دەهۆڵی شەڕی ناوخۆ بوەستێنن

21/07/2019

کامەران مەنتک

پێویستە (PKK) و (PDK) دەست بە گفتوگۆبكەن
شەڕێكی نا تەندروست و ترسناكی میدیایی لەنێوان دوو باڵی گەورەی كورد (PKK) و (PDK) لەو قۆناغە دەستپیكردووە، تەنانەت لە هەندێك شوێن لە ژێر فشاری توركیا(PDK) لەو شەڕە تێوەگلاوە، بەڵام ئەوەی هێڵێكی هێشتۆتەوە بۆ گەیشتن بە ئاشتی ئەوەیە تاوەكو ئێستا شەڕەكە بە شێوەیەكی راستەوخۆ رووینەداوە. تا ئێستا پانتاییەك هەیە بۆ دانوستان و گفتوگۆكردن و رێگە نەدان بە دایسانی شەڕ، دەبێت هەوڵ بدرێت كێشەكان نەگەیەنرێتە ئاستی شەڕ، چونكە ئەوان دەتوانن شەڕ دەست پێبكەن بەڵام هەرگیز ناتوانن بیوەستێنن. ئەوەی جێگای داخە میدیاكان و تەنانەت میدیاكانی سێبەری ئەو دوو حزبەو حزبەكانی تریش لە هەستیاری و مەترسیداری دۆخەكە تیناگەن و ناتوانن لە بەرپرسیاریەتی ئەو قۆناغە تێبگەن، دەهۆڵ لێدان بۆ شەڕی ناوخۆ هەرگیز لەبەرژەوەندی كورد نیە، جگە لە چەند بازرگانێكی شەڕ سوودمەندی یەكەم توركیاو داگیركەرانی كوردستان دەبێت. هەركەسێكیش ئەو دەهۆڵە دەكوتێت با خۆی یا كوڕی یا براكانی و خێزانەكەی راستەوخۆ بنێرێتە شەڕ، نەك خۆی لەسەر خوانی رازاوەو پارەی دزیاری دانیشتبێت و شوێن و خانووی لە دەرەوە كڕێبێت و كەسە نزیكەكانی خۆی لە دەرەوە بێت، داوا لە منداڵی هەژاری كورد بكات لە پێناو بەرژەوەندیەكانی ئەودا خۆیان بە كوشت بدەن. ئەوەی حەزی لەشەڕە با خۆی بچێتە بەرەی شەڕ نەك هانی خەڵكی تر بدات!.

پێویستە خەڵكی كوردستان ئەوە بە باشی بزانێت، كە ئەو شەڕە ئەگەر رووبدات، دوا شەڕی ناوەخۆ دەبێت و هاوسەنگیە نێودەوڵەتیەكە بە شێوەیەك گۆڕاوە، كە كورد تیایدا بە سفر دەردەچێت. توركیا لە كاتێكدا خۆی بۆ پەلاماری رۆژئاوای كوردستان ئامادەكات و بە دەیان هەزار سەربازو چەكدارە توندرەوەكانی بە ناوئ ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە لەسەر سنوورەكانی رۆژئاوا كۆكردۆتەوە، دەیەویت لەگەڵ دەستپێكردنی هێرش لە باشوریش شەڕی ناوخۆ دروست بكات، كە ئەمە لە لایەك لەرویی واتاییەوە زیانی زۆری بۆ رۆژئاوا بۆ هەموو كورد دەبێت، لە لایەكی تر بە ئاسانی باشور دەدەنەوە دەست حكومەتی عێراق و هیچ شتیك نامێنیت بە ناوی مەسەلەی كورد لە باشور. رەنگ بێت زۆركەس بۆ ئەو خوێندنەوە تێبینی ئەوە بكەن، كە رۆلی ئەمریكا پشتگوێخراوە!. لە راستیدا ئەگەرتوركیا بەكارێكی وا هەڵسێت ئەوەی پەیوەستە بە رۆڵی ئەمریكا لە دوو ئەگەر زیاتر بە خۆوە ناگرێت، یاخود لە پیناو گەڕاندنەوەی توركیا بۆ باوەشی رۆژئاوا ئەمریكا مەسەلەی كورد دەكاتە قوربانی و باجی ئاسایی كردنەوەی پەیوەندیەكانی لەگەڵ توركیا بە كورد دەدات، ئەمەش واتای جێبەجێكردنی نەخشەرێگای مەنبەجە، كە لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە لەگەڵ توركیا لەسەری رێك كەوتووە، یاخود توركیا ئالنگاری ئەمریكا دەكات، وەك ئەوەی ئێران دەیكات و مەسەلەی ماوەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكی ئەمریكا وەك دەرفەتیك دەقۆزێتەوە، بۆ ئەوەی سیاسەتەكانی خۆی جێبەجێ بكات!. لە هەموو حالەتەكاندا ئێستا ئەمریكا وەك گورگێكی بریندار دێتە بەرچاو، لە هەموو لایەكەوە پەلاماری دەدرێت، بۆ ئەوەی رایبكێشنە ناوڤێتنامیكی ترەوە!. تا ئێستا ئەمریكا دانی بەخۆیدا گرتووە، ئەو دان بەخۆداگرتنەش دەرئەنجامی سیاسەتی گەڕانەوە دواوەو لاتەریككردنی ئەمریكایە، كە (دۆناڵد ترامپ) پەیڕەوی دەكات و ئەمریكا لە ئەركە جیهانیەكانی دووردەخاتەوە. بەلام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە ئایا ئەمریكا ئامادەیە لە پیناو كورد سەرەڕۆیی بكات و خۆی بخاتە جەنگێكی جیهانیەوە!؟. لە هەموو دۆخیكدا نابێت گرەو لەسەر ئەمریكا بكرێت. بۆیە كورد نابێت لەو دۆخە هەستیارەدا بەو ئاڕاستەیە كاربكات و پێویستە تاكی كوردو حزبەكانی كوردی لەو مەترسیە گەورەیە تێبگەن!.

راستیەك هەیە پیویستە ئاماژەی بۆ بكەین، پارتی ئێستا كەوتۆتە ژێر رەحمەتی توركیاو دەستی لە خنخنۆكە نراوە، ئامادەیە هەموو كاریك بكات لە پێناو مانەوە، بۆیە پێویستە دەروازەی رزگاربوون‌ لای توركەكان نەدۆزێتەوە، بەڵكو پێویستە كورد خۆی ئەو دەرگایەی بۆ بكاتەوەو دەست بە دانوستاندن بكرێت، ئەگەرچی دەرفەتەكە زۆر كەم ماوەو رۆژ بە رۆژیش بچووكتر دەبێتەوە، بەلام گرنگ ئەوەیە ئەو دەرفەتە تا ئێستاش ماوە، لە جیاتی تۆمەتباركردنی پەكەكە بە تیرۆریست و لیدانەوەی قەوانی توركەكان، پێویستە هێزەكانی تری كوردی رۆڵی ناوەندگیر بگێڕن. ئەگینا هەر شتیك رووبدات، بەر لەیەكێتی پارتی ئەوان دەكەونە بەر سزای گەل. ئەم شەڕە ئەگەر رووبدات وەك شەڕەكانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو نابێت، ئەم شەڕە وەك شەڕەكانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەبیت، چونكە سیستەمی جیهانی تاك جەمسەری نەماوەو پێگەی جیۆپۆلەتیكی كوردستان بە شیوەیەك گۆڕاوە، كە لە دۆخی قۆناغی شەری سارد دەچێت و خەریكە دەبێتەوە ناوچەیەكی تامپۆنی، بۆیە ئەو گۆڕانكاریانەی دێن، ئەگەر بەو ئاڕاستەیە بڕوات، ئەوا دۆخی كورد بە شێوەیەك نابیت ئێرەیی پێ ببردرێت.

كامەران مەنتك

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی