دیدێكی نوێ بۆ ئاشتی

15/07/2019

هونەر رەسوڵ ئەحمەد

جەمیل بایك یەكێ لە دامەزرێنەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە)، دوای هەڵبژاردنەكانی توركیاو دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنیش لەگەوره ‌شاری ئیستانبوڵ‌و شكستی دووبارەی پارتەكەی ئەردۆغان، لەڕێگەی نووسینێكەوە،جارێكی تر ئەو پەیامە رادەگەیەنێت كە تەنها رێگە لەبەردەم چارەسەركردنی كێشەی كورد لەتوركیا، هەنگاونانە بۆ دروستكردنی دیالۆگ، ئەم پەیامەی جەمیل بایك كە یەكێ لەبەهێزترین‌و كاریگەرترین سەركردەكانی پەكەكەیە،دووپاتكردنەوەی ئەو نیازپاكییەی پارتی كرێكارانی كوردستانە، كە دەبێت پارتی دادوگەشەپێدانی توركیا جارێكیتر بێتەوە سەر مێزی گفتوگۆو لەو رێگەیەشەوە جارێكیتر نەخشەڕێگەیەكی تری هاوشێوەی رابردوو دابنێن، تاوەكو كێشەی كورد بەشێوەی ئاشتییانە چارەسەر بكرێت.

لەدوایین پەیامی ئەو رێبەرەی پارتی كرێكارانی كوردستاندا،جگه ‌لەدووپاتكردنەوەی ئەم خواسته ‌بۆ دونیا، كە كورد لەڕێگەی ئاشتییەوە دەیەوێت بەمافەكانی بگات، لەهەمانكاتیشدا كۆمەڵێك راستی دەخاتەڕوو. لەوەش گرنگتر، جەمیل بایك لەچۆنێتی شێوازی قۆناغی پرۆسەی ئاشتی، ئیعتراف بەو راستییەش دەكات كە پرۆسەیەكی لەم چەشنە گرنگ(چارەسەری كێشەی كورد بەئاشتی)، نابێت بەتەنها لەنێوان دوولایەنی (پارتی دادوگەشەپێدان‌و لایەنی كوردیدا) بێت. ئەو پێیوایە لەم بۆچوونەدا ساویلكەبوون كاتێك بەتەنهاو بەبێ چاودێریی نێودەوڵەتی‌و خواستی لایەنەدیموكراسیخوازەكانی توركیا، كورد هەنگاوێكی لەم چەشنەی ناوە. بەمانایەكی تر، جەمیل بایكپێیوایه ‌له ‌ئەگەری دووبارەكردنەوەی قۆناغی ئاشتی‌و دەستپێكێكی نوێ لەتوركیا، دەبێت بەشێك لەو لایەنانەی توركیاش بەشداربن كەخواستی ئاشتییان هەیەو دژی سەردەمی ناكۆكین، لەهەمان كاتیشدا ئاگاداریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەوەها ئامانجێك بەگرنگ دەزانێت كە لەڕابردوودا هیچ یەكێ لەم دووخاڵە گرنگە لەقۆناغی پرۆسەی ئاشتی توركیادا نەبوون‌و سەرەنجامیش بینیمان كە بەشكست كۆتاییهات.

بەشێكی تری گرنگی پەیامەكەی جەمیل بایك بۆ دونیاو دەسەڵاتدارانی ئێستای توركیاش ئەوەیە، كە ئۆجەلان لەزینداندا بێت یان لەقەندیل،رێبەری دوایین بڕیارەكانی كوردە لەباكوور.بایك روون‌و ئاشكرا ئەوە دەڵێت كە هەنگاوی گرنگ پێش پرۆسەی ئاشتیش گواستنەوەی ئۆجەلانە لەزیندانەوە بۆ شوێنێكی تری نیشتەجێبوون‌و دواتریش دەكرێت ئۆجەلان وەك رێبەری پەكەكە دوایین پەیام رابگەیەنێت،كه ‌سەرەنجام بەوتەی جەمیل بایك، هەموو گۆڕانكاری‌و سەرەتایەكی نوێ بەڕەزامەندی ئۆجەلان دەبێت،ئەمەش وەڵامێكی تری گرنگە بۆ بەشێك لەو بۆچوونەی كە پێیانوابوو ئێستا پەكەكە بەبێ رەزامەندی‌و گرنگیپێدانی بۆچوونەكانی ئۆجەلان هەنگاو دەنێت.

ئەوەی كە بڕیاربەدەستانی پەكەكەی دووچاری دڵەڕاوكێ كردووە، ئەو راستییەیە كە ئەردۆغان لەهەر كوێدا مەبەستی بووبێت‌و بۆ ئامانجی پرۆژە سیاسییەكانی خۆی، لەهەمان كاتیشدا مانەوەی لەلوتكەی دەسەڵاتی توركیادا، پەنای بۆ كورد بردووەو لەهەر كوێش بەئامانجەكانی گەیشتبێ، پەتی دیالۆگ‌و گفتوگۆی رێكەوتنەكانی كۆتایی پێهێناوە.لەدووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی گەوره ‌شاری توركیا ( ئیستەنبوڵ)، جارێكی تر پارتی دادوگەشەپێدان لەڕێگەی جارێكیتری كردنەوەی دەرگەی زیندانی ئۆجەلانەوە، ئامانجی بوو كە بۆ ئەم قۆناغەوبەشێوەیەكی كاتیش بێت، جارێكیتر ئەم دیدارەی ئۆجەلان بخاتەوە خزمەتی سەركەوتنەكانی، بەڵام ئەمجارە هەدەپە بەسوود وەرگرتنی لەهەڵبژاردنی رابردوو، سەرباری ئەوەشی كە ئۆجەلان رایگەیاندبوو پێویستە كورد لەهەڵبژاردندا بێلایەن بێت، بەڵام بەپشتیوانیكردنی لە(ئیمامئۆغلۆ)، كۆی ئەو سیحرەی ئەردۆغانی بەتاڵكردەوەو ئەم هەنگاوەی هەدەپە ئەوەبوو كە ئۆجەلان لەزیندانەوە لەپاڵ پەیامی ئاشتی‌و دووپاتكردنەوەی ئەوەی كورد ئاشتیخوازەو بێلایەن لەناو هەڵبژاردنەكاندا دەمێنێتەوە،ئەوە بڵێت كە پێویستە هەمان ئەو سیناریۆیەی رۆژی (31 ئازار) لەهەڵبژاردنی دووەمدا(لە 23 حوزەیران) دووبارە بكەنەوەو بێگومانیش ئەنجامی هەڵبژاردانەكانهەر ئەوەمان پێدەڵێت.

هونەر رەسوڵ ئەحمەد 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە