مەلا بەختیار زیاتر بێ ئومێدی كردین

21/07/2019

گۆران عەلی كەریم

زۆركەس لایان وابوو دوای ئەوماوەیەی كاك بەختیار دوركەوتبۆوە ،جارێكی تر بەپرۆژەو بەرنامەیەكی جیاواز لەرابردوو دێتەوە مەیدان، بەڵام گەر بەدیقەتەوە بابەتەكەی بخوێنرێتەوە دەبینرێت زیاتر بابەتەكانی تەرخان كردبوو بە باسكردن و گێرانەوەی رابردوو. هیچ پێشنیارێكی گرنگ و تایبەتیشی تیا نەبوو بۆ ئێستای یەكێتی، تاوەكو یەكێتی و یەكێتیەكان بەرەو ئامانجێكی تایبەت ڕێنوێنی بكات، چونكە دەبێت ئەوە بزانرێت سیاسییەكان ئامانجیان هەیە نەك خەون، كاك بەختیاریش خەونی دادپەروەری و یەكسانی وەك بەرنامەی سۆسیالیستی كردۆتە بنەمایی پرۆژەكەی و لەپاڵ ئەوەشدا زۆری نەماوە كە هەموو عەیبەكانی یەكێتی بخاتە سەر شانی هاورێكانی و خۆی لەروداوەكان و ناشرینییەكان بێ بەری بكات. هەموو كەس دەزانن كاك مەلابەختیار ٩ مانگە تارادەیەك دوركەوتۆتەوە و ئەو روداوانەی باسیشی دەكات هی چەند ساڵ لەمەو بەرن و تەنانەت سەردەمانێكیش باس دەكات كە مام جەلال لە تەندروستی باشدا بووە، بۆیە دەبوو پێش هەركەس رەخنەی ئاراستەی خۆی  بكردایە، چونكە خۆی لەوكەسانە بوو كە زۆرترین  بریاری یەكێتی لای ئەو بووە، یان دەكرا بەڕنامەكەی بەوجۆرە دابرشتایە باسی رابردوی نەكردایەو خاڵی بخستایەتە سەر ئەو وشانەی كە دەكراو دەلوێت بۆ ئێستای یەكێتی و لەلای خەڵك و جەماوەری یەكێتیش بەگرنگ دەزانرێت.

ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانی هەمولایەكە ئەوەیە كاك مەلا بەختیار سازشیكی زۆر بۆ پارتی دەكات و هەڤاڵانی حیزبەكەی و تەنانەت گۆڕانیش تۆمەتبار دەكات لەبەردەم پارتیدا، ئەوەتا بەهانە ئەهێنێتەوە بۆ روداوی پەكخستنی پەرلەمان و وەدەرنانی سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانی گۆران، ئەو دەیەوێت بلێت پارتی لەبەرسەرخستنی حكومەت گۆڕانی دەركردوە نەك لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم  بۆیە دەلێت  پارتی كەزانی حكومەتی بنكەفراوان!! سەرناكەوێ، گۆڕانی وەدەرنـــا. پێش وەدەرنـانـی گۆڕانیش، لەكۆبونەوەیەكی داخراودا و لەكۆبونەوەیەكی ئاشكراشدا بەڕێكخەری گشتی گۆڕان و وەفدەكەیم گوت: پارتی دەرتان دەكات، گوتیان ناتوانن، گوتم دەیكەن، كاك عومەری سەید عەلی گوتی: گەر پارتی وایانكرد ئێوە چی دەكەن، گوتم دژی دەبین، بەڵام لەگەڵ پارتی لەسەر ئێوە تێكی نادەین، دژیشی بوین. 

بەڵام راستیەكەی شتێكی تر دەڵی كەپێویستە لێرەوە بۆ خوێنەرانی ئاشكرا بكەم، ئەوكاتە یەكێتی ئەیتوانی پارتی راگرێت و دۆخەكەش ئارام بكاتەوە، وابیستراوە لەناو خەڵكدا كە هێرۆخان هەڵوێستی هەبوە، بەڵام كاك بەختیار چوەتەلای و قەناعەتی پێكردوە كە ئەوە بۆیەكێتی باش نییە پشتگیری لەگۆران بكرێت لەبەرامبەر پارتیدا، بەمەرجیك ئەو پرسە ئەوەندەی پەیوەندی بەچەسپاندنی دیموكراسیەت و راگرتنی قەڵەمڕەوی پارتییەوە هەیە، ئەوەندە پەیوەندی بەگۆڕانەوە نەبوە. لە نوسینەكەیدا ئەوە دەردەكەوێت كاك بەختیار وەك یەكێتی هەر خۆی بریاریداوە كە لەگەڵ پارتی تێكی نەدەن لەسەر گۆران، .

پرسێكی تر كە جێگەی سەرنجە كاك بەختیار بەرنامەكەی بۆ ئەستۆپاكی  پارتی هۆنیوەتەوە ئەوەتا دەلێت:زۆرجــار هەوڵمانداوە، دۆخـی سیستەم و حوكمڕانی و ســـەروەری یاسا،پاكسازی و چاكسازی بكەین، لەكۆبونەوەكاندا بڕیارمان لێداوە، پرۆژەو بەرنامەمان نوسیوە، لەكۆبونەوەكانی پارتیدا باسمان كردوە وپرۆژەكانمان پێشكەش كردوە. كاك بەختیار هێندە بەشان و باڵی پارتیدا هەڵدەدات مرۆڤ سەری لێتێك دەچێت كە ئایا ئەمە كارگێری مەكتەب سیاسی پارتییە یان یەكێتی؟. چونكە دەكرا كاك بەختیار گلەی لە حیزبەكەی بكات كەخۆی ڕۆڵی سەرەكی هەبوە تێیدا بەبێ هەڵدان بەشان و باڵی حیزبێكی تردا. كاك بەختیار لەدریژەی ئەو بابەتەیدا دەڵێ: تەنانەت بەرنامەی گرتنی تاوانبارانمان هەبوو بەڵام لەزۆنی سەوزدا داڵدە دراون. گومان لەوەدا نییە تاوانباران لەلایەن بەرپرسانی یەكێتیەوە داڵدە دەدرین، بەڵام با وێنەكە بۆ كاك بەختیار ئاشكراتربێت كەزۆنی زەرد و پارتی لە دوای راپەرینەوە جێگە و لانكەی تاوان باران بوە، ئایا ئەو هەمو سەرۆك جاش و تاوانبارانەی بەعس كێبو داڵدەی دان؟ لە ئێستاشدا گەر حكومەتی عێراقی بیەوێت كەسێك بەتاوان سزابدات هەموان دەزانین لەكوێ دەگیرسێنەوە، بەداخەوە لەكاتێكدا سلێمانی پشتو پەنای كاك بەختیاربوە نەدەبو ئەو وێنە ناشرینانە بەزۆر دابتاشێت بەسەر ئەم شارەدا یان گەرمیانی شەهید و ئەنفال بچوك بكاتەوە لەچاو جێگایەكی تر كە شوێنی لەدایك بونی خۆیەتی.

حیزب نییە لەرۆژهەڵاتی ناوەراستدا هێندەی یەكێتی بەرپرسەكانی بە ئاشكراو نهێنی، تەسریح بدەن و ڕای گشتی چەواشە بكەن و بەرنامەی حیزبەكە تێك بدەن و بوختان هەڵبەستن،باوەڕیش ناكەم، حزبێك هەبێ، بە پـارەی دەزگاكانی، بەئەندازەی یەكێتی سایتی نهێنیو پەیچی سەیروسەمەرەی شكاندنو تومەت هەڵبەستنی هەبێ!! هەمووشی بۆ تەكەتولەكان دەكرێ نەك بۆ یەكێتی. ئەمانە گوتەی بەڕێزیانە، بە بۆچونی كاك بەختیار یەكێتی هۆكاری سەرەكی نادادی و هەموو ناشرینیەكانی تری كۆمەڵگەیە بە گەندەڵیشەوە، بەڵام هەقە جەماوەری یەكێتیش بپرسێت، حزب لەدنیا هەیە سەركردە و كارگێری مەكتەبی سیاسی ئاوا باسی حزب و سەركردەكانی خۆی بكات، خۆگەر ئەمە بەرنامەیە بۆ چاكسازی ئەوەندەی نائومێد كردنە بە یەكێتی ئەوەندە ئومێد بەخش نییە بە ئایندەی حزبێك كە سەركردەكانی خەریكی سەرانەو بازرگانی بن و هۆكاری ناشرینینیەكانی كۆمەڵگە بێت، لەهەموشی سەیرتر، ئەوەیە كە كاك بەختیار باسی لێدوانی زۆری بەرپرسەكانی یەكێتی دەكات، بەڵام لەناو یەكێتیدا ئەستەمە كەسێك بدۆزرێتەوە بەوتەبێژەكانی یەكێتیشەوە هێندەی خۆی بۆمیدیاكان قسەی كردبێت و رەئی جیاواز و لێدوانی پێچەوانەی ئاراستەی حزبەكەی خۆی وتبێت، نمونەی زیندوش بۆ ئەو قسەیە بڵاو كردنەی ئەم بەرنامەیەی ئێستایەتی كە جگە لەبێئومێد كردن و هێرش كردنە سەر هاوسەنگەرەكانی  خۆی شتێكی تازەی تێدانییە.

گۆران عەلی كەریم

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی