چاوەڕوانییەکی پێشبینینەکراو!

18/07/2019

دانا سۆفى برايم



دوای ماوەییەکی زۆر لە چاوەڕوانی خەڵک، بۆ پێکھێنانی كابینه‌ى نوێى حکومەت، بۆ ئەوەی ئاھێکیان بکەوێتەوە دەم و نانێکیان بکەوێتەوە کاسە! بەڵام چاوەڕوانییەکان بەو شێوەیە نەبوون، چونکە رووداوەکان و پێشھاتەکان زیاترن لەوەی پێشبینیمان دەکرد!

دەستپێکی کابینەی نۆیەم بە ڕۆیشتنی چەندین بەرپرسی باڵا لەوانە وەزیر و پەرلەمانتار لە کابینەی ھەشت دەستیپێکرد، بێئەوەی بڵێین حسابێک بکەین! بزانین پاداشتتان بکەین یاخود سزاتانبدەین! وەکو ھەموان باوەڕمان وایە پاداشت و سزا ھەبێت، بەڵام ھەمووی بە مووچەیه‌کی زۆر و پاداشتێکی باشەوە بۆی دەرچوون! 

ئێستا شەقامی کوردی و بازاڕ بە گشتی، بە دەست کڕیارەوە دەست لە چەناگە دانیشتوون چاوەڕێی كڕیار و بەکاربەر دەكەن، بازاڕ وەستاوە و ھەمووی چاوەڕێی کەسێک ئەکات بڵێت: بەچەندە خاڵەگیان! چونکە سێکتەری ئابوری بەندە بە ھەموو سێکتەرەکانی ترەوەو تۆپی یاریگایە.

ھاوڵاتیان چاوەڕوانی ئەوەبوون حزبەکان پێکبێن و ناسەقامگیری سیاسی کۆتایی پێبێت، کە بە مریشکەرەشە ناسرابوو، بەڵام ئەوە بۆ بازاڕ بەس نەبوو بۆ ئەوەی ببووژێتەوە و دووبارە پارەی کاش بگەڕێتەوە دەستی ھاوڵاتی و بازرگانان، ھۆکارەکانی ڕابردوو بە تایبەتیش داعش و دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی چەند ساڵەی ڕابردوو، کە تا ئێستاش بە شێوەییه‌کی گشتی کاریگەری ماوە لەسەر بازرگانان و ھەم تاکی بەکاربەرەوە، دەرخەری ئەوه‌ان بازاڕی کوردستان بەدەست ئەم ھۆکارانەوە لە ڕابردوو و ئێستا و داھاتووش دەناڵێنێت.

قۆرخکاری بازاڕ لە لوتكه‌دایه‌ شوێنی عارەبانەیه‌کی لەفەشی گرتووه‌تەوە، ئەوەی پێویستە بگوترێت ئەوەیە، ترس لە پێکنەھێنانی کابینەی تازە لە رابردوو یەکێک بوو لە ھۆکارەکانی سستی بازاڕ بە گشتی، بەڵام ھۆکاری سەرەکی لێرەدا، نەبوونی پڕۆژەی گەورە و بچوک و وەبەرھێنان لە شار و شارۆچکەکان، بەردەوامی نەبوونی پرۆژەبچووکەکان، ئیفلاسبوونی چەندین بازرگان، هه‌ڵگرتنى پارەی کاش له‌ ژووره‌ تاریکەکان لەلایه‌ن بازرگانان و بەپرسەکانەوە، لەلاییه‌کی دیكه‌شەوە خه‌رجنەکردنی پارە لە لایه‌ن ھاوڵاتیانەوە لەترسى ئەگەری دووبارەبوونەوەی قەیرانی دارایی، کەجار جار بە گوێماندا دەچپێندرێت بەبیانووی راده‌ستنه‌كردنى نەوتی ھەرێمەوە، ئەمەش بۆتە باسێکی گەرمی شەقام، تەنانەت ھەوڵیشدراوە ناردنی مووچەی فەرمانبەران ڕابگیرێت لەلایان پەرلەمانتارانی عەرەبەوە، کە خۆشبەختانە شکستی ھێناوە، تا پێدانی  ڕێژەی داواکراوی نەوتی ھەرێم لەلایان به‌غداوە ئەمەش ئەبێت لەلایان حکومەتی ھەرێمەوە چارەبکرێت و مووچەخۆرانی دڵنیابن لە پێدانی شایستە دارایەکانیان لە کاتی خۆیدا و ئەم دڵەڕاوکێیەیان نەھێڵێت.

ترسى ڕابردوو، نەبوونی ھەلی کاری پێویستیش، یەکێکی ترە لە سستی بازاڕ و نەبوونی پارەی کاش، ئەمانەش دەبن بەبیانووی پێویست  بۆ خەزنکردنى پارە لە ماڵەوە و خه‌رجنەکردنی لە دەستی بازرگان و ھاوڵاتیش.


پێکبەستنەوەی  پێکھێنانی حکومەت لە ڕابردوو و دووبارە گەڕانەوەی جووڵە بۆ بازاڕ شانەیێکەبوو لەسەر پێکھێنانی کابینە نوێکە دەشکێندرا، دوایی ماوەیێکیش لە پێکھێنانی حکومەت و ڕێککەوتنی حزبەکان ئێستا ئەوە ڕوونە پێشبینیەکان وانەبوون.

ئێستا چارەسەرى پێویست و خێرا بۆ کوردستان، بەگەڕخستنەوەی کارگە بچووکەکان و پشتیوانی حکومەت و پشتیوانی بازرگانانه‌ بۆ حکومەت، بە تایبەتیش پشتیوانى حکومەتی ھەرێم بۆ بازرگانە بچوک و گەورەکان و دەرھێنانی بازاڕ لە بازرگانە قۆرخکەرەکانی لە سێکتەرە جیاکان و دووبارە دەستپێکردنەوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە تەواوی ھەرێم، وه‌ پشتیوانی وەبەرھێنەران لە کوردستان و ڕاکێشانەوەی وەبەرھێنەری بیانی و ھێنانەوەی دابینکردنی ژینگەیه‌کی ئارام بۆیان و ھێنانەوەی پارە سپیکراوەکان لەدەرەوەی وڵات، پێویستیشە لەسەر سەرۆکی کابینەی نۆیەم شەفافیەت لە مەسەلەی نەوت ئەولەویەتی کارەکانی بێت، بەردەوام کاری جدی لەسەر بکات و متمانە بگەڕێنێتەوە بۆ ھاوڵاتیان.

پرسیار ئەوەیە جارێکی تر متمانە و ویژدان دەگەڕێتەوە بۆ بازاڕ و نێوان خەڵک و حکومەت و بازرگانان؟! یاخود وەکو کوردەواری ئەڵێت؛ چۆن ھاتووە با وابڕوات!؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی