لە تورکیا چی دەگوزەرێت؟

16/07/2019

سەردار عەزیز


پێویستە پێش ئەوەی هەست و سۆزمان دەربڕین بێلایەنانە تێبگەین، چونکە تێگەیشتن هاوکاریمان دەکات بۆ ئەوەی هەڵویستمان هەبێت، لە سەر بنەمای عەقڵ، نەک سۆز.
تورکیا لە دۆخێکی تایبەتدا دەژی. لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە لە گەڵ هاتنی ئیسلامیەکاندا توشی کۆمەڵێک هەست و گڕی بوە، کە سیاسەتی ئەو وڵاتەیان لە زۆر ئاستدا داڕشت، ئێستا لە قۆناغێکی هەستیاردایە، چونکە دونیا و ناوچەکە لە قۆناغی گواستنەوەدان. تورکیا بە هاندانی داودئۆغلۆ وەها خۆی دەبینی کە لە قاڵبدەری نیزامی هەرێمیە düzen kurucu ülke
ئەم دیدە هانیدا بۆ هەڵهێنانی کۆمەڵێک هەنگاو: یەکەم، خۆ بینین وەک هێزێکی ئیقلیمی سەربەخۆ، دوەم، هەوڵدان بۆ بونی هەژەمۆنیەت لە ناوچەکەدا، سێیەم، دەستکردن بە پیشەسازی چەک و تەقەمەنی، چوارهەم، دەستورەدان لە سیاسەتی ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکە، پێنجەم، لادان لە سیاسەتی گشتی ناتۆ و ئەمریکا و ئەوروپا. شەشەم، یاریکردن لە نێوان زلهێزە جیهانیەکاندا.
لە هەناو ئەم ئاڵۆزیەدا دەتوانین پرسی موشەکی ئێس ٤٠٠ بخوێنینەوە. بەڵام بە ئاگابون لە یەک فاکتەری هەر گەورە لە لە قاڵبدانی سیاسەتی تورکی ئەویش پرسی کوردە. ئەگەر هەنگاو بە هەنگاو بە دوای پرسی موشەکی ئێس ٤٠٠دا برۆین کە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٩ ئەوا بە ڕونی ئەم هۆکارانە دیارن. 
سەرەتا تورک لە گەڵ چینیەکاندا هەوڵیاندا، پاشان لە گەڵ ئیتالی و فەرەنسیەکان، ئینجا ئەمریکاییەکان، بەڵام بە هاتنە ئارای ڕۆژئاڤا، هاوکێشەکان گۆڕان. روسەکان زیرەکانە دوو هەلیان قۆزتەوە، ئەویش کات و خواست. لە کاتێکدا کە ئەمریکا پشتیوانی تورکیای نەکرد، خواستی تورکیای بەدی نەهێنا، بەبۆنەی هاوپەیمانی لە گەڵ کورددا، روسەکان دەرگایان بۆ تورکەکان کردەوە. سەرەتای ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ گرتنی جەرابلوس و رێگری لە پێکەوە گرێدانی کۆبانێ و عەفرین.
روسەکان تورکەکانیان گەیاندە دۆخێک کە نەتوانن لە ترسی کۆمەڵێک هۆکار لە پرسی موشەکەکان پاشەکشێ بکەن. روسەکان لە هەرێمی کوردستانیشدا هەمان یاریان کرد لە ساڵی ٢٠١٦. 
روسەکان ئامانجی تایبەتی خۆیان هەیە: لە قرم و لە ئەنکەرەو دەردەنێل و سوریا قەڵغانێک لە موشەکی ئێس ٤٠٠ و ئێس ٣٠٠ هەیە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی