تەواوی چیڕۆكی هێرشەكەی یەكێتیی بۆ سەر گردی زەرگەتە

21/07/2019

سەرتیپ وەیسی

سێ ڕۆژ بەر لە مەڕاسیمی سوێند خواردنی یاسایی نێچیرڤان بارزانی، وەك سەرۆكی هەرێم، كە دەكاتە 10ی حوزەیرانی مانگی ڕابردوو، شاندێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لە سلێمانیەوە دێنە هەولێر، باڤڵ تاڵەبانیش لەگەڵیاندا دەبێت، ئامانجی ئەو شاندە گفتووگۆكردنە لەگەڵ پارتی لەسەر پرسی كەركوك، بەرلەوەی مەڕاسیمی سوێندخواردنەكەی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەبچێت.

لەماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا پارتی ئامادەیی دانیشتنی نابێت لەگەڵ شاندەكەی یەكێتیی، بەڵام لە كۆتا خولەكەكان شاندەكە لەگەڵ نوێنەرێكی پارتی دادەنیشن، بەڵام هیچ شتێكی لێ شین نابێت، ئەو دانیشتنە تەنها بۆ ڕێزگرتنی باڤڵ و شاندەكەیە، كە لە سلێمانیەوە هاتبوونە هەولێر، ئەم حساب بۆنەكردنەی پارتی بۆ شاندەكەی یەكێتیی، دواتر توڕەیی باڵێكی یەكێتیی و باڤل تاڵەبانی لێدەكەوێتەوە.

چوونی كۆسرەت ڕەسوڵ بۆ مەڕاسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی و دانیشتنیان لە سوچێكی هۆڵەكەو پێشكەشنەكردنی وتار لەلایەن یەكێتیەوە، كۆسرەت ڕەسوڵ و شاندەكەی مەكتەبی سیاسی توڕە دەكات.
سەڕەڕای تێبینیان لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی مەڕاسیمی سوێند خواردنەكەی نێچیرڤان بارزانی، دواتر هەریەك لە (كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح و قوباد تاڵەبانی) ، لە كۆبوونەوەیەكدا بڕیاریاندا، مادام كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ ناولێنانی مەسرور بارزانی لە 11ی حوزەیران، پەیوەندی بە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانیەوە هەیە و دانیشتنەكە دواخراوەو بەكراوەیی هێڵدراوەتەوە، بۆیە پێویستە فراكسیۆنی سەوز بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە بكەن.

پارتی لە رێگەی دلشاد شەهاب بە داوەتنامەی فەرمی " باڤڵ تاڵەبانی" بۆ مەراسیمەكە بانگهێشتكردبوو، شوێنەكەشی وا دانرابوو ئەگەر سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئامادەنەبێت لە شوێنەكەی ئەو دابنیشێت، ئەگەر نا لە تەنیشت فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق.

باڤڵ تاڵەبانیش لە دوای داوەتنامەكەی پارتی، لە كۆبوونەوەی ڕۆژی 9ی حوزەیرانی مەكتەبی سیاسی، سوور بوو لەسەر ئەوەی یەكێتی بەشداری مەڕاسیمەكە بكات، داواشی كردبوو بەر لەوەی بچێتە هەولێر لەگەڵ پارتی قسە بكات، بۆئەمەش داوا دەكات لەگەڵ خودی نێچیرڤان بارزانی پەیوەندی بكات، ئەو شەوەش لە ڕێگەی پەیوەندییەكانی خۆی و دۆستایەتی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی پارتی و ئیدریس نێچیرڤان، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی قسەی كردو دڵنیابۆتە لە حساب بۆكردنی و دانانی لە شوێنێكی گونجا.

باڤڵ تاڵەبانی، بە چەند كاتژمێرێك بەر لە هاتنی بۆ مەڕاسیمەكە پەشیمانبۆتەوە، ویستی بە نەهاتنی بۆ مەڕاسیمەكە دڵی قاعیدەی یەكێتیی بۆ لای خۆی ڕابكێشێت و جگە لەوەش باڤڵ تاڵەبانی نەیدەویست بە هاتنی بۆ هەولێر، دڵی گروپی كەركووكییەكانی ناو مەكتی سیاسی و لاهور شێخ جەنگی لە خۆی بڕەنجێنێت، چونكە ئەوان لەو مەسەلەدا توندبوون پێیانوابوو: بە چارەسەرنەكردنی كێشەی كەركوك چوون بۆ ئەو شوێنە خزمەتی پارتی دەكات و پەشیمانبوونەوەشە لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەكردایەتی ئەو حزبە.

بۆیە باڤڵ تاڵەبانی بڕیاریدا نەیەتە ئەو ڕێوڕەسمە ، نەبوونی كات و پێڕانەگەیشتنی بۆ مەراسیمەكەی لای پارتی كردە بیانو بۆ بەشدارینەكردن ( هەرچەندە پارتی ویستی ئەو بیانوە ببڕێت بە ناردنی كۆپتەری سەربازی تایبەت)، دوای ئەوەی ناوبراو نەهات بۆ هەولێر، دەستیكرد بە دروستكردنی سیناریۆیەك، كە گوایە هاتۆتە هەولێرو بەڵام شوێنەكەی بەدڵ نەبوو، بۆیە ناچار گەڕاوەتەوە، ئەم بابەتەشی لە رێگەی دوو دەزگایی میدیایی نزیك لە یەكێتیەوە ورووژاند.

كەڵەبوونی كۆمەڵێك بابەت لەوانە: مانەوەی ناوبراو سێ ڕۆژ لە هەولێرو حاسب بۆ نەكردنی لە لایەن پارتی، وتەكانی بەرهەم ساڵح لە مەڕاسیمەكەدا، كە لە بەرژەوەندی پارتی بوو، بەشداری پێنەكردنی لە بڕیاری ( كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح و قوباد تاڵەبانی) بۆ بەشداریكردنی فراكسیۆنی یەكێتیی لە دانیشتنی ناولێنانی مەسرور بارزانی ، پەراوێزخستنی یەكێتیی لە مەڕاسیمەكەدا، ناونەهێنانی مام جەلال لەم مەڕاسیمەكەدا، بە یەكجاری ناوبراوی توڕەكرد، بۆیە بڕیاریدا فەشەل بە كۆبوونەوەی 11ی حوزەیرانی پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە ناولێنانی مەسرور بهێنێت، فشاریش بخاتە سەر هەردووك فراكسیۆنی گۆڕان و یەكێتیی بۆ بەشدارینەكردن.

سەرباری هەبوونی كۆمەڵێك هۆكار كە ناوبراویان توڕەكرد، هەواڵی بەشدارینەكردنی باڤڵ تاڵەبانی لە مەڕاسیمەكە بەشێوەیەكی خێرا لە میدیاكان بڵاو دەبوویەوە ( كەلەسەرەتادا لەسەر داوای خۆی بوو)، بەتایبەت لە لایەن كەناڵی "كەی ئێن ئێن " و پۆڕتاڵی" ڕووداو"، ئەمەش وایكرد ناوبراو زیاتر گڕ بگرێت، بە تایبەتریش لەو كاتەی سایتی ڕووداو جگە لەوەی هەواڵێكیان لەوبارەیەوە بڵاوكردەوە، لە هەمانكاتدا خەریكی بەدواداچوون بوون، تاوەكو بزانن هۆكاری نەهاتنەكەی شوێنەكەی بووە لە مەڕاسیمەكەدا، یان هۆكاری دیكەی لە پشتەوە بوو، بۆ ئەمەش ڕووداو پەیوەندیان بە نوسینگەی ناوبراوەوە كردبوو، ئەمەش گومانی لای باڤڵ دروستكرد، كە ڕووداو دەیەوێ ئەو مەسەلەیە بە لاڕێدا ببات و ئەسڵی بابەتەكە بخاتەڕوو. لەبەرئەوەی باڤڵ تاڵەبانی هێشتا كێشەی بەشداریكردنی فراكسیۆنی یەكێتیی لە دانیشتنی پەرلەمان چارەسەر نەكردبوو، لەولاوە هۆكاری بەشدارینەكردنەی لە میدیاكانەوە بەشێوەیەكی سەیر قسەی زۆری لەسەردەكرا، بۆیە لەسەر ئەم بە دواداچوون و هەواڵەی هەمان شەو ( 10ی حوەزەیران)، ناوبراو پەیوەندی بە كەناڵی ڕووداو دەكات و هەڕەشە دەكات ئەگەر ئەو هەواڵە ڕانەگرن، ئەوا هێرش دەكاتە سەر نوسینگەی ڕووداو لە پارێزگای سلێمانی و بەڕێوبەری پۆرتاڵی ڕووداویش دەكوژێت، ڕووداویش بە ناچاری ئەم بەدواداچوونەی ڕاگرت.

هەمان شەو كوڕە گەورەكەی تاڵەبانی پێچەوانەی بڕیاری كۆسرەت رەسوڵ و قوباد تاڵەبانی و بەرهەم ساڵح، بڕیاردەدات كە بەیانیەكەی ڕێگە بگرێت لە چوونی هەردوو فراكسیۆنی یەكێتیی و گۆڕان بۆ دانیشتنی 11ی حوزەیرانی تایبەت بە ناولێنانی مەسرور بارزانی وەك سەرۆكی حكومەت.

لەسەرەتادا پەیوەندی به فراكسیۆنی یەكێتیی دەكات و هەڕەشەی ئەوەیان لێدەكات، ئەگەر سبەی فراكسیۆنی یەكێتیی ئامادەی ئەو دانیشتنە بێت، بارودۆخیان باش نابێت، یەكێك لە ئەندامانی فراكسیۆن بۆ باڤڵ ئاماژەی بەوەكردبوو: ئەوان بە پشت بەستن بە كۆبوونەوەی جێگرانی سكرتێری گشتیی و قوباد تاڵەبانی بەشداری دەكەن و گوێ بە هیچ كەس نادەن.

ئەم گوێنەگرتنەی سەرپەرشتیاری فراكسیۆنی سەوز، باڤڵ تاڵەبانی توڕە دەكات دوای چەند ڕۆژێك لەم ڕووداوە پەیوەندی بە كۆسرەت ڕەسوڵەوە دەكات، كە رێواس فایەق كاندیدی ئەویشە بۆ سەرۆكی پەرلەمان و كەسی دیكە كاندید نییە بۆ ئەو پۆستە.

لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەكەی "كەی ئێن ئێن" لەبارەی هۆكاری بەشدارینەكردنی باڤڵ لە مەراسیمی سوێند خواردنەكەی نێچیرڤان بارزانی ، باڤڵ تاڵەبانی پەیوەندی بە چیا نەوشێروان موستەفا دەكات، تاوەكو ئەو هەواڵە رابگرن و داواشی لێدەكات بەیانی بەشداری دانیشتنی پەرلەمان بۆ ناولێنانی مەسرور بارزانی نەكەن.

چیا نەوشێروان موستەفا خۆی تەلەفۆنەكەی باڤڵ تاڵەبانی وەڵامدەداتەوەو ئاماژەی بەوەكرد: ئەگەر ئەو كەی توانی فراكسیۆنی حزبەكەی خۆی ڕازیبكات، ئینجا دەتوانێت تەكلیف لە ئەوان بكات، كە فراكسیۆنی گۆڕان بەشداری دانیشتنی پەرلەمان نەكات.

چیای نەوشێروان موستەفا لە تەلەفۆنەكەیدا هیچ حسابێك بۆ باڤڵ ناكات، ئەو بێمنەتیەی چیا، هەڕەشەی لێدەكەوێتەوە هەر لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا ناوبراو بە چیا دەڵێت " ئێستا هێز بۆ سەر گردەكە دەنێرم "، گۆڕانیش هەڕەشەكە بە جدی وەردەگرن، باش چەند كاتژمێرێك هێزێكی زۆر بۆ سەر گردی زەرگەتە دێت، گۆڕانیش ئەو ناوە پڕدەكات لە خەڵكانی خۆبەخش بە چەك و بێ چەك.

لاهور شێخ جەنگیش لە دوای باڤڵ تاڵەبانی پەیوەندی بە گۆڕانەوە دەكات، داوایان لێدەكات ئارام بگرن لەسەر ئەو هەڕەشەیە، هیچ كاردانەوەیەك نەنوێنن بەڵێن دەدات هاوكار بێت كە هیچ شتێك ڕوونەدات.

گۆڕان لە دوای كاتژمێر 2ی شەو پەیوەندی بە نێچیرڤان بارزانیەوە دەكەن، كە باڤڵ نیازی هێرشكردنی بۆسەر گردەكە هەیە، ئەوانیش لەسەر خەت بوون لەگەڵ هەردوولایەن، بۆئەوەی ڕێگە لەو هێرشە بگرن.

دواجار هێرشی باڤڵ تاڵەبانی، بۆ سەر گردی زەرگەتە كوشتنی پۆلیسێكی گردەكەی لێكەوتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی جگە لە هێزەكەی باڤڵ، هێزی دیكە لە باڵەكانی دیكەی یەكێتیی چووبوونە ناوچەكە بە بیانوی جۆراو جۆر، بۆیە تاوەكو ئێستا لەلایەن مەكتەبی سیاسی یەكێتیەوە، گومان هەیە كە كەسێكی دیكە ئەو كارەی كردبێت، تاوەكو بارودۆخەكە تێكبدات، نەك باڤڵ تاڵەبانی، بەڵام دواجار لەسەر ناوبراو شكایەوە، چونكە ئەو لەسەرەتادا هەڕەشەكەی كردبوو.

بەر لەوەی ئەو بابەتە بچێتە میدیاكان، قوباد تاڵەبانی كە ئەوكات وەك سەرۆكی حكومەت مامەڵەی دەكرد لە شوێنی نێچیرڤان بارزانی بەپێی یاسا، زانی كە هەڵچوون و ڕەفتارەكانی برا گەورەكەی لە شوێنی خۆیدا نییە، بە گران لەسەریان دەشكێتەوە، ناچار بە خێرایی دەچێتەوە سلێمانی لەگەڵ بزوتنەوی گۆڕان رێكدەكەوێت، تاوەكو ئەو بابەتە نە وروژێندرێت، لە هەمانكاتیشدا لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان رێكدەكەوێت، بە بڵاوكردنەوەی ڕاگەیاندراوێك، بەوەی كە ئەو بابەتە پەیوەندی بە یەكێتیەوە نییە، بەڵكو دەمەقاڵی لە نێوان كۆمپانیایەكی سكیوریتی باڵەخانەیەك و پاسەوانانی گردەكە بۆتە هۆكاری كوشتنی كەسێك.

ڕۆژی 11ی حوزەیران، پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێك بابەتەكەی بچووك كردەوە، قوباد تاڵەبانیش پێش ڕاگەیاندراوی پۆلیس، بەبێ دەستكردن بە لێكۆڵێنەوە وەك حكومەتی هەرێم، لە تۆڕی كۆمەڵاتی فەیسبوك باسیلەوەكرد: یەكێتی هێرشی نەكردۆتە سەر گردی زەرگەتەو پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە.

ئەو هێرشەی باڤڵ شاردرایەوە بە ڕەزامەندی گۆڕان، ئەو كات و ئێستاش گۆڕان بەفەرمی نەیوت كە باڤڵ هێرشی كردۆتە سەر گردەكە تەنها باسیان لە بەرپرسێكی یەكێتیی كرد لە رێگەی لێدوانی ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی لە میدیاكانەوە. 

بزوتنەوەی گۆڕان لەماوەی 10 ساڵی تەمەنیدا، جارێكی دیكە ڕووبەڕووی هێرشكردنی یەكێتیی بۆ سەر گردەكە بوویەوە، هەرچەندە دیسانەوە ئەو هێرشەی یەكێتیان گەورە نەكرد، بەڵام ئەو بابەتەشیان لە بیر نەچووەو ناچێت، بۆیە دەیانەوێ چارەسەرێك بۆ هێرشەكانی یەكێتیی بدۆزنەوە، بۆ ئەمەش ئامانجیانە لەمەودوا هێزێكی پاراستنی گردەكەیان هەبێت، چیتر ڕێگە بەوە نەدەن هەركەس لە یەكێتیی بیەوێ هێرش بكاتە سەریان.

پلانی گۆڕان ئەوەیە، كە دوای وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، ئەو جێگرە فەوجێك، یاخود لیوایەكیان لە لایەن نێچیرڤان بارزانیەوە بۆ دروستبكرێت، هاوشێوەی لیواكەی كۆسرەت رەسوڵ وەكو جێگری پێشووی جێگری سەرۆكی هەرێم، تاوەكو كاری ئەو هێزە پاراستنی گردی زەرگەتە بێت، ئەگەریشی هەیە لەو مەسەلەیەدا پارتی هاوكاری گۆڕان بێت.

دروستكردنی هێزێك لە پەنای پاسەوانانی جێگری سەرۆكی هەرێم، ڕەنگە بۆ داهاتووی سلێمانی خراپ بێت، چونكە پێكدادانی دوو هێز لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە كاتی هەبوونی ململانێ و ناكۆكی نێوان ئەو دوو هێزە، لە بەرژەوەندی هیچ كام لەو لایەنانە نییە، لەوانەیە تەنها هێزی دیكە قازانجی لێبكات و مەترسی شەڕی نەخوازراویشی لێبكەوێتەوە.

سەرتیپ وەیسی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی