بەپەنجەكانی دەستی، ڕۆژانی چاوەڕوانیی دەژمێرێت.!

14/07/2019

کامەران سوبحان

فڕین بەناو دڵی"با"دا بەشی شەش
بەدەم لێخووڕینیی ئۆتۆمبێلەكەیەوە، لەماوەی ئەو "٧٥ كم"ی نێوان "كیۆڵن و ئێسن" دەیان بەسەرهاتی غەمگینیی ئەوی بۆ گێڕامەوە، هەر بەسەرهاتێكی بۆ خۆی، چیرۆك و داستانێكە لە تاریكیی و پەژارە. لە كۆتایی هەر بەسەرهاتێكیش كە دەیگێڕایەوە دەیگووت، هەرچۆن بێ هەر ئێرەی لەوێ باشترە. دڵنیام لەوێبوایە دەمێك بوو، مردبوو.!

"ئەمیر محەمەد" بەردەوام بوو، لە گێڕانەوەی چیرۆك و بەسەرهاتە غەمگینەكانی مامۆستا كامیل عەبدولقادر. چیرۆكگەلێ، كەم مرۆڤی بە ویژدان هەیە لە بیستنیان ناخ و هەست و نەستی هەلا هەلا نەبێ.! 

گوێم لەو چیرۆكانە دەگرت و چاوم لە وێنە خێراكانیی نێوان ئەو دوو شارەیە كە بۆی دەچین. خەیاڵم ڕۆشت بۆ پێش چارەكە سەدەیەك لەمەوبەر، ئەو كات من و مامۆستا هاوڕێ و هاوبیرێكی نزیكیی یەك بووین. من خوێندكاریی هونەرە جوانەكان و ئەویش خوێندكاری زانكۆی سلێمانیی. هاوڕێیەتیی سەردەمیی تازە لاویی، پڕ لە بیرەوەریی و وێنەی جوان و سەرنجڕاكێشە. ئەوكات، چەند ساڵێ بەسەر كیمیابارانی هەڵەبجە تێپەڕیبوو. ئاگری ئازار و خەمی ناخی مامۆستا كامیل، بەتەواوەتیی خامۆش نەبووبوو. گەنجێكی موو زەردی باریكەلەی دەموچاو ڕێكی چاوشین. شیكیی و جوانییەكی سەرنجڕاكێشی هەبوو. بەڵام خەمی شەهیدبوونی دایك و باوك و شەش خوشكەكەی، تارماییەكی خەمۆكیی بەسەر ڕوخساریدا زاڵ بوو. ئەو ڕۆژگارە، وەك ئێستا پەككەوتە و لەچاوەڕوانیی چارەسەردا نەبوو. خەیاڵ بە درێژایی هەزاران میل گەڕاندمییەوە بۆ سەرەتاكانیی نەوەدەكان و سەردەمی قوتابییەتیمان. بە تیللەی چاو بەدەم شۆفێرییەوە تەماشام دەكات و هەستیكرد، خەمۆكییەك دایگرتووم.(ئەوە گەیشتینە ئێسن و چەند خولەكێكی تر، لەگەڵ كاك عادل، سێ قۆڵی دەچین بۆ كەمپەكە بۆ لای مامۆستا، ئەمیر وای گووت.) كاك عادل خۆی لەو شارەدا دەژی، گەنجێكی دڵسۆز و بە ویژدانە. ڕۆژانە سەردانی مامۆستا كامیل دەكات، بۆ هاوكارییكردن و هەم بۆ دەمەتەقێ و هەواڵپرسین. بەهەمان شێوەش كاك ئەمیر و دەیان گەنجی تری ئەڵمانیا بەردەوام لەخەمیی مامۆستادان. گەیشتینە كەمپ. لە كەناری شار، لەناو دارستانێكی چڕ و پڕ لە درەخت و سەوزایی. پاش زیاتر لە دوو ساڵ "مامۆستا كامیل"م بینیووە. پێشتر لە ماڵەكەی خۆی لە هەڵەبجە سەردانم كردبوو. باوەشێك پڕ لە خەم و خۆشەویستیی. لەچاوەكانیدا هەستمكرد، بۆنی منداڵ و هاورێ و هاوشارییەكانی دەكات. (كەمێ دانیشتن و بەخێرهاتن) بێدەنگم و چاوم بە ژوورەكەدا دەگێڕم. سۆندەی هەناسەدا بە دەمییەوە. بوتڵێكی گەورەی ئۆكسجین لەولاوە. عەرەبانەیەك لەخوارەوە و یەك دوو كتێبش لە ڕاسەری خۆیدایە و هیتفۆنێكیش لە ملیدا. (بەیانی تا ئێوارە، ئەم ئایپاتەم بەدەستەوەیە و ئەم هیتفۆنەم لە گوێدایە. بۆ فێربوونیی زمانی ئەڵمانیی. پزیشكەكان، مەرجی نەشتەرگەریی و گۆڕینی سییەكانمیان، پەیوەستكردووە بە فێربوونیی زمانی ئەڵمانیی.! م.كامیل دەستپێكی قسەكانی وای پێووتم.)

پاشتر كەوتینە قسە و چۆنییەتی ژیان و گوزەرانی لێرە. بە تۆنێكی ئارام و پڕ لە ئازار بۆم دەدوا: (كەس نەماوە ڕووی لێ نەنێم، ئەم یەك شەممە، دەستپێرن بەو یەك شەممە. كەم بەرپرسی خۆمان هەیە پەیوەندیم پێوە نەكردبێ، تاكە خولیا و خۆزگەی پێش مردنم، هێنانی هاوسەر و سێ منداڵەكەمە بۆ ئێرە، لانیكەم، لێرە دەتوانن نانێكی گەرمم بۆ درووستكەن.! دەزانی من هەمیشە خەیاڵ و هۆشم لای هاوسەر و منداڵەكانمە؟ ئەوان لێرە بن، دڵنیام باری دەروونیی و چارەسەریشم خێراتر دەبێ. قسە لەگەڵ هەر كەس دەكەم هەر دەڵێ بەسەر چاو بێخەم بە.! هەستێكم بۆ درووست بووە، كە زۆرێ لە بەرپرسان حەزدەكەن، زوو من بمرم و ڕزگاریان بێ لە داواكاریی و پێداویستییەكانم! ئاخر من تەنها داواكارییەكم ئەوەیە هاوەڵێكم هەبێ و خزمەتم بكات، ژن و منداڵەكانم بۆ بێنن بۆ ئێرە، كە مردم بائەوان یەكەم كەس بن باوەشی ماڵئاوایی پێدا بكەن.!)

ئەم وشانەی بە تۆن و ئازارێ دەوت، دڵم پڕ بوو لە گریان. هەستمكرد دڵم لەبەرد ڕەقترە. خۆم بە جەلادێ دەهاتە بەرچاو، كە هیچ شتێ نایكاتە مرۆڤێكی میهرەبان و بەخشندە.! كە لەڕاستیدا لەبەر دڵ و هەستی غەریبیی ئەو، نەگریام، پێم گوناهێكی گەورە بوو، مرۆڤێ دایك و باوك و خوشك و براكانی لەبەرچاوی خۆی شەهید بووبن. خۆشی لە چاوەڕوانیی مەرگدا بێ، تاكە خەون و خولیای ئەوەیە، ئەو ڕۆژانەی تەمەنی ماوە، هاوسەر و منداڵەكانی لە گەڵیدا بن و پێكەوە وەك سەردەمی جاران، سێ ژەمەكە پێكەوە نان بخۆن.! ئاخر پێم ناڵێن چۆن ڕووتان دێ باسی هەڵەبجە و شەهیدان و قوربانییان دەكەن. لە كاتێكدا مامۆستا كامیل عەبدولقادر سیمبوول و هێمای زووڵم و تاوانباریی بەعس، بەدەم ئازاریی جەستەیی و دووریی منداڵەكانییەوە دەناڵێ و بە پەنجەكانی دەستیی، ڕۆژانی چاوەڕوانیی دەژمێرێت، ئێوەش بێ باك بێ باك فەرامۆشتان كردووە؟

كامەران سوبحان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی