خلیسكانی توركیا بۆ نێو زەلكاوی یاسای (كاتسا)ی ئەمریكا

18/07/2019

عیماد عه‌لی

یاسای ( كاتسا)ی ئەمریكا لە ساڵی 2017 لە دژی كوریای باكوور و ئێران و روسیا دایرشت، ئەم یاسایەش كە بە یاسای دژە نەیار و دوژمنەكانی ئەمریكا و بەكورتكراوی (كاتسا) ناسراوە، چەندین برگەی قورسی تێدایە و مامەڵەی ئەمریكا لەگەڵ ئەو وڵاتانە دیاریدەكات كە بە نەیا یان دوژمن ناوبروان و سەرەتای جێبەجێكردنی یاساكە بە سەپاندنی سزای ئابووری و سەربازی دەست پێدەكات و بە جۆرەها رێگەی دژایەتی قورسی تێدایە كە بە كوشتنی سارد یان لە سەرخۆی دوژمن یان نەیار  ناودەبرێت.

توركیا بە تەواوكردنی بۆندی كڕینی موشەكی ئێس 400ی روسی، خۆی خستە لیستی ئەو وڵاتانەی كە ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە. ئەردوگان گرەوی لەسەر قسەكەی ترامپ دەكرد كە وتبووی؛ توركیا ناچاربووە لەو رەفتارانەی و هیچ چارەسەرێكی نەدۆزیوەتەوە جگە لە پەنابردن بۆ روسیا، پاش ئەوەی ئەمریكا لە زەمانی باراك ئۆباما موشەكی پاتریۆتی پینەفرۆشتوون، بەڵام مەزەندی گرەوی ئەردۆگان شكستیهێناو لەم رۆژانەدا و پاش گەیشتنی موشەكە روسیەكەی روسیا بۆ توركیا، ترامپ نەیتوانی توركیا لەو یاسایە بپارێزێت و، بەوشێوەیەش توریكا خۆی لە چەقی سزاكاندا دەبینێتەوە، بۆیە ئێستا ئەردۆگان قاچی لە قوڕەخسەتەكە گیریبەستووە و نازانێت روو لەكوێ بكات؛ لەگەڵ روسیا بمێنێتەوە و تەواو لەو زەلكاوەی بەدەستی خۆی دروستیكرد نغرۆ بێت یان پەشیمان بێتەوە و ئەمەش نەك هەر قورسە بەڵكو ئەستەمە و تا رادەی مەحاڵیشە، لەبەر ئەوە هەر هەنگاوێك بۆ پێشەوە یان پاشەوە هەر زەرەری گەورەی خۆی تێدایە، بۆیە ملهوری و نەرجسیەت و زوڵم هەر ئەمەی لێدەكەوێتەوە و لەمەودوا دەردەكەوێت كە گوریسەكەی ئەردۆگان چەن كەوتۆتە لێژی و ناتوانێت پییرابگات و بیگرێتەوە.

دوێنی و بە كوشتنی جێگری قونسڵگەری وبەو شێوە ئاڵۆزە و بەدەستی نادیار و بە شێوەیەكی بێوێنە و هەڵگری هەزار ئەگەر سەرەتای قورسبونی سیاسەتی دەرەوەی ئایندەی بۆ توركیا دەرخست و دەبێت چاوەرێی هەنگاوگەلێكی ئەوتۆ بكات كە بۆ ماوەی زیاتر لە شەست ساڵە بەخۆیەوە نەیبینوە و بە ئارامی و ئاسودەیی ژیاوە وكوڕە بەنازەكەی ناتۆبووە و لە زۆر بەربەست و تەگەرە پارێزراوە. ئەمرۆش دەبێت چاوەرێ كردەوەی قورس و خلیسكانی زیاتر بێت، بۆیە هەلێكی زێرینە كە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا و بە تایبەتی كورد هەنگاوە راستو دروستەكانی خۆیان دراسەت بكەن پێش ئەوەی رەفتار بكەن و بە وردی مامەڵە لەگەڵ پێشهات و ئایندەی ئاڵۆزی توركیادا بكەن و دەتوانن زۆرترین قازانج لە هەڵە گەورەكانی ئەردۆگان بەدەست بێنن.

تا ئەردۆگان لەم رەفتارانە و كەلەرەقی و ملهوریەی خۆی بەردەوام بێت ئەوەندە هەلی زیاتر دەخاتە بەردەست كورد كە كەلێنەكانی لەبەرچاو بگرن و لە هاوكێشە نوێكان بەكاری بێنن. ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە هەوڵەكانی توركیا لە خۆپاراستنی بۆ ئەوەی  نەكەوێتە لیستی ئەو وڵاتانەی بە نەیاری ئەمریكا دەناسرێن و خۆی لەو یاسایە بپارێزێت شكستیهێناو، ئاواتی لەسەر ئەوە هەڵچنیبو كە یاسای كاتسا لە 2017 ئیمزا كراوە و توركیا بۆندی كرێنی موشەكی ئیس 400ی لە 2016 ئیمزا كردووە، بەو ئەگەرە ی یاساكە نایگرێتەوە و بەرپرسەكانیشی لەو هەوڵەدا بوون ئەو كەلێنە بقۆزنەوە، بەڵام لەمەدا سەركەوتو نەبوون، بەپرسانی ئەمریكا جەختیان لەوە كردەوە كە ئەو یاسایە توركیاش دەگڕێتەوە و لەمەودوا دەردانەكانی زۆرتر دەبن و ئەگەر وەكو ئێران و كۆریای باكووری پێشتر مامەڵەی لەگەڵدا نەكرێت ئەوا زۆر باشتر نابێت.   

عیماد عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی