"گومان لە هەموو شتێك"

21/07/2019

سەلام مارف

وتراوە كاری ئاسایی رۆژنامەگەری بریتییە لە پێدان و گواستنەوەی زانیاری بۆ وەرگرەكانی. بەڵام بە تێبینیكردنی ئەوەی دەگوزەرێت، پرۆسەی گواستنەوەی زانیاری بۆ خۆی جۆرێك لەدەستدانی زانیارییە لای وەرگر. رۆژنامەوانی باو، ئاستی لێكدانەوەی وەرگر بۆ رووداوەكان دێنێتە خوارەوە و لە راستیشدا ئەمە سەرەكیترین ئەركی رۆژنامەوانی باوە. تەڵەی راگەیاندن بریتییە لەوەی، كە مرۆڤەكان شاگەشكە بكرێن، دڵخەنی بكرێن بەوەی كە زانیاریان پێدەدرێت و رووداوەكانیان بۆ دەگوێزرێتەوە و لە چاوەڕوانیدا بن تا رووداوەكانیان بۆ بگوێزنەوە، سەرەنجامیش بە پوختی ماجەرای رووداوەكانیان بخرێتە بەردەست.

دەستەواژەكانی "نەها، بەپەلە، چاوەڕێبن، ..." لەو كۆدانەن كە وەرگر تەواو لامبالات دەكەن و بەتەواوی لە هەناوی رووداوەكە ئەیكەنە دەرەوە. ئەركی ئەم دەستەواژە رۆژنامەوانییە بەدەستهێنانی لامبالاتی وەرگرە بەوەی كە وەرگر بە تەواوی لە مەجارای ئەوەی دەگوزەرێت دوور بخرێتەوە، پێش وەرگرتنی هەر شتێك خۆی لەسەر بەتاڵكردنەوە رابهێنێت. ئەم پرۆسەیە هەمان وەهمی ئەوە لای وەرگر بەرهەمدەهێنێتەوە كە بوونەتە خاوەنی زانیاری.

زانیاری رۆژنامەوانی، پێگەیەكی بەهێزی ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتە. دەوڵەت ئەتوانێت لە رێگای ئەم زانیارییانەوە، لەرێگای دروستكردنی ئەو فیگەر و كەناڵانەی كە زانیارییەكانی لێوە دەگوزرێتەوە، كەسی بەرامبەر وەك "بانگكراوێگ" وەربگرێت و بەردەوام ئاراستە بكرێت. 

من لێرەدا هەر بە تەنیا مەبەستم لە "درۆ" بوونی داتا و زانیارییەك نییە، واتا مەسەلەكە هەر ئەوە نییە، كە ئەوەی پێماندەگات درۆیە و لە رێگای رۆژنامەوانییەوە وەك راستییەك دەپێچرێتەوە و دەكرێت بە قورگماندا. بەڵكو با گریمانەی ئەوە بكەین، كە ئەوەی دەگوزەرێت لە 100% راستە، هێشتا ئەمە هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت، كە خودی ئەم راستبوونە هیچ نییە جیا لە تێڕوانین و جیهانبینییەك كە پێشتر كەسەكانی لەسەر راهێنراوە، كە واتە ئەوەی كە درۆیە خودی داتایەك نییە، بەڵكو كۆی واقیع خۆی وەك درۆیەكی بەڕاستكراو خراوەتە روو، كە بەچاوی ئاسایی ناتوانین هەستی پێبكەین، ئەویش نەك لەبەر ئەوەی كە توانای ئەو پەیپێبردنەمان نییە، بەڵكو لەبەر ئەوەی هەمان واقیعی ئێمە، واقیعێكی هەزاران جار بەرهەمهاتووەی ئەو دۆخەیە.

هەروا بە رێككەوت نییە كە زۆربەی حیزبەكان، خاوەنی سوپایەكی فراوانی رۆژنامەوان و هەواڵدەر و دەزگای زەبلاح، سەرانسەری و ناوچەیین، هەروا گاڵتە نییە كە بە خشكێیی نەوەیەكی رۆژنامەوان و هەواڵدەر چوونە ناو كەناڵەكانی سیاسەت و دەسەڵاتەوە. لە راستیدا بواری رۆژنامەوانی و ئەو بوارە ئەكادیمانەی كە پەیوەندییان بە رۆژنامەوانی و گەیاندن و جۆرێك شیكردنەوەی هەواڵ و بابەتە سیاسییەكان هەیە، وردە وردە بەرەو ئەوە رۆشتن كە پێگەی یەكێك لە بەهێزترین پێگە ئایدۆلۆژییەكانی دەسەڵاتی ئەمڕۆی كوردستان پێكبهێنن. بواری ئەكادیما لە كوردستان، ئەركی بەرهەمهێنانەوەی ئەم شەبەحە گەورەیەی لە ئەستۆ گرتووە. خوێندن، بۆ كۆمەڵگا بێسود بووە، بەڵام بۆ حیزبەكان كەناڵی بەرهەمهێنانی كادێرەكانیا بوو.

لە بەرامبەردا ئەركی رۆژنامەوانی رادیكال و بەرەنگار، گواستنەوەی زانیاری نییە، یان بڵێین ئەمە تەنیا ئەركێكی زۆر لاوەكییە، لەوە زیاتر ئەركی ئەو دروستكردنی گومانە لەسەر كۆی ئەو زانیاریانەی دەخرێنە بەردەستمان. بەواتایەكی تر، ئەوەی رۆژنامەوانی دەكاتە فیگەرێكی شۆڕشگێڕ گوماندروستكردنە لەسەر ئەوەی وەك زانیاری بڵاو دەبێتەوە. بە دەربڕینێكی خوازراو ئەركی ئەم رۆژنامەوانییە بەرەنگارە "رشاندنەوەی هەموو ئەوانەیە كە رۆژنامەوانی باو دەرخواردمانی داوە"

وەك نمونەیەك كە مایەی ئاماژە بێت، كاری ویكلیكسش هەر ئەمە بوو. ویكلیكس زانیارییەكی تایبەت و داتایەكی تایبەتی نەخستە بەردەستمان، بەڵكو ئەو بەتەواوی گومانی خستە سەر ئەوەی دەگوزەرێت و بەتەواوی "گواستنەوەی زانیاری" رۆژنامەوانی، واتا سوپایەكی بەهێز و فراوانی سەرقاڵ بەم بوارەی وەك جۆرێك حیلە و چاوبەست خستەڕوو. بۆیە كاریگەرییەكانی ویكلیكس لەبری ئەوەی پەردەهەڵماڵین بێت لەسەر رووداوەكانی رابردوو، لە راستیدا چاندنی تۆری بێمتمانەیی بوو بە كارەكانی داهاتوو، بە گوتاری باو، واتا تەنیا لە سنووری گواستنەوەی زانیاریدا نەسوڕایەوە، بەڵكو گومانی خستە سەر پەیامەكانی داهاتوویش.

سەلام مارف