جوتێ شۆڕش

14/07/2019

سەردار عەزیز

شۆڕش چەمكێكی ئەفسانەییە. یەكێكە لەو ئەفسانە باڵایانەی كە ئەدەبیاتێكی بێشوماری دەربارە بەرهەمهاتوە. هەمو كەس حەز دەكات شۆڕشگێڕبێت. بەڵام تێگەیشتن لە شۆڕش، بە تایبەتی لە دونیای ئێمەدا، وەك هەمو چەمك و بوارێكی تر، زۆر لاوازە. ئەمڕۆ یادی كودەتای چواردەی تەموزە، كە ئەفسەرێكی سوپا، ڕژێمی پادشایەتی عێراقی كۆتایی هێنا، لە هەمانكاتدا یادی كەوتنی باستیلە. ئێمە لە نێوان ئەم دوو نەرەتیڤەداین: یەكەمیان كە شۆرشی فەرەنسیە، یەكەم ڕوداوە لە مێژوی ئەوروپادا كە لە سەردەمی ڕودانیدا سەدای بگاتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەك ئێریك هۆپسپاوم دەڵێت. كودەتای عەبدولكەریم ڕەنگە تاكە ڕوداوی ناو یادەوەری عێراق بێت كە هەموان پێوە پەیوەستن.

لە ماوەی دواییدا خەریكی نوسینی كتێبێكم دەربارەی پرسیاری پەرلەمان چیە. یەكێك لەو تێزە سەرەكیانە مامەڵەی لە گەڵدا دەكەم ئەوەیە كە پەرلەمان ڕێگای سێیەمە لە نێوان شۆڕش و جەنگی ناوخۆدا. كتێبەكە لە قۆناغی هەڵەبڕیدایە و بە هیوام زوو بگاتە دەستی خوێنەر.

لە دونیای ئێمەدا شۆڕش بریق و باقێكی زۆری هەیە. خەباتی كوردی ناوی لە خۆی ناوە شۆڕش. ئێستاش لە زۆر گوندەكانی گەرمیان و شوێنەكانی تر بە حكومەتی كوردی دەڵێن شۆڕش. كەواتە شۆڕشی كوردی هەیە و شۆڕشی عێراقی و شۆرشی فەرەنسی یان جیهانی. 

یەكێك لە پرسە سەرەكیەكانی فەلسەفەی پۆستمۆدرێن دیاردەی ڕوداوە. ڕوداو ساتەوختی وەرچەرخانە لە ئاستی ئاگایی و واقیعدا، بەڵام هیچ لە كام لە شۆڕشەكانی سەرەوە لەو جۆرە ڕوداوانە نین. بۆ تێگەیشتن ل ەشۆرشی فەرەنسی دوو بیرمەند ئێجگار گرنگە كە بخوێنرێنەوە، یەكەمیان ئەلیكس دی تۆكڤیل، دوەمیان ئیدمۆند بێرك. لای دی-تۆكڤێل شۆڕشی فەرەنسی بەردەوامیدان بوو بەو گۆڕانكارییانەی كە پێش شۆڕش دەستیان پێكردبوو، ئەویش خۆی لە ناوەندگەراییدا خۆی دەبینیەوە. ئەوەی شۆڕش كردی ئەوەبوو كە ئەم پرۆسەیەی خێراكردوو سڵێ نەكردەوە لە كوشتوكوشتار. شۆڕش هەمیشە ساتەوەختی باڵابونی ئایدیایە و بێنرخ بونی مرۆڤ. شۆڕشەكان زۆرترین مرۆڤ دەكوژن، چونكە لە ئایدیاكەوە دێن كە خراپەكار هەیە و لە ڕێگای توندوتیژییەوە دەتوانرێت لە ناو ببرێن لە ئەنجامدا كۆمەڵگایەكی پاكی پڕ لە چاكە خواز بهێنرێتە ئاراوە. ئەمە ئەفسانەیەكی ئێجگار باڵایە. مرۆڤی شۆڕشگێر خاوەن زمانی تایبەتی خۆیەتی كە زمانێكی ئاینیە. زمانی ڕەش و سپیە، زمانی چاكە و خراپە، زمانی تاریك و ڕون. زمانی باوەڕ. شۆڕشگێڕەكان دادوەرن، بكوژن، خاوەن ڕەهایی و ڕاستین. 

بەڵام هیچ شۆڕشێك لە مێژوی مرۆڤایەتیدا هەرگیز ئەوەی بانگەشەی بۆ كردوە پیادەی نەكردوە. بۆیە شۆڕش بریتیە لە ناڕەزایی چینێك لە چینێكی دەسەڵاتدار و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، كە ئەمە ڕوئەدات هەمان پرۆسە بەردەوام دەبێت. ئەم تێگەیشتنە كرۆكی تێڕامانەكانی ئێدمۆند بێركە. بۆیە دەڵێت ئەگەر پەرلەمان هەبوایە لە فەرەنسا، بە نمونەی بەریتانیا، ئەوا شۆڕشی فەرەنسی ڕوینەیەدا و نەدەبوینە خاوەن تیرۆر و دەوڵەت نەتەوە.

بەڵام ڕەهەندێكی تر گرنگ لێرەدا جێگەی پرسیارە، ئایا كەڵەكەبون و كەڵەكەكردن شێوازی گەشەكردنە یان وەرچەرخانی خێرا. پەرلەمانیە ئینگلیزەكان بڕوایان بە كەڵەكەبون هەیە. بەرەوپێشچون بە هێواشی. بەڵام كرۆكی شۆڕش خێراییە. بەڵام خێرایی كە پەلەكردنی پێوەیە، ئەنجامەكەی باش نابێت. 

گەر شۆڕشی فەرەنسی چەپ و ڕاستی بەرهەمهێنا، ئەمرۆ چەپ و ڕاست وەك دوو پارادایمی بیركردنەوە بەرەو كۆتایی دەچن. ئەمڕۆ دونیا لە نێوان جیهانگەرایی و دژە-جیهانگەرایی، گلۆبالیزەیشن و دی-گلۆبالیزەیشندا جۆلانی دەكات. زۆربەی زۆری مێژوی ڕابوردو كاتێك وتراوە مرۆڤ، ئەوا هەرگیز مەبەست لێی سەرجەم دانیشتوانی گۆی زەوی نەبوە، بەڵكو هەمیشە مەبەست خەڵكیكی تایبەت بوە. ڕەنگە بە فشاری تەكنەلۆجیا، ئێمە بەرەو ئەو ساتەوەختە بڕۆین كە گۆی زەوی ببێتە یەك یەكە. ئەمە شۆڕشە ڕاستەقینەكەیە، پێویستی بە ئەخلاق و دیدی تایبەت هەیە. گۆی زەوی هەتا ئەمڕۆ دوو جۆر رێكخراوی هەیە، ڕۆژئاوا و ناڕۆژئاوا. ناڕۆژئاوا لە بەرژەوەندی ڕۆژئاوادا ڕێكخراوە. ئایا ناڕۆژئاواییەكان ئازاد دەبن؟ هیچ شۆڕشێك ئەمە ئامانجی نەبوە، هەتا ئێستا!!

سەردار عەزیز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی