دیاردەی پیرباڵ

14/07/2019

جه‌عفه‌ر عه‌لی


فەرھاد پیرباڵ، ناوێکی دیاری ناوەندی ئەکادیمی، ئەدەبی، ھونەری و رۆشنبیری کوردستانە. لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەم ناوە ھەرچی زیاتر زەقبۆتەوەو خەریکە دەگۆڕێ بۆ دیاردەیەکی جیاواز لە بنەڕەتە ئەکادیمی و ئەدەبی و رۆشنبیرییەکەی. 

لە ئێستادا فەرھاد لە یەککاتدا پێماندەڵێت؛ ئەخلاق و بەھا گرنگن دەبێ پارێزگاریان لێبکرێ، کەچی پەلاماری دوور لەو بەھا ئەخلاقیانە دەکاتە سەر دەرەوەی خۆی. بۆ من گرنگ نییە دەرەوەی خۆی کێیە، سەر بە چ نەتەوەو ئایین و حیزبێکی سیاسییە، ئەوەی گرنگە، پەلاماری دوور لە بەھای مرۆیی و ئەخلاقییە بە مانا کۆمەڵایەتییەکەی. فەرھاد نوسەرە، نوسەرێکی دیاریش، دەیان کتێبی ئەدەبی و مێژوویی و رۆژنامەوانی نوسیووە، بەڵام لە بری پاراستنی کتێب، بە دەبەی پڕ لە بەنزینەوە پەلاماری بەھای کتێب و ماڵی کتێب دەدات، گڕ لە جوانی وشە و رستە و باڵای کتێب بەردەدات. لەوە تێدەگەم فەرھاد بۆ ھەر یەکێک لەم کارانەی دەیکات پاساوی خۆی ھەیە، بەڵام ئەم پاساوانە ناتوانن بە فۆرمی بیرکردنەوە و پەلامارەکانی ئەو رازیمان بکەن و ئەستۆپاکی و بێگوناھی ئەومان لە بەرامبەر ئەم کارە نەشیاوانەی بۆ بسەلمێنن.

ئەگەر فەرھاد لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی ناوەکی خۆی، وەک پەرچەکرداری دۆخێکی دەروونی ناجێگیر پەنا بۆ کاری لەمجۆرە دەبات، ئەرکی دەزگا کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکانی ھەرێمە، چارەسەری بۆ بدۆزنەوە. ئەگەر گەرەکییەتی لەڕێی ئەم ستایلی کارکردن و ھێرشکردنەوە، شتێک لە دونیای سیاسی و کۆمەڵایەتی و دادوەری ھەرێم بگۆڕێت و ناچار بە گوێگرتن لە داوا و مافەکانی بکات (کە بەردەوام جەخت لە پێشێلکردنی مافە کۆمەڵایەتی و دارایی و رۆشنبیرییەکانی دەکاتەوە)، دیسان ئەم فۆرمی کارکردنە ھێزی ناچارکردنی ئەم پنتانەی دەسەڵاتی بە ھێنانە ژێربار نابێت، نەک بۆ چارەسەرکردن، بگرە بۆ گوێگرتن لە کێشەکانیشی، چونکە ئەو، کاتێک پەلاماری نێچیرڤان دەدات، ھەمانکات خۆی بە قوربانی مەسعود بارزانی دەکات و لەگەڵ ناوھێنانی ھەڵدەستێتە سەرپێ و وەک باوکی خۆی دەیناسێنێ.

لە ئێستادا پیرباڵ بەرەو ئەوە ھەنگاو دەنێت وەک مرۆڤێکی دەروون نەخۆش بچێتە نێو مێژووی ئێمە و دوور نییە ھەر بەم ھۆکارەش بچێتە دونیاکەی ترەوە، وەک چۆن بەشێک لە بیرمەند و فەیلەسوف و ھونەرمەندانی گەورەی جیھان، کۆتاییەکانی ژیانیان بە شڵەژانی دەروونی و دواتریش شێتی و ئینجا مردن بەڕێکرد. بە دووری نازانم پیرباڵ، نێگەتیڤانە نمایش، یان مەشقی کۆپیکردنەوەی ئەم ستایل و فۆرمی ژیانە بکات.
بۆ فەرھاد زۆر گرنگە بەردەوام چاوەکان، زومی کامێراکان لەسەر قسە و جوڵەکانی ئەو بن، رووبەرە فراوانەکەی سۆشیال-میدیا داگیربکات و ھەموو سەرنجەکان لەسەر جوڵەکانی ئەم بوونەوەرە کۆببنەوە، کە خەریکە دەبێ بە تازەترین دیاردەی ناو کۆمەڵگەی ئێمە و ناوی (فەرھاد پیرباڵ)ە. 

ئەو ئیتر بۆی گرنگ نییە چی دەڵێت، جنێو بە کێ دەدات، لە کوێ لە ناوەڕاستی شەقامێکدا دەوەستێ و پڕ بە زاری ھاوار دەکات، لە کام بەرنامە دەبێتە میوانی ناوەخت و ئاگر لە چی و لە کوێ بەردەدات. ئەوەی لە ئێستادا بۆ ئەو لە ھەر بابەتێکی دیکە گرنگترە، ئەوەیە؛ باس بکرێ، خۆی پاڵەوانی یەکەم و بێ رکابەری نێو رووداوەکان بێت، سەردێر و ناوەندەدێر و دوادێر ھەر خۆی بێت.

گومان لەوەدا نییە، ھەڵسوکەوت و کارەکانی ئێستای فەرھاد، لە کاری مرۆڤێکی ئاسایی ناچن، حاڵەتێک، دۆخێکی دەروونی ناجێگیر لە پشتی پاساودانەوەی رەفتار و قسەکانیدا ئامادەن. ئەگەر ئەوە راست بێت، واتە پیرباڵ لە دۆخی نێوان (نەشێتی) و (نەعاقڵی)دایە، ئەو ھەنگاو بەرەو لە دەستدانی عەقڵ دەنێ و پێویستی بە چارەسەرە، چارەسەری ئەویش بەم دەسەڵاتەی کە ھەیە ناکرێ، چونکە خودی دەسەڵات خۆی لە دۆخێکی عەقڵی باشدا نییە و پێویستی بە چارەسەرە. گرنگە دۆست و ھاوڕێ نزیکەکانی فەرھاد لەم دۆخەدا ئەگەر کارێکیان بۆ دەکرێت، یان دەتوانن بە قازانجی ئارامکردنەوەی دەروونی و کۆمەڵایەتی ئەو کارێک بکەن، ھاوکار و یارمەتیدەری بن.

پیرباڵ قەڵەمێکی دیاری ناو دونیای رۆشنبیری ئێمەیە، ئەو لە ئێستادا مرۆڤێکە لە نێوان دونیای شێتی و عاقڵیدا دێت و دەچێ، لە یەککاتدا دەشێت قسەکانی ھەم وەک قسەی مرۆڤێکی ئاسایی، ھەم وەک قسەی مرۆڤێکی نائاسایی وەربگیرێت، ئەو لە ئێستادا، نە لەگەڵ دەسەڵات، نە لە دەرەوەی دەسەڵاتدایە، ئەو لە ھەر شتێک زیاتر خەریکی لەناوبردنی خۆی و سوتاندنی دونیا تایبەتەکەی خۆیەتی، خەریکی گەورەکردنەوەی ئەم رۆحی تۆڵە و پەلامارەیە، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە دونیای دەرەوەی خۆیەوە پەلاماری دونیا تایبەتەکەی ئەویان داوە. 

ھەستکردن بە ستەم لەلای پیرباڵ بۆتە بابەتێکی ھەمیشە ئامادە و ھێزی زاڵبوون بەسەر ئەم بابەتە و پشتگوێ خستنی نییە، ئەو کاتێک لە قوڵایی ئەم ھەستکردن بە ستەمەوە دەزگایەکی قەزایی سەربەخۆ و ئازای بێلایەن نابینێ بۆ گێڕانەوەی مافەکانی (وەک خۆی دەڵێت), ئیدی بە شێوازی تایبەتی خۆی و بە ھێزی دەست و بازوو و شەخسی خۆی، رووبەڕووی ستەمکار دەبێتەوە. ئیدی بۆ ئەو بایەخێکی نابێ ستەمکار ناوی چییە، کوڕی کێیە، سەر بە کام بنەماڵە و ماڵی سیاسییە، دەشێت ئەم ستەمکارە سەرۆکی حکومەت، یان ژنێک، یان ماڵی وەفایی بێت. واتە فۆرمی رەفتار و قسەی فەرھاد، بریتییە لە دادگاییکردنی سیستمێکی قەزایی، کە ھێزی بەرگری لە مافی ستەملێکراوانی لە دەستداوە، راستتر ئەم ھێزەی ھەر نەبووە. 

ئەو خەریکە دەبێتە مرۆڤێکی جیاوازتر، جیاواز لە پیرباڵەکەی جاران، جیاواز لە فۆرم و ستایلی کارکردن، جیاواز لە دەرکەوتن و خۆدەرخستن، جیاواز لە نمایش و گوزارشت لە راستی و حەقیقەت. زمان، قسە، رەفتار، فۆرمی ئەم رۆحی یاخیبوونەی کە ھەیبوو، ھەموویان جیاوازترن. ئەو کوڕی کۆمەڵگەکەیەتی، لە نێو ئەم پەروەردە و کولتورەدا ھاتووە و گەورە بووە، دیارە بەڕێکردنی بەشێکی تەمەن و چەند ساڵ خوێندن لە وڵاتێکی ئەوروپایی راقی، مانای کۆتاییھێنان و دابڕانی یەکجارەکی لەم پەروەردە و کولتورە داخراو و نەریتییە نییە، کە ھەیە، ھەروەکچۆن بوونی ئەم کولتورە داخراوەش پاساوی ئەوە ناداتەوە، کە ھەمووان ببین بە پیرباڵ. 

لە بڕوای مندا، پیرباڵ پێویستی بە سەرلەنوێ دروستکردنەوە ھەیە، دەبێ بگەڕێنرێتەوە، نەک ئازار بدرێ و ھێندەی دی وێران بکرێت. ئایا دەسەڵات و کۆمەڵگەی ئێمە ھێزی ئەوەی دەبێ، پیرباڵ لەم دۆخە ناجێگیرە دەروونی و کۆمەڵایەتییە دەرباز بکات و فەرھادی مامۆستای زانکۆ و نوسەر و ئەدیبمان لە فۆرمە راستەقینە و رۆحە پڕ لە یاخیبوونە جوانەکەی خۆی پێببەخشێتەوە.

جەعفەر عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی