تەسفیە حساباتی پایتەخت

23/07/2019

كاوە شێخ عەبدوڵڵا

کوشتنی کاربەدەستێکی دەزگای میت ـ ی تورکیا لەناو هەولێردا بە رۆژی نیوەڕۆ، ئازاییەکی زۆر لەگەڵ پاڵپشتێکی لەو زۆرتری دەوێ. بۆیە شاردنەوەو پەردەپۆشکردنی ئەم ڕووداوە لەلایەن میدیای تورکیا و میدیای پارتییەوە، زۆر کەم پەیوەندی بەوەوە هەیە کە هێشتا لێکۆڵینەوە تەواو نەبووە. بەڵکو نیشانەی ئەوپەڕی لاوازی هەردوو دەزگای سیخوڕی میت و پاراستن نیشان دەدات کە لەناو دڵی پایتەختەکەیاندا، کسپە لە دڵیان هەڵدەستێنن.


ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەی، زۆر کار بە جوڵاندنی سۆزو عاتیفەی خەڵکی خۆیان دەکەن. لەم پێناوەدا ئەردۆغان پەنای بۆ زۆر شت بردووە، ئەگەر نیشانەی شکست و ئابڕووچوون نەبوایە، هەرزوو کوژرانی (عوسمان کۆسە)ی لە هەولێر دەکرد بە کەرەسەی بانگەشەی ناشیرینکردن و دێواندنەوەی پەکەکە.
بۆیە لە تورکیا لەسەر ئاستی باڵا تەرمی کۆسە نێژرا، کەچی بەڕادەیەکی زۆر کەم باسی کوژران و بکوژەکانی دەکرێ.


بۆ بیرهێنانەوە... ساڵی 2003 ئەمریکییەکان لە سلێمانی پاڵاس چەند کاربەدەست و کارمەندێکی دەزگای میت ـ یان دەستگیرکرد و توورەکەی رەشیان کردنەسەر. کاردانەوەی تورکیا زۆر توندبوو تا گەیشت بەوەی فیلمێکی گەورە لەسەر ئەو ڕووداوە دروست بکەن بەناوی "دۆڵی گورگەکان" و نێوانی دەوڵەتی تورکیا و ئەمریکا ساردی تێکەوت.


میت بۆ دەوڵەت و تورکە نەژادپەرستەکان، هێمای شکۆی تورکیایە، ئێستا کە لە هەولێر کاربەدەستێکیان بەو روون و ئاشکراییە دەکوژرێ، دەوڵەت هەوڵی کپکردنەوەی دەدات نەک بیکاتە کەرەسەی بانگەشە بۆ تۆڵەکردنەوە.
هەر ئەوەی کە بەو ئاسانییە کاربەدەستەکەی میت کوژراوەو بکوژ بە زیندویی هەڵاتووە، نیشانەی شکست و بەتاڵبوونەوەی سیحری " میت هەموو شتێکە و هیچی لێ ون نابێ"یــە.


شتەکە بۆ پارتی و پاراستن دووجار شکستە. یەکیان ئەوەی کە میوانە تایبەتەکانیشی پارێزراو نین، دووەم پیلانێکی بەوڕادەیە ورد داڕێژراو، کەچی دەزگای پاراستن پێی نازانێ تا ساتی ڕوودانی.
پەکەکە هەرزوو حاشای لێکرد کە دەستی لەو ڕووداوەدا نییە و ناشزانێ بۆچی ڕوویداوە. رووداوەکە لەو پەنهان و بێدەنگە لێکردنەی تورکیا و پارتی دا... بۆیە نانووسم حکومەتی هەرێم چونکە ئەم ڕووداوە زیاتر دەچێتە ژێر باڵی پارتییەوە... خەریکە لە گومان دەردەهێنرێتە دەرەوەو دەیکات بە بابەتێک کە ڕووداوەکە لەوە گەورەترە تەنیا کاربەدەستێکی میت بە دەستی گەنجە کوردەکە ( مەزڵوم داغ)کوژرابێ.


تورکیاو ئێران و ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، هێزی سەربازیی و سیخوڕیی راستەوخۆیان هەیە لەگەڵ بەرژەوەندی گەورەی ئابووریدا. ئەم هێزانە ئەگەر لە چەند شوێنەوە دۆستی یەکتربن، ئەوا هەرلایەکیان هێشتووەتەوە بۆ دوژمنداری یەکتر.
کوشتنی عوسمان کۆسە لە هەولێر، هیچ دوور نییە پەیوەندی بەم هاوکێشە تێکڕژاوەی ئێران و تورکیا و ئەمریکاوە هەبێ کە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا کۆبوونەتەوە.
بۆیە مەترسی ئەوە دەکرێ کە تەنیا بە کوشتنی کاربەدەستەکەی میت، ئەم تەسفیە حساباتە تەواو نەبێ و هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی لوبنانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو لێ بکرێ کە کرابووە گۆڕەپانی بەشەڕدانی بەرژەوەندی وڵاتان بە بەرگی شەڕی ناۆخۆوە.


ساڵانێک بەیروت بوو بووە شوێنی تیرۆرکردنی سەرکردەی حزبەکان کە لەلایەن وڵاتێکەوە پشتیوانی دەکرا.. دوایین کەس رەفیق حەریری بوو لە ۱٤ی شوباتی ۲۰۰٥
لوبنان و بەیروت بوونە گۆڕەپانی تەسفیە حسابی بەرژەوەندییە گەورەکانی دەرەوەی لوبنان خۆی. لوبنانییەکانی خوێنیان دەدا و دەرەوە قازانجەکەی دەچنییەوە.
خۆشبەختانە هەرێمی کوردستان لەوەدا لە لوبنانی هەشتاکان ناچێ کە شەڕی ناوخۆی تێدا نییە. نەک هەر ئەوە بەڵکو ئاسایش و ئەمنییەتێکی تاڕادەیەکی باش مسۆگەرکراوی هەیە. 


بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی، بەرژەوەندی زەبەلاحەکان لە توانایدا نەبێ تەسفیە حسابی خۆیان لە هەولێر و سلێمانی و کەرکوکدا نەکەن.
رووداوەکەی هەولێر هەرچۆن لێک بدرێتەوە، هەردەچێتەوە سەر ئەو خاڵەی، تەسفییە حسابی چەند بەرژەوەندییەکە لەسەر سفرەی هەرێمی کوردستاندا.
کوشتنی عوسمان کۆسەی کاربەدەستی میت، هەم ئازاییەکی زۆری ویستووە، هەم پاڵپشتێکی بەهێز. ئەمە سەرەتایەکی ڕوونە بۆ چەندبارەبوونەوەی هاوشێوەی رووداوەکەی هۆقەباز. بەڵام مەرج نییە هەر لە هەولێردابێ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی