لە جوغزی سەربەخۆییدا، پرسی کوردستان لە ئەجیندەی میدیای نێودەوڵەتیدا

24/07/2019

د. کاوە محمود

 

یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی کاری میدیای کە پەیوەندی بە کارتێکردنی دەزگاکانی میدیا لەسەر داڕشتن و گەڵاڵەکردنی ڕای گشتییەوە هەیە، دانانی ریزبەندی، و پاشوپێش خستنی گرنگی ئەو بابەتانەی کە دەزگاکانی میدیا لە ماوەیەکی دیاریکراودا دەیخاتە ڕوو. ئەم بابەتە لە کاری میدیایی بە تیۆری "دانانی ئەجیندەکان" ناودەبرێت، و ئەو ریزبەندی و پاشوپێش خستنە لە دانانی ئەجیندەکان لە ئاستی ناوخۆیی و لە سەر ئاستی نێودەولەتیدا پەیڕەو دەکرێت.
بنەمای تیۆری دانانی ئەجیندەکان بۆ نوسینەکانی والتر لیبمان دەگەرێتەوە، کە لە ساڵی 1922 ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵی درووستکردنی پەیوەندیی نێوان ئەو ڕووداونەی کە ڕوودەدەن، لەگەڵ ئەو وێنەیەی لە ئەندێشە و زهنی جەماوەردا، درووست دەبێت، دەبینن. بەم جۆرەش هەندی دەزگای ڕاگەیاندن دەتوانن ژینگەیەکی ئاوەژەو لە عەقلی جەماوەردا درووست بکەن، و ڕای گشتی بەئاراستەیەکی دیاریکراودا ببەن.
خستنەڕووی پرسی کوردستان لە سەر ئاستی نێوخۆیی و لە ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بابەتێکی گرنگی باسکردنی دەزگاکانی میدیایە کە هەر یەک لە لایەنەکانی ئەو هاوکێشەیەی مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە دەکات، و بە شێوازی جۆراجۆر ڕووداوەکان دەخەنە ڕوو، و کار بۆ داڕشتنی ئەو وێنەیە دەکەن کە خوازیارن لە عەقلی ڕای گشتیدا هەبێت. کاتێک باس لە ڕووداوێکی دیاریکراو سەبارەت بە پرسی کوردستان دەکرێت، ئەوا خستنەڕووی جیاواز سەبارەت بە چۆنێتی ڕووداوەکە و شیکردنەوە و کارتێکردنەکانی بەدی دەکرێت، و دەزگاکانی میدیای کوردستان، و میدیای ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە و نەیارانی پرسی کوردستانن، و میدیاکانی وڵاتە زلهێزەکان کە بەرژەوەندییەکانیان ئاراستەی سیاسەتەکانیان دەکات، هەر یەک بە شێوازی جیاواز و بە مەبەستی کارتێکردن لەسەر وەرگری هەوڵ و جەماوەردا، باس لە بابەتەکە دەکەن، و هەڵبەتە پێوەری سەرەکی لە داڕشتنی هەڵوێستەکان لە سەرجەم ڕووداوەکاندا بەندە بە هەڵوێست وەرگرتن لە پرسی کوردستان.
لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا دانانی ریزبەندی لە بواری میدیادا بەشێکە یان دەتوانین بلێن بەردەوامبوونی ململانییە لە نێوان لایەنە ناکۆکەکان سەبارەت بە پرسێکی دیارکراو. کاتێکیش باس لە پرسی کوردستان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیدا دەکەین ئەوا ئەم بابەتە لە هەلومەرجی ئەمرۆدا کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن پەرەسەندنی مەزن بە خۆیەوە دەبینێت، گرنگییەکی زیاتری هەیە.
ئەمڕو دەزگاکانی راگەیاندن بازادانی بێ سنووری لە بواری گەشەپێدان و هەمەجۆری بە هۆی شۆڕشی زانستی و تەکنەلۆجی بەتایبەتی لە بواری گەیاندن، بە خۆیەوە بینیەوە، و هۆکارەکانی ڕاگەیاندن لە نوسینی رۆژنامەگەری و تەلەفزیۆنەوە کە تاک هەر تەنها وەرگر بووە، گەیشتۆتە تۆڕە جۆراجۆرەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی کە تاک بەشدارە، و بە شێوازی ڕەواڵتی ئەم بەشداریکردنە دەچێتە خانەی فراوانی ئازادییەکان، و ڕا دەڕبڕین، بەڵام لە لایەکی دیکەوە بە هۆی شارەزایی کەڵەکەبووی ئەو دەزگایانە و ئەزموونیان لەسەر ئاراستەکردنی ڕای وەرگری هەواڵ، خودی ئەو وەرگرە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاراستەیەکی دیاریکراوەی ئەو دەزگا زەبەلاحانە ئاراستە دەکرێت و دەبێتە بەشێک لە هەڵمەتی ریکلامکردن بۆ بۆچونی خودی ئەو دەزگایانە سەبارەت بە ڕا و بۆچونەکانیان سەبارەت بە بابەتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان.
ئەو بابەتانەی کە میدیا وەک بابەتی نێودەوڵەتی مامەڵی لەگەڵ دەکات هەمە چەشنن. بەشێک لەو بابەتانە سرۆشتێکی مرۆیانەی هەیە وەک بابەتی ژینگە و دژایەتیکردنی هەژاری و گرفتی ئایکۆلوجی و ئەو کێشانەی هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەن، و بابەتەکانی بازرگانی نێودەوڵەتی و ئابوری جیهانی.
کێشەی گەلانی زۆرلێکراو، و پاشماوەکانی کۆلۆنیالزم، و جینوساید و ... هتد، بەشێکە لەو بابەتانەی کە میدیای جیهانی بە ئاستێکی کەمتر، مامەڵەی لە گەڵدا دەکات. 
جاران کە باسی ڕۆڵی میدیا سەبارەت بە هەڵوێست لە کێشەکان، دەکرا، زیاتر ئەو ڕۆڵە لەوە دەبینرا کە بریاری سیاسی وەردەگیرێت کە پەیوەندی بە دەزگای ئەمنی دەوڵەتان و ئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە، و لەوێدا دادەرێژرێت، و پاشان ڕۆڵی ڕاگەیاندن بۆ ڕەواپێدانی بریاری سیاسی بووە، و هەر بەو ئاراستەیەش شیکردنەوە بۆ ڕووداوەکان دەکران. بەڵام لە هەلومەرجی ئێستادا راگەیاندن شان بە شانی پلەکانی داڕشتنی بریاری سیاسی بەشدار دەبێت، و پێش ئەنجامدانی ڕووداو، زەمینەی بۆ خۆش دەکات.
سەڕەڕای ئەم حاڵەتانەی کە بەرژەوەندی باڵا و ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتان دەستنیشانی دەکات، کارکردن بۆ ریزبەندیکردنی ئەو پرسانەی کە لە سەر ئاستی نێودەوڵتیدا سر‌وشتێکی مرۆیی هەیە، یان پەیوەندییان بە مافی گەلێکی زۆرلێکراو و شاڵاوی جینۆساید هەیە، لە لیستی پێشەوەی بایەخدانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، کارێکە ئەگەر و بواری ئەنجامدانی هەیە، بەڵام ئەم کارە لە لایەن خاوەن و داکۆکیکەرانی ئەو پرسە پێویستی بە داڕشتنی پلانی کارکردن هەیە.
پرسی کوردستان یەکێکە لەو پرسانەی سەڕەڕای عەدالەت و ڕەوابوونی، بە شێوەیکی کاریگەرانە لەسەر لیستی پێشەوەی ریزبەندی میدیای نێودەوڵتیدا نییە. هۆکاری ئەم بابەتە بۆ کۆمەڵێک خاڵ دەگەرێتەوە لەوانە:
ــ هەڵوێستی دەوڵەتە زلهێزەکانی جیهان بەتایبەتی ئەوانەی دووای سایکس بیکۆ ناوچەی رۆژهەڵاتیان دابەشکردوە و کارتێکردنیان لە سەر میدیای جیهاندا هەیە، و لە عەقلیەتی ئەو دابەشکردنە قورتار نەبوونە.
ــ بوونی بەرژەوەندی زلهێزەکان لە گەڵ ئەو دەوڵەتە ناوەندییانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە. ئەو بەرژەوەندییانە بواری ئابوری ‌و وزە، و بابەتی ئەمنی دەگرێتەوە.
ــ نەبوونی گوتاری کوردستانی یەکگرتوو، و زاڵبوونی بەرژەوەندی حزبی لەسەر بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی کوردستانی، کە ئەمەش کارتێکردنی نەگەتیفانەی لەسەر خودی تاکی کوردستانی لە بواری بانگەشەکردن و داکۆکیکردن لە پرسی کوردستان، هەبووە. 
ــ نەبوونی لۆبی کوردستانی کاریگەر بە جۆرێک کارتێکردنی بەردەوامی لەسەر خستنەڕووی پرسی ڕەوای گەلی کوردستان هەبێت.
کارکردن بۆ دانانی پرسی کوردستان لە سەرەتای لیستی ئەجیندە نێودەوڵەتیەکان لە بواری میدیا و سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندندا یەکێکە لە ئەرکە تێکۆشەرەکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان کە دەبێ بە هەند وەربگیرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی