دوا نامەی كاك نەوشیروان

24/07/2019

عەدنان عوسمان

لە ٢٤/١/ ٢٠١٧ دا، حەوت هەڵسوڕاوی گۆڕان كە بەشێكیان لە پێگەی بەرپرسیارێتی گرنگ و هەستیاردا ئەبن، نامەیەك بۆ كاك نەوشیروان مستەفا ئەنێرن. ئەو هەڵسوڕاوانە سەرباری جەخت كردنەوەیان لە پاراستنی یەكڕیزی و تەبایی  بزوتنەوەكەو پێداگری لەسەر بەهێزكردنی بەرەی ناوخۆی گۆڕان بۆ روبەروبونەوەی هەمو ئەو كێشانەی روبەروی ئەبێتەوە، لەهەمان كاتدا پەنجە ئەخەنە سەر ئەو جومگە لاوازانەو، ئەو بوارانەی كە پێیان وایە پێویستی بە پێداچونەوەو چاككردنی خێرا هەیە. ئەو هەڵسوڕاوانە لە شەش خاڵدا كۆی سەرنج و پێشنیازەكانیان ئەخەنە بەردەستی رێكخەری گشتی گۆڕان.

كاك نەوشیروان رۆژێك دواتر واتە لە ٢٥/١/٢٠١٧ وەڵامی ئەو هەڵسوڕاوانە ئەداتەوە. لەسەرەتای نامەكەیدا، كاك نەوشیروان ئاوا هەستی خۆی لەسەر ناوەرۆكی نامەی هەڵسوڕاوان بەیان ئەكات: " بە سوپاسێكی زۆرەوە نامەی ٢٤ی ١ی ٢٠١٧ تانم پێ گەیشت. زۆر پێخۆشحاڵ بوم  كە خەریكە كاركردنی بە تیم و گەڵاڵەكردنی بیری هاوبەش لە ناو هاوڕێكانمان دا بۆ كێشە ناوخۆییەكان و گشتیەكان دروست ئەبێ. ئەو بابەتانەی لە نامەكەتان باستان كردوە هەمویانم پێ گرنگن و، لە زۆری بۆچونەكان دا هاورام لەگەڵ ئێوەدا، رەنگە جیاوازیم لەگەڵ ئێوەدا تەنیا لە كات( تەوقیت) دا بێت."

لە درێژەی نامەكەیدا، كاك نەوشیروان باس لە شێوازی هەڵبژاردنی سەركردایەتی گۆڕان دەكا  )دواتریش لە نامەیەكدا كە وەك وەسێتنامە بۆ جڤاتی ئەنێرێت، بەهەمان داڕشتن جەخت لەسەر ئەو پرسە ئەكاتەوە(: " ئاڵوگۆڕ لە هەیكەلی سەركردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان دا، لەچاو هەمو حیزب و رێكخراوەكانی تری كوردستان دا ئاسانترە. ئەوەشمان لە ئەنجامی شێكردنەوی تەجروبەی هەمو حیزبەكانی تر دەرهێناوە. بۆ ئەوەی سەركردایەتی نەبێتە مۆتەكەی سەر لەشی حیزب. بۆ هەڵبژاردنی سەركردایەتی پێویستمان بە بەستنی كۆنگرە نیە، وەكو حیزبەكانی تر، جڤاتی نیشتمانی بە شێوەیەكی ئاسۆیی لە هەمو باژێڕەكانی كوردستان و، لەناو رێكخراوەكانی تاراوگە هەڵئەبژێردرێ. ئەوانیش بێ ئەوەی پێویستیان بە بەستنی كۆنگرە بێ رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەراندن هەلئەبژێرن..... بە واتایەكی تر گۆڕین لە هەیكەلی سەركردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان دا هەمو وەختێ ئاسان و هەمو كات ئەشێ بكرێ."

وەك دەرئەكەوێت چ لەم نامەیەو چ لە زۆر بۆنەی تردا، مەبەستی سەرەكی كاك نەوشیروان لە داهێنانی ئەو شێوازەی سەركردایەتی كردنەی گۆڕان، هەم نە‌هێشتنی سەركردایەتی هەمیشەییە، وە رێگەگرتنە لە قۆرغكردنی دەسەڵاتی حزبیەوە لەلایەن یەك ئاراستەو گرایش، وەهەمیش بە ئاسانی و سادەیی و نەرم گۆڕینی دەستەی سەركردایەتیە كە خۆی لە رێكخەرو خانەدا ئەبینێتەوە. گۆڕان لە ماوەیەكی كەمی دوای مەرگی كاك نەوشیروان دا، سەركەوتوانە، سەرباری هەر تێبینی و رەخنەیەك، ئەم نەریتەی پیادە كرد.

بزوتنەوەی گۆڕان لە ٢٥/٧/٢٠١٩ دا، دەبێت بەهەمان روحییەت و ئیرادەوە، وە بەسود وەرگرتن لە دواتێبینی كاك نەوشیروان لەسەر پێكهاتەی خانە  كە دەبێ هاوبەشی نەوەكان بێت، ئاڵوگۆڕ لە سەركردایەتی خۆی بكات، بەوەش هەنگاوی گەورە بە ئاراستەی چەسپاندنی ئەم شیوازە مۆدێرن و گەورەیە لە هەڵبژاردن و نوێنەرایەتیكردندا ئەنێت و، لە قۆناغی داهاتویدا، پێدەنێتە دەورانی خۆبەهێزكردن و هەستانەوەو نوێنەرایەتی كردنی هەمو دەنگە ئازاو ئازادەكانی كۆمەڵگا.

عەدنان عوسمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی