سەرۆكایەتی هەرێم لەفەرمانبەرانی یەكێتی داماڵدرا

24/07/2019

سەرتیپ وەیسی

نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو، فەرمانی گواستنەوەی ڕاژەی بۆ زیاتر لە 53 فەرمانبەری نوسینگەی كۆسرەت رەسوڵ، لە سەرۆكایەتی هەرێم و 28 فەرمانبەری دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم لەسەر پشكی یەكێتیی دەركرد، لە هەوڵیشدابوو چوار بەڕێوبەری گشتیی لە دیوان سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ ڕاوێژكارێك لە پشكی یەكێتیی خانەنشین بكات.

كۆیی ژمارەی فەرمانبەرانی یەكێتیی لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەسەرووی 80 كەس بووە، هەر هەموویان ڕاژەكەیان لە ئێستاوە بۆ وەزارەتەكانی دیكەی حكومەت گواستراوەتەوە، لەگەڵ گواستنەوەكەش دەستكاری موچەو پلەیان كراوە.

هەرچەندە لیژنەیەك لە لایەن پارتیەوە كە پێكهاتبوون لە ( فرسەت سۆفی و دلشاد شەهاب)، بۆ هەڵوەشانەوی ئەو فەرمانه پێكهێنرا، بەڵام بەپێی زانیارییەكان ماوەی چەند مانگێك بەسەر ئەو بڕیارە دەرچووە، تاوەكو ئێستاشی لەگەڵ دابێت چارەنووسی ئەو كەسانە نادیارە، پارتی و نێچیرڤان بارزانی بە نیاز نین فەرمانبەرانی پشكی یەكێتیی بگەڕێنەوە سەرۆكایەتی هەرێم، ئەگەرچی هەوڵێكی زۆر دراوە ئەو بڕیارە هەڵبوەشێندرێتەوە.

سزادانی فەرمانبەرانی پشكی یەكێتیی لە دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم، لە دوای ڕووداوی 2ی ئۆكتۆبەری 2018 و دانانی بەرهەم ساڵح وەك سەرۆك كۆمار دەستیپێكرد، لە ئێستاشدا جگە لە پێنج فەرمانبەر، هیچ فەرمانبەرێكی یەكێتیی لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم نەماوە.

لەگەڵ گواستنەوەی ڕاژەی فەرمانبەرانی یەكێتیی، فەرمانبەرانی پارتی لە شوێنەكەی خۆیاندا ماون، بەشێكیشیان ڕاژەكەیان چۆتە سەر بارەگای بارزانی لەسەر ئارەزووی خۆیان.

یەكێتیی بە فەرمی لیستێكی ئەو فەرمانبەرانەی پێشكەشی قوباد تاڵەبانی، وەك جێگری سەرۆكی حكومەت كردووە، داوای گەڕانەوەیان دەكات، بەڵام ناوبراو تاوەكو ئێستا هیچ كارێكی بۆ ئەو فەرمانبەرانە پێنەكراوە.

سەرتیپ وەیسی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی