئەمەش بۆ كۆمەڵێك فاكتەر دەگەڕێتەوە.

بەر لە هەموو شتێك خودی مەسرور بارزانی خاوەنی یەكێك لە گەورەترین گروپی كۆمپانیاكانی هەرێمە بە ناوی " ستێر گروپ" ، كە ئەو گروپە توانیویەتی لە مەجالی ( نەوت و مقاولات و نیشتەجێبوون و مۆبایل و ئەلیكترۆنیات... هتد) ، شان بەشانی گروپی كۆمپانیاكانی صەلاحەدینی نێچیرڤان بارزانی قۆرغی بازار بكات.

لە هەمانكاتیشدا خاوەنی زانكۆیی ئەمەریكی و دەزگای خێرخوازی و میدیایی گەورەیە، هەربۆیەش ئەو بەرژەوەندیە گەورانەی كە هەیەتی ناتوانێت شمشێرەكەی بە هەموو كەس بوەشێنێت، ناشتوانێت وەكو محمد بن سەلمان هەموو دەوروبەرەكەی بخاتە بەندیخانە.

ئەگەر سەرۆكی حكومەت توانی لێكۆڵێنەوە لە قاسەكەی پارتی كە حەمید علی، بەرێوبەری گشتیی گومرگی ئیبراهیم خەلیل و كۆمپانیایی بەرپرسانی حزبەكان بكات، ئەوكات دەتوانرێ ناوی كەسێكی ئازای لێبنرێ لە ڕووبەرووبوونەوەی گەندەڵیدا، بەڵام پێشبینیی دەكرێت ئاستی چاكسازی و ڕاوەدونانی گەندەڵكاران لە لایەن ناوبراو، لەسەر ئاستی بەرپرسان وەكو( وەزیرو بریكاری وەزیرو بەڕێوبەرە گشتییەكان) و رێگرتنی زیاتر لە بە هەدەردانی پارەی زیاتری دەوڵەت بێت، بەوپێیەی ناوبراو هەم سەرۆكی حكومەتەو هەم كەسێكی ئەمنیەو ڕەنگە پاڵپشی بارزانی باوكیش هاوكاربێت بۆ ڕووبەرووبوونەوەی بەشێك لە گەندەڵكارانی لەسەر ئاستی خوارەوە، بەڵام هەرگیز ناتوانێت موعجیزە دروستبكات، وەك ئەوەی هەندێ كەس لەوبارەیەوە تووشی وەهم بوون، چونكە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەرێگەی یاساوە دەیان خەڵك بە ناشەرعی و نا یاسایی لە پەنای یاساوە بۆتە شت، ئەستەمە وا بە ئاسانی ڕابگیرێن، جگە لەوەی لەماوەی ڕابردووش یاساش لە بەرژەوەندی ئەوان دەركراوە.

پارتی لە سنووری ناوچەكانی خۆی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو، ئیجرائاتی لەگەڵ زۆر بەرپرس كردووەو توانیویەتی بیانشكێنێت، بەبێ ئەوەی بیداتە میدیا، بۆ ئەمەش دەیان نمونە هەن لەوانە (ڕەشید تاهیرو فازل نەبی و نەجات باپیرو ژمارەیەك كەسی دیكە لەم دوایەدا كە تاوەكو ئێستا كاركردن لە دۆسییەكانیان ماون)، بەڵام سەرۆكی حكومەت ناتوانێت لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە ئەو كارەبكات، چونكە ئەزموونی لیژنەكانی چاكسازی ڕووبەرووبوونەوەی گەندەڵی لە لایەن حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم، لەماوەی ساڵانی ڕابردوو ئەوەمان نیشاندەدات، كە لەم ناوچانە نەتوانراوە ئیجرائات لەگەڵ یەك كەس بكرێت، زۆرجاریش پارتی دۆسییەكانی داوەتەوە یەكێتیی، ئەوانیش هیچیان پێنەكراوە.

ڕەنگە بەهۆی مەسرور بارزانی ئاستی گەندەڵی بەراورد بە كابینەكەی نێچیرڤان بارزانی زۆر جیاوازبێت و بەشێك لە گەندەڵكاران هەراسان بكات و دەستیان ببرێت، بەڵام پێویستە واقعی بین و وا نەزانین كابینەی داهاتوو شۆڕشێك لە دژی گەندەڵكاران بەرپا دەكات، ئەگەر شتێكی وابكەن ئەوكات دەبێ لەخۆیان و كەسە نزیەكانیان لە مەكتەبی ئیداری گشتی و مەكتەبی وەبەرهێنان و مەكتەب سیاسییەكان دەستپێبكەن ؟!!!

لەوانەیە مەسرور بارزانی بتوانێـت بە دوای بەشێك لە دزە بچووكەكان بكەوێت، كە لەژێر باڵی نێچیرڤان بارزانی گەورەبوون و ڕێگەش لە دروستبوونی ڤێرژنی نوێ گەندەڵكار بگرێت، بەس هەرگیز ئەوە ڕوونادات كە گەندەڵكاران قەیسەریان لێببێتە كونە موشك.

سەرتیپ قەشقەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی