پەتای هاک

18/07/2019

ڕێگا ڕووف

ئێمەی کورد ئەوەندەی لەهاک ئەترسین، نیو ئەوەندە لە دووژمنانمان ناترسین. هیچ هێزێک بە ئەندازەی ترس لەهاک نامانترسێنێ. بۆچی؟ پەتای هاک بۆ ئەوەندە تاکی ئێمە ئەترسێنێ؟.

کۆمەڵگای ئێمە، کۆمەڵگایەکی داخراوەو گرێ قوڵفەی گەورە دراوە لەناخ و مێشکی تاک. کاتێک کۆمپانیای فەیس بووک کێشەیەکی تەکنیکی بۆ درووست ئەبێت، ئێتر لای ئێمە ئەبێتە هاک و ترس و خۆف لە خەڵک ئەنیشێت. لەبەرئەوەی ئازاد نین چ لەئاستی تاک و چ لە ئاستی کۆمەڵ، بۆیە تاکەکانمان هەمیشە بۆ ڕێگاو دەرفەتێک ئەگەڕێ کەتۆزێک ئازادی خۆی نمایش بکات. لەفەیس بووک و توڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەو بوارە زۆر ئاسان بۆتەوەو بۆیەش ژن و پیاو و باوک، برا، خوشک، کچ، و کوڕ هەوڵی دۆزینەوەی پەیوەندین. پەیوەندیەکان ڕەنگە زۆر جوان و لەسەر بنەمای خۆشەویستی پێک بێت، ڕەنگیشە لەسەر بنەمای ترس و هەڕەشەو توندوتیژی بێت. ترسەکە لێرەدایە، ئەگەر هاک کرای کەشف ئەبیت کێیت؟ حەیات ئەچێت، هەموو خەڵک باست ئەکات و ڕەنگە ببێتە هۆی کەوتنەوەی تاوان و کاری خراپ.

ئەوەی بۆ من گرنگە ئەوەیە هەتا کەی ئەم ترسە؟ تۆ کە ئەزانیت ئەگەر چات بکەیت و هاک کرای "حەیات ئەجێت‌" یان چات مەکە یان تەحەمولی ئازارەکەشی بکە؟ 
ئەم ترسە لەچی؟ تۆ کە ئەتەوێت ئازاد بیت، بوێربەو سبەینێ کە هاک کرای بڵێ ئەوە شتی شەخسیەو کەس هەقی نیە دەستی تێوەربات. ئەوەندەی هێز بۆ ترس و بۆ وەڵامدانەوەو حسابکردنی خەڵک سەرف ئەکەیت نیو ئەوەنە سەرف بکە بۆ دیفاع لە خۆت و بەرامبەرەکەت.

لە هاوڕێیەکم پرسی هەواڵت چۆنە؟ وتی سێ ڕۆژە ئەم پەتایەمە، نە نان ئەخۆم نە ئاو، نە ئەچمە دەرەوەو نە دێمە ف ب بە دوو سێ بەتانی خۆم داپۆشیوە بەم گەمای هاوینە بەشکەم کەس نەمبینێت. وتم بۆ چیتە؟ وتی ماڵت ئاوابێت ئاگات لەم پەتایە نیە؟ وتم کام؟ وتی سێ ڕۆژە ف ب هاک کراوە! 
دەمزانی لە ئەوروپاو ئەمریکاو ئاسیا فەیس بووک کێشەی تەکنیکی هەیە، بەڵام نەمزانی لە کوردستان بۆتە پەتای هاک وخەڵک زیڕەی کردووە.
ڕێگا ڕووف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی