مرۆڤی سوریالی

15/07/2019

محمد مامه‌ند


پێم خۆشە بە بازاڕدا بڕۆم و دەمانچەکەم لە کوشتنی خەڵکدا خاڵی بکەمەوە. ئەندرێ بریتۆن.

سوریالیزم فەلسەفەی ئازادی ڕەهای انسانە، فەلسەفەیەک کە دەخوازێ ژیان بە پێوانەی بەهاکانی خۆی دابرێژێ، بەلای سوریالەکانەوە هیچ شتێک حەرام و هێڵی سور نیە، هیچ شتیک شایستەی ئەوە نیە بە بەهانەی ئەخلاق و نۆرمی کۆمەڵایەتی سڵی لێبکەیەوە، ئەوان دەیانەوێ هەموو ئەو بەربەستە کۆمەڵایەتی و کولتوریانە بشکێنن کە سیاسەت و ئاین و مێژوو دروستیان کردوون، ئەوان پێیان وایە هەموو تابۆ و قەدەغەکان دەستکردی مرۆڤن، مرۆڤیش لەوە بچوکترە و مافی ئەوەی نیە سنور بۆ مرۆڤێکی تر دابنێ، سوریالیزم فەزای خۆ خاڵیکردنەوە و  مانفێستی خۆ بەتاڵکردنەوەیە لە هەموو ئەو جەبرە ئاسمانی و زەمینیانەی کە بەناوی دەقی پیرۆز و استقراری کۆمەڵایەتی مرۆڤیان کۆت و زنجیر کردوە.
ئەوان بڕوایان بەهیچ دامەزراوەیەک و دەزگایەک و فەلسەفەیەک نیە کە، سیاسەتی جوڵە و  فۆرمی ژیانیان بۆ نەخشە بکێشێت، بەلای ئەوانەوە خێزان و کۆمەڵگە و دەوڵەت و سیستەم داهێنراوی فێڵبازەکانن بۆئەوەی مرۆڤ واز لە ئازادیەکانی خۆی بێنێت بۆ کۆمەڵێک بەهای بچوکتر، دەتوانین بڵێین سوریالیزم جۆریکە لە سۆفیگەری بەڵام بەبێ یەزدان.

ئەم تێز و تیۆرە سەرەڕای ئەوەی لە فۆڕمدا زۆر بێ مۆڕاڵی و نا ئینسانی و نا عەقلانی دەردەکەوێت، بەڵام لە قوڵایی و ریشاڵی ئەم فەلسەفەیەدا شەبەنگێک و جلیوەیەک تەجەللایی خۆی نمایش دەکات کە پڕە لە وزەی ژیان بە مۆدێلە انسانی و بەها گەردونیەکەی، چونکە دژی ئەو نادادوەری و قەفەسە ئاسنینەن کە بەناوی کۆمەڵێک خواستی پوچەوە ستەم لە مرۆڤ دەکات. ئەوان دژی ئەو ناعەدالەتیەن کە ئایدۆلۆژیاکان و خوداوەندەکان و بت و کەلتە سیاسیەکان بەناوی کۆمەڵێک وەهمەوە مرۆڤ دەچەوسێننەوە، بەرمەبنای ئەو ستەمە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەشە کە حەز لەوێران بوونی دنیا و سڕینەوەی مرۆڤ دەکەن، بەجۆرێک پێیان وایە دادوەری ڕەها تەنها ئەوکاتە هەیە کە ڕەگەزی مرۆڤ لەناو دەچێت.

ئیستا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کۆمەڵێک کارەکتەر دەرکەوتون دەیانەوێ خۆیان وەکو سوریالیست نمایش بکەن، پەلاماری هەموو شت دەدەن، دەیانەوێ ممارسەی ئازادی رەها بکەن، بەڵام ئەوان پێبزانن یان نا بەدیوە ساختەکەی سوریالیزمدا خۆیان دەردەخەن، چونکە سوریالیست ئەکتی رەتکردنەوەی ئەو دۆخە عەبەسیە گشتیەیە کە مرۆڤ تێیکەوتوە نەک هەڵچونێکی کاتی و توڕەبونێکی موزەیەف، نەک کاردانەوەیەکی زوو تێپەڕ و بێ روئیا، ئەو سوریالیستە ساختەچیانە زیاتر وەکو فێڵبازیک دەردەکەون، چونکە لەکاتێکدا کە دەیانەوێ وەکو بت شکێن و کارەکتەرێکی یاخی دۆخی زاڵ تێپەڕێنن کەچی دەچنەوە ناوباوەشی کۆمەڵێک کارەکتەری سیاسی و بە شان و باڵیان هەڵدەدەن و بە باوک وەسفیان دەکەن، ئەوان جارجار خۆیان وەکو بریندار و نەخۆش پیشاندەدەن و جارجاریش وەکو لوتکەی رادیکاڵیەت، جارێک وەکو پاڵەوان و جارێکیش وەکو قوربانی، لەکاتێکدا سوریالیستی راستەقینە ئەو کەسانەن کە بەرامبەر کۆی ژیان لە جەنگ و شەڕی بەردەوامدان،  کەچی ئەوان لەکاتێکی نادیار و بەشێوەی پچڕ پچڕ دێنە مەیدان و شەڕ بە شتە پەراویزخراوەکان دەفرۆشن.

کتێبخانە سوتاندن مرۆڤ ناکاتە سوریالیستێکی ڕەسەن، نایکاتە بونەوەرێکی یاخی راستەقینە، چونکە سوریالیست پەیامی گشتی و خەمی گشتی و بەرژەوەندی گشتی دەیجوڵێنێت نەک مەرامی تایبەتی و سۆزێکی هەرزەکارانە.

+هەرجەندە سوریالیزم زیاتر لە بواری هونەر و ئەدەبدا بەکاردێت، بەڵام ئیستا خۆی خزاندۆتە ناو دونیای فەلسەفە و سیاسەتیشەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی