ئەم بڵقەی ناو یەكێتی كەی ئەتەقێت؟

22/07/2019

شوان هەركی

زۆر سەیرە هێزێك هەبێت ناوی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بێت كەچی نەك یەكێتی نیشتمانی نەبێـ تەنانەت لەناوخۆشیدا یەكگرتوو نەبێت، ئاخر ژیانی حیزبایەتی كەی و لە چ حیزبێكدا ئاوا بووە هەموو تواناو وزەكانی بۆ بەخەرج بدرێت، چۆن دژایەتی یەكتر بكەن. هەندێك بەرپرسی یەكێتی هەر كاتێك مایك دەبینێت ئیتر ئەوەی نەشیاوە بەحزبەكەی خۆی دەڵێت.
 قسەكانی مەلا بەختیار هەرچەندە بەشێكی ڕاستی تێدا بوو، بەڵام خراپی ئەوەبوو وتنی ئەو راستیانە و بۆ جێگە كردنەوەو داخ ڕشتن بوو بەرامبەر بە كاك بەرهەم و هەندێك سەركردەی تری  یەكێتی، رەنگە هێشتا ئەو لەبازنەی رق بوونەوەو تورەبوون نەچوبێتە دەرەوە، بۆیە نەفەسی تورە بوون بەشتەكانیەوە دیارە.
من وەك میدیاكارێك دەپرسم كێ هۆكاری تۆرانی بەلێشاوی كادری یەكێتی بوو؟ گۆڕان پێشتر بۆ دروست بوو، كێ‌ خاوەنی  لێدوانە ئاگرینەكان بوو، كێ‌ لەپشتی هەڵمەتەكانەوە بوو.... كێ‌ و كێ‌... بەڵام یەكێتی چەند سودی لەو هەڵایە وەرگرت تا ئێستا درێژەی پێبدات و بازار گەرمی بۆ بكات بەپاساوی رەخنەو دژە گەندەڵی.
دیارە لەرابردوو دا گەلێك كادرو ئەندامی یەكێتیی دەركران و موچە بڕاو كران، هەربۆیە بەسەدان كادری دڵسۆزی ڕاگەیاندن لە یەكێتی دوركەوتنەوە، خۆ ئەوكاتە ڕێزدار مەلا بەختیار ماوەیەكی دورو درێژ بوو لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و قسە رۆیشتووی نا یەكێتی بوو لەپاڵ ئەوەشدا ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی مەكتەبی ڕاگەیاندنیشی دەكرد، ئایا كەس لەبەرپرسەكانی یەكێتی لەخۆی پرسیەوە، بۆ ئاستی میدیای یەكێتی گەیشت بەو ئاستەی ئێستا، جاران میدیای یەكێتی پێشەنگ بوو، ئەی ئێستا لەكوێی میدیای پارتیەوە لەنگەری گرتوە، هەقە بۆ پیاچوونەوە بەدۆخی یەكێتیدا بەو دۆخەشدا بچنەوە بۆچی هەندێك بەهۆی نزیكی فڵان و دوری فڵان دەركران و  بە ئێستاشەوە قەرزاری موچە سەرف نەكراوەكانیانن. مەگەر كاك بەختیار  ئەوكاتەی بۆ بەدەنگ كادرو ئەندامە دڵسۆزەكانەوە نەهات و پشتیوانیان بكات. 
ئەوەی من ئاگادار بم شەست ڕۆژنامەنوس لە ڕادیۆی دەنگی گەلی كوردستان وەدەر نران و ژوری بەرپرسی یەكێتی نەما سەری پیادا نەكەن، بە كاك بەختیاریشەوە بۆ گوێیان بۆنەگیرا كە هیچیان لە ۱٥ساڵ كەمتر خزمەتیان نەبوو، سەرەنجام بەشێكیان سەری خۆیان هەڵگرت و ڕێگای مەرگیان هەڵبژارت چونە ئەوروپا و هەندێكیش بۆ پەیداكردنی بژێوی خۆیان چونە شوێنی تر.
هەموومان دەزانین ساڵانێكی زۆر هەموو حیزبەكانی كوردستان بەسەردەمی ئێزگەكەشەوە بەخیلیان بەو لەشكرە لەكادیرە بەتوانایانەی ڕاگەیاندنی یەكێتی دەبرد. بەڵام ئێوە لەخۆتان پرسیوە ئێستا ئەوانە بۆ كوێ چون و لەكوێن و بەهۆكاری چی دورخرانەوە، ئایا ئێوە دەزانن بەشێكی زۆری ئەو كادرە بە تواناو پێشكەوتوانەی یەكێتی ئێستا لە میدیای غەیرە یەكێتی خزمەت بە ئامانجێكی تر دەكەن كە رەنگە تارادەیەكیش دژ بە یەكێتی بێت. 
لێرەدا نامەوێ هەموو بەرپرسیاریەتەكە بخەمە ئەستۆی مەلا بەختیار، بەڵام چەند ساڵێكە ئەو بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی بوەو زۆربەی رووداوەكانیش لەو سەردەمەدا بوە، بۆیە دەبوایە لە پێش هەموویانەوە بەدواداچونی بكردایە، ئاخۆ  ئەو هەموو كادرە بۆ و لەبەرچی وەدەرنران.
ئێستا یەكێتی ژمارەی كادرەكانی لە ڕاگەیاندن لە پەنجەكانی دەست تێپەڕ نەكات بەڵام وەك بادینی وتەنی ئەوەندە تەپەسەر كراون و ئەوانی پێش خۆیانیان بینوە كە چۆن بوونەتە قوربانی دەستەگەری بۆیە سەرباری ئەوەی ناخیان پرە بەڵام بێدەنگیان هەڵبژاردوە.
من وەك كەسێك كە ساڵانێك لە ڕاگەیاندنی یەكێتی كارم دەكرد شایەتی ئەوە دەدەم ئەو كاتەی ڕاگەیاندنی یەكێتی لە لوتكەدا بوو، ئێستاش با ڕاستگۆ بم زۆربەی ئەوانەی باسی چاكسازی دەكەن، ناتوانن، یان راستگۆیانە نەهاتونە پێشەوە، چونكە چاكسازی ئیرادەی دوركەوتنەوە لەتۆڵەو تەكەتولی دەوێت، كە بەداخەوە نابینرێت، بۆیە ئەوانەی دەیانەوێت چاكسازی بكەن ژمارەكەیان ئەوەندە كەمە كە وەك پەندێكی بادینی هەیە دەڵێت كونەكە لەپەڕۆیەكە گەورەتر بووە. 
بۆیە ئێستا سەردەمی تۆمەت بەخشینەوەو خۆ جوانكردن و ناشرین كردنی بەرامبەرنییە، سەردەمی گەرانەوەی شكۆیە بۆ یەكێتی و ئەندامەكانی، نەك خۆدەرباز كردن و وشە سازی، چونكە ئەو چەكە وەك دەرمانی ئێكسپایەر وایە زیانی زیاترە لەقازانجی.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی