رێككەوتنی سەدە لەگەڵ توركمان

24/07/2019

عارف قوربانی



لە كوردەواریدا قسەیەكی باو هەیە وەك جۆرێك لە پەندی لێهاتووە، دەڵێن (لە هەر خەسارەیەك عەقڵێك). لەبەر ئەمەیە كە كەسانی خاوەن ئەزموون جیاوازتر یان هۆشمەندترن لە كەسێك كە هێشتا ئەزموونی نییە. ئەمەش بەو مانایە دێت كە پەند لە هەڵەكانی رابردوو وەربگیرێت. دیارە زۆر جار لۆمەی كورد دەكرێت كە بەهۆی كەڵكوەرنەگرتن لە هەڵەكانی رابردووی، بەردەوام مێژووی دووبارە دەبێتەوە.

وا بۆ سەت ساڵ دەچێت كورد لە عێراقدا خاوەن دۆزە، كرۆكی ئەم كێشەیەش لە مەسەلەی كەركووكدا چڕكراوەتەوە. هەرچەندە لە سەرەتاكانی دروستبوونی كێشەی كورد لە عێراق دەبوو ململانێ لەسەر مووسڵ با. بەچەقكردنی كەركووك، ئەو خزمەتەی بەلایەنی عەرەبی كرد و (مووسڵ) ی لە ململانێ كردە دەرەوە. لەكاتێكدا ئەوكات مووسڵ وەك ئێستای كەركووك وابوو بۆ كورد. لە ماوەی ئەم سەت ساڵەدا عێراق وەك دەوڵەت و عەرەبیش وەك نەتەوە پرۆژەی بەعەرەبكردنیان هەبووە، بەڵام كورد تەنیا لە كاردانەوەدا بەرگریی كردووە و خاوەن پرۆژەیەك نەبووە بۆ چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم كێشەیە. خەباتی پەرلەمانی، سیاسی، شۆڕش و راپەڕینمان كردووە، چووینەتە گفتوگۆوە لەگەڵ لایەنی بەرامبەر، دانوستاندنمان هەبووە، هەوڵی رێككەوتن و هەموو ئەوەی كردوومانە لە یەك چوارچێوەدا بووە كە داوای كەركووكمان كردووە، بەڵام پرۆژەمان نەبووە بۆ ئەم داوا رەوایە.

تەنیا شتێك وەك جۆرێك لە چوارچێوە و پابەندێتی لەم سەت ساڵەدا لە مەسەلەی كەركووك بۆ كورد ماوەتەوە، (پیرۆزكردن) ی كەركووك بووە لە هەموو قۆناغەكاندا. ئەمەش هۆكار بووە بۆئەوەی كەس جورئەتی ئەوەی نەبێت دەست لە كەركووك هەڵبگرێ، واتا كەركووك هێڵی سووری نەتەوەیی بووە. بەڵام لە 16ی ئۆكتۆبەر ئەوەش شكێنرا. دوای شكاندنی ئەو پیرۆزییە ئێستا كەركووكیش كەوتووەتە بەردەم كۆمەڵێك هەڕەشە و پلان كە چارەنووسی بەرەو ئەو ئاقارە دەبات، هاوشێوەی مووسڵ بۆ قۆناغەكانی داهاتوو جوگرافیا یاخود شتێكی تر ببێتە كرۆكی كێشەی كورد لە عێراق.

ئێستا ئاراستەیەك لە بەغدا و لە كوردستانیشەوە هەیە تا كێشەی سنوور و خاك و ناسنامە لە زهنی تاكی كورد دەربكات و جەوهەری كێشەكە بكرێتە كێشەی لاوەكیی وەك (بودجە، مووچە، نەوت، پشكی كورد لە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەلایەن بەغداوە، بەشە دەرمان و خۆراكی هاووڵاتیان). ئەگەر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەمە نەكەین، وردە وردە لەپێشچاوی دونیاش خەسڵەتی كێشەكەمان دەگۆڕێت بۆ ئەو شتانە. بەغدا بە پلان و بە وریاییەكی زۆرەوە پەلكێشمان دەكات بۆ كێشەگەلێك كە ئەسڵی بابەتەكە نین.

دەبێت كورد بەدوای ئەو دەروازانەدا بگەڕێت كە ئەم دۆخە هەڵگێڕێتەوە و بچێتەوە سەر ئەسڵی كێشەكەی كە كێشەی خاك و سنوور و ناسنامەیە و كەركووكیش كرابووە ناسنامە بۆ ئەو كێشانە.

بۆیە دەرفەتێكی باشە بە كەڵكوەرگرتن لەو هەڵانەی پێشتر كردوومانە، سەرلەنوێ‌ لە كەركووكەوە تێهەڵچینەوە. پێش هەر شتێكیش دەبێت دان بەو راستیەدا بنێین كە سەرباری بوونی بەڵگەی مێژوویی و راستیی جوگرافی سەبارەت بەوەی كەركووك شارێكی كوردستانە، بەڵام بەهۆی پەیڕەوكردنی سیاسەتی نزیك بە سەت ساڵی رابردووی تەعریب و لێكەوتەكانی، ئێستا كەركووك لە دۆخێكدایە كورد بەتەنیا ناتوانێ‌ خاوەندارێتی لێبكات. پێویست بوو لە دوای كەوتنی سەدام ئەم راستییەی لەبەرچاو بگرتایە و هاوبەشێكی لە داواكردنەوەی كەركووكدا بۆ خۆی دەستەبەر بكردایە. كە ئەمەمان نەكرد، بەتەنیاش نەمانتوانی مافەكان وەربگرینەوە و نەشمانتوانی لەو هەموو لایەنە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەی لە كێشەكانی عێراقدا بوون بە تەرەف، پشتیوانێك بۆ داوا رەواكانمان پەیدا بكەین، بۆیە لە ئاڵۆزبوونی كێشەكاندا بە تەنیا ماینەوە.

دوای ئەو هەموو شكستەی بەسەرمان هاتن، دوای ئەوەی بۆمان روون بووەوە كە ستراتیجی بەغدا لەم لێشاوی تەعریبە نوێیە و لە تەشەیوعی ناوچەكە چییە، پێویستە بەشی ئەوە (عەقڵمان لەو خەسارەتانە) وەرگرتبێت، تا بەدوای بژارەیەكی تازەدا بگەڕێین كە لەڕووی ستراتیجییەوە كەركووك لەو داگیركارییە دوور بخاتەوە. بۆ ئەمەش دەبێت بەڕاستكردنەوەی هەڵەیەك دەستپێبكەین كە ئەویش ئەوەیە ئێمە بەتەنیا نەبین لە داوای وەرگرتنەوەی كەركووك.

پێكهاتەی توركمان بە حوكمی مێژوو كە چەند سەدەیەكە لەگەڵ كورد دەژین، هەروەها لەڕووی كولتووری و كۆمەڵایەتیشەوە هاوبەشیی زۆر لە نێوانمان هەیە، سەرباری بوونی ململانێ‌ و دروستبوونی كینەیەكی كۆمەڵایەتیی دوو لایەنە بەرامبەر بە یەكتری، هەروەها بوونی خەڵكانی دەمارگیر لە نێوان هەردوو پێكهاتەكە، بەڵام عاقڵمەندانی هەردوولا لەوە تێگەیشتوون كە هیچ رێگە و دەرفەتێكمان لەبەردەمدا نەماوە جگە لە پێكەوەیی و هاوبەشیكردن لە پرۆژەیەكی كەركووكییانە بۆ ئەوەی كەركووك لە تەعریب و تەشەیوع بپارێزین.

جاری وایە شكست دەرگای تازەت بەڕوودا دەكاتەوە، ئێستا لە كەركووك ئەمە بۆ كورد و بۆ توركمانیش راستە. كورد دەمێكە لە مەترسییەكان گەیشتووە، بەڵام عەیبی ئەوە بووە كە پلان و بەرنامەی نەبووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی. بەڵام توركمان تازە هەست بە مەترسییەكانی گۆڕینی دیمۆگرافیا لەسەر خۆیان دەكەن و درك بەو گەمەیە دەكەن كە خەریكە لە نەتەوەیەكەوە دەیانكاتە دوو تەرەفی ململانێی مەزهەبی (سوننی، شیعی). ئێستا ئەوانیش لەوە گەیشتوون كە پێویستە لەگەڵ كورد پێكەوە بن، لانیكەم بۆ ئەوەی بەهۆی كوردەوە بتوانن پارێزگاری لە ناسنامەكەیان بكەن و لە هاوكێشەكاندا بمێننەوە.

كەواتە گرنگە لەلایەك بۆ قەرەبووی هەڵەكانی رابردوو، لەلایەكی تریشەوە بۆ دروستكردنی متمانە، كورد پرۆژەی رێككەوتنێكی دوورمەودا بەناوی (رێككەوتنی سەدە) بخاتە بەردەم توركمان، نەك تەنیا بۆ كەركووك، بەڵكوو بۆ كەركووك و خورماتوو، ناوچەكانی نەینەوا و دیالە و لە هەرێمی كوردستان و هەر كوێیەك كە كورد و توركمانی لێدەژین. ئێمە سەت ساڵە لە كەركووك لە مەینەتیداین، لەژێر گوشار و سیاسەتی پاكتاوی رەگەزیداین، لێكەوتەكانی ئەو سەت ساڵە دۆخێكی هێناوەتە پێش، پێویستمان بە دەیان ساڵ ئارامی هەیە تا كەركووك ئاسایی دەبێتەوە. بۆیە لێرەوە تا كۆتایی ئەم سەدەیە پێویستمان بەوەیە لەگەڵ توركمان ببینە هاوبەشی راستەقینە.

نابێت كورد گوێ‌ بداتە (قەبارە و ژمارە)، سەرباری ئەوەی توركمان لەڕووی ژمارەوە تادێت روو لە كەمبوونەوەن، بەڵام دەبێت ئێمە لەسەر بنەمای پێویستیی هاوبەشی لەگەڵیان رێككەوین و تەنانەت بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی كەركووك و عێراقیش بەیەك لیست بچینە هەڵبژاردنەوە. پۆست و دەسەڵاتەكانی بەركەوتەی هەردوولا بەیەكسانی لە نێوان خۆمان دابەش بكەین و وەك جۆرێك لە دڵنیایی و هەروەها بۆ رێگری لە قۆرخكردنیش لەلایەن یەكێك لە پێكهاتەكانەوە، دوو یان چوار ساڵ جارێك ئاڵوگۆڕ لە نێوان پۆستەكان بكەین كە پۆستی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن و بەشی زۆری بەڕێوەبەرێتییەكان بەر هەردوولا دەكەون. بەمەش لەناو كەركووك و لە بەڕێوەبردنی شارەكە، هەروەها لە هاوكێشە عێراقی و هەرێمایەتییەكانیشدا وەك دوو خاوەن ماڵ كاریگەریمان زیاتر دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی هەر هەوڵێكی داگیركاری.

كورد ئەگەر بتوانێ‌ دڵنیایی بداتە توركمان، ئێستا زەمینەی ئەو رێككەوتنە لەهەموو كات باشتر رەخساوە.

Kamal
لە جوغزی سەربەخۆییدا
پرسی کوردستان لە ئەجیندەی میدیای نێودەوڵەتیدا
د. کاوە محمود
یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی کاری میدیای کە پەیوەندی بە کارتێکردنی دەزگاکانی میدیا لەسەر داڕشتن و گەڵاڵەکردنی ڕای گشتییەوە هەیە، دانانی ریزبەندی، و پاشوپێش خستنی گرنگی ئەو بابەتانەی کە دەزگاکانی میدیا لە ماوەیەکی دیاریکراودا دەیخاتە ڕوو. ئەم بابەتە لە کاری میدیایی بە تیۆری "دانانی ئەجیندەکان" ناودەبرێت، و ئەو ریزبەندی و پاشوپێش خستنە لە دانانی ئەجیندەکان لە ئاستی ناوخۆیی و لە سەر ئاستی نێودەولەتیدا پەیڕەو دەکرێت.
بنەمای تیۆری دانانی ئەجیندەکان بۆ نوسینەکانی والتر لیبمان دەگەرێتەوە، کە لە ساڵی 1922 ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵی درووستکردنی پەیوەندیی نێوان ئەو ڕووداونەی کە ڕوودەدەن، لەگەڵ ئەو وێنەیەی لە ئەندێشە و زهنی جەماوەردا، درووست دەبێت، دەبینن. بەم جۆرەش هەندی دەزگای ڕاگەیاندن دەتوانن ژینگەیەکی ئاوەژەو لە عەقلی جەماوەردا درووست بکەن، و ڕای گشتی بەئاراستەیەکی دیاریکراودا ببەن.
خستنەڕووی پرسی کوردستان لە سەر ئاستی نێوخۆیی و لە ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بابەتێکی گرنگی باسکردنی دەزگاکانی میدیایە کە هەر یەک لە لایەنەکانی ئەو هاوکێشەیەی مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە دەکات، و بە شێوازی جۆراجۆر ڕووداوەکان دەخەنە ڕوو، و کار بۆ داڕشتنی ئەو وێنەیە دەکەن کە خوازیارن لە عەقلی ڕای گشتیدا هەبێت. کاتێک باس لە ڕووداوێکی دیاریکراو سەبارەت بە پرسی کوردستان دەکرێت، ئەوا خستنەڕووی جیاواز سەبارەت بە چۆنێتی ڕووداوەکە و شیکردنەوە و کارتێکردنەکانی بەدی دەکرێت، و دەزگاکانی میدیای کوردستان، و میدیای ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە و نەیارانی پرسی کوردستانن، و میدیاکانی وڵاتە زلهێزەکان کە بەرژەوەندییەکانیان ئاراستەی سیاسەتەکانیان دەکات، هەر یەک بە شێوازی جیاواز و بە مەبەستی کارتێکردن لەسەر وەرگری هەوڵ و جەماوەردا، باس لە بابەتەکە دەکەن، و هەڵبەتە پێوەری سەرەکی لە داڕشتنی هەڵوێستەکان لە سەرجەم ڕووداوەکاندا بەندە بە هەڵوێست وەرگرتن لە پرسی کوردستان.
لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا دانانی ریزبەندی لە بواری میدیادا بەشێکە یان دەتوانین بلێن بەردەوامبوونی ململانییە لە نێوان لایەنە ناکۆکەکان سەبارەت بە پرسێکی دیارکراو. کاتێکیش باس لە پرسی کوردستان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیدا دەکەین ئەوا ئەم بابەتە لە هەلومەرجی ئەمرۆدا کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن پەرەسەندنی مەزن بە خۆیەوە دەبینێت، گرنگییەکی زیاتری هەیە.
ئەمڕو دەزگاکانی راگەیاندن بازادانی بێ سنووری لە بواری گەشەپێدان و هەمەجۆری بە هۆی شۆڕشی زانستی و تەکنەلۆجی بەتایبەتی لە بواری گەیاندن، بە خۆیەوە بینیەوە، و هۆکارەکانی ڕاگەیاندن لە نوسینی رۆژنامەگەری و تەلەفزیۆنەوە کە تاک هەر تەنها وەرگر بووە، گەیشتۆتە تۆڕە جۆراجۆرەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی کە تاک بەشدارە، و بە شێوازی ڕەواڵتی ئەم بەشداریکردنە دەچێتە خانەی فراوانی ئازادییەکان، و ڕا دەڕبڕین، بەڵام لە لایەکی دیکەوە بە هۆی شارەزایی کەڵەکەبووی ئەو دەزگایانە و ئەزموونیان لەسەر ئاراستەکردنی ڕای وەرگری هەواڵ، خودی ئەو وەرگرە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاراستەیەکی دیاریکراوەی ئەو دەزگا زەبەلاحانە ئاراستە دەکرێت و دەبێتە بەشێک لە هەڵمەتی ریکلامکردن بۆ بۆچونی خودی ئەو دەزگایانە سەبارەت بە ڕا و بۆچونەکانیان سەبارەت بە بابەتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان.
ئەو بابەتانەی کە میدیا وەک بابەتی نێودەوڵەتی مامەڵی لەگەڵ دەکات هەمە چەشنن. بەشێک لەو بابەتانە سرۆشتێکی مرۆیانەی هەیە وەک بابەتی ژینگە و دژایەتیکردنی هەژاری و گرفتی ئایکۆلوجی و ئەو کێشانەی هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەن، و بابەتەکانی بازرگانی نێودەوڵەتی و ئابوری جیهانی.
کێشەی گەلانی زۆرلێکراو، و پاشماوەکانی کۆلۆنیالزم، و جینوساید و ... هتد، بەشێکە لەو بابەتانەی کە میدیای جیهانی بە ئاستێکی کەمتر، مامەڵەی لە گەڵدا دەکات. 
جاران کە باسی ڕۆڵی میدیا سەبارەت بە هەڵوێست لە کێشەکان، دەکرا، زیاتر ئەو ڕۆڵە لەوە دەبینرا کە بریاری سیاسی وەردەگیرێت کە پەیوەندی بە دەزگای ئەمنی دەوڵەتان و ئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە، و لەوێدا دادەرێژرێت، و پاشان ڕۆڵی ڕاگەیاندن بۆ ڕەواپێدانی بریاری سیاسی بووە، و هەر بەو ئاراستەیەش شیکردنەوە بۆ ڕووداوەکان دەکران. بەڵام لە هەلومەرجی ئێستادا راگەیاندن شان بە شانی پلەکانی داڕشتنی بریاری سیاسی بەشدار دەبێت، و پێش ئەنجامدانی ڕووداو، زەمینەی بۆ خۆش دەکات.
سەڕەڕای ئەم حاڵەتانەی کە بەرژەوەندی باڵا و ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتان دەستنیشانی دەکات، کارکردن بۆ ریزبەندیکردنی ئەو پرسانەی کە لە سەر ئاستی نێودەوڵتیدا سر‌وشتێکی مرۆیی هەیە، یان پەیوەندییان بە مافی گەلێکی زۆرلێکراو و شاڵاوی جینۆساید هەیە، لە لیستی پێشەوەی بایەخدانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، کارێکە ئەگەر و بواری ئەنجامدانی هەیە، بەڵام ئەم کارە لە لایەن خاوەن و داکۆکیکەرانی ئەو پرسە پێویستی بە داڕشتنی پلانی کارکردن هەیە.
پرسی کوردستان یەکێکە لەو پرسانەی سەڕەڕای عەدالەت و ڕەوابوونی، بە شێوەیکی کاریگەرانە لەسەر لیستی پێشەوەی ریزبەندی میدیای نێودەوڵتیدا نییە. هۆکاری ئەم بابەتە بۆ کۆمەڵێک خاڵ دەگەرێتەوە لەوانە:
ــ هەڵوێستی دەوڵەتە زلهێزەکانی جیهان بەتایبەتی ئەوانەی دووای سایکس بیکۆ ناوچەی رۆژهەڵاتیان دابەشکردوە و کارتێکردنیان لە سەر میدیای جیهاندا هەیە، و لە عەقلیەتی ئەو دابەشکردنە قورتار نەبوونە.
ــ بوونی بەرژەوەندی زلهێزەکان لە گەڵ ئەو دەوڵەتە ناوەندییانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە. ئەو بەرژەوەندییانە بواری ئابوری ‌و وزە، و بابەتی ئەمنی دەگرێتەوە.
ــ نەبوونی گوتاری کوردستانی یەکگرتوو، و زاڵبوونی بەرژەوەندی حزبی لەسەر بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی کوردستانی، کە ئەمەش کارتێکردنی نەگەتیفانەی لەسەر خودی تاکی کوردستانی لە بواری بانگەشەکردن و داکۆکیکردن لە پرسی کوردستان، هەبووە. 
ــ نەبوونی لۆبی کوردستانی کاریگەر بە جۆرێک کارتێکردنی بەردەوامی لەسەر خستنەڕووی پرسی ڕەوای گەلی کوردستان هەبێت.
کارکردن بۆ دانانی پرسی کوردستان لە سەرەتای لیستی ئەجیندە نێودەوڵەتیەکان لە بواری میدیا و سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندندا یەکێکە لە ئەرکە تێکۆشەرەکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان کە دەبێ بە هەند وەربگیرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی