ده‌ ساڵ له‌ ته‌مه‌نی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان

ده‌ ساڵ له‌ ته‌مه‌نی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان

كامران وریا قانع


305 جار خوێندراوه‌ته‌وه

((گێلیه‌تی ئه‌وه‌یه‌ هه‌مان كار دووباره‌ بكه‌یته‌وه‌ به‌ هه‌مان شێوازو به‌ هه‌مان هه‌نگاوه‌كان چاوه‌روانی ئه‌نجامی جیاواز بیت)) ئانیشتاین

ده‌ ساڵ له‌ ته‌مه‌نی بزووتنه‌وه‌یه‌ك ته‌واوبوو،10 ساڵ له‌ هێرشی هه‌مه‌لایه‌نه‌ ، 10سال له‌ خه‌نجه‌روه‌شاندن له‌ جه‌سته‌ی ماندووی له‌ لایه‌ن دوژمن و دۆسته‌كانی ، 10 سال به‌رگه‌ گرتن له فشاری گه‌وره‌تر له‌ توانای خۆی، 10 ساڵ پایته‌خته‌ت نه‌ما غه‌ردی لێنه‌كات، به‌غدا ، تاران ، ئه‌نقه‌ره‌، 10 سال پڕ له‌ گفتوگۆی توند له‌ نێو بزووتنه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر دوارۆژی، له‌م 10 ساڵه‌ چه‌ندین كه‌سایه‌تی باڵای بزووتنه‌وه‌كه‌ زویر بوون چونه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ به‌ بێده‌نگی دانیشتون و چه‌ندانی ترش به‌رده‌وام هاوار ده‌كه‌ن و داوای مافی خۆیان ده‌كه‌ن له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌،چونكه‌ رۆژانێك پێوه‌ی ماندوو بون، 10 ساڵ له‌ ته‌مه‌نی بزووتنه‌وه‌یه‌ك به‌ بارته‌قای مێژووی هه‌موو هێزه‌ كوردیه‌كانی تر گفتوگۆ و نووسینی له‌سه‌ر كراوه‌.


راستیه‌كی ساده‌یه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی ئه‌م قۆناغه‌ هه‌مان بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی پێش ده ساڵ نیه‌( مه‌به‌ست له‌وه‌ی هه‌مان بزووتنه‌وكه‌ی جاران نیه‌ ، ئێستا ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ بوته‌ خاوه‌ن مێژوو، كه‌ مێژووش دروست بوو ده‌بێت پێداچونه‌وه‌ی پێ بكرێت)، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌، چۆن چاكسازی له‌بواری ئاین هه‌ر به‌ زانایان و مه‌لایی ئاینی ده‌كرێت كه‌ له‌ بواره‌كه‌ی خۆیان هه‌موو ئه‌و پێداویستیانه‌ ده‌بینن كه‌ ده‌بێت ده‌ستكاری بكرێت تاكو له‌گه‌ڵ ژیانی سه‌رده‌م بگونجێ،. به‌هه‌مان دید و بۆچوون چاكسازی له‌ بواری حكومڕانی ده‌بێت له‌ ناو كایه‌كانی حكومڕانی خۆی بكرێت كه‌ بنه‌ماكانی له‌ دنیای ئه‌مرۆدا بریتیه‌ له‌(هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مان و حكومه‌ت‌) . له‌م قۆناغه‌ بزووتنه‌وكه‌ بروای به‌ هه‌رسێ بنه‌ماكه‌ هه‌یه‌ ( هه‌رچه‌ند گومانه‌كان له‌ و سێ بنه‌مایه‌ زۆرن ، به‌ڵام ریگای تری له‌ پێش نیه‌) چاكسازی له هه‌ر بنه‌مایه‌كیان پێویستی به‌ ئاماده‌بوونێكی به‌هێز هه‌یه‌ له‌ ناویان ‌. چۆن له‌بواری ئاینی چاكسازی به‌و كه‌سانه‌ ناكرێت كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئاین ره‌خنه‌ ده‌گرن، به‌ هه‌مان شێوه‌ چاكسازی له‌ حكومڕانی و به‌رێوه‌ بردنی حكومه‌ت به‌و كه‌سانه‌ ناكرێت كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌زگاكانن.


بیرۆكه‌ی به‌شدار بوونی به‌ هێز له‌ حكومه‌ت ، پێداچوونه‌وه‌یه‌ به‌ سیاسه‌تی بزووتنه‌وه‌كه‌، كه‌ بۆ ئه‌م ساته‌ی ئێستا به‌ شیاوی ده‌زانێت ، به‌ڵام مه‌رج نیه‌ ئه‌م تێراونینه‌ ئه‌به‌دی بێت.ئه‌وانه‌ی ئه‌م بادانه‌وه‌یه‌‌ له‌ سیاسه‌تی گۆڕان به‌ شكست ئه‌زانن، هه‌مان رۆڵی ئه‌و مه‌لا ئاینیانه‌ ده‌بینین كه‌ ئاینیان له‌ ده‌قێكی چه‌قبه‌ستو ده‌وێت له‌ رۆژی هاتنه‌ خواره‌وه‌ تا رۆژی حساب بێده‌ستكاری بێت. كۆمه‌ڵگای كوردی ئه‌مرۆ هه‌مان كۆمه‌ڵگا نیه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ی تیا دروست بوو، دنیایه‌ك گۆرانكاری گه‌وره‌ رووی داوه‌، هه‌ر له‌ قوڵ بوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌ ئابورییه‌كان ،بۆ نه‌مانی متمانه‌ی خه‌ڵك به‌ هێزه‌ سیاسیه‌كان له( دوا هه‌ڵبژاردنی رابردوو به‌ ئاشكرا ده‌ركه‌وت). بۆ نه‌مانی كاریزمای رێكخه‌ری پێشووی بزووتنه‌وه‌كه‌. بۆ دروست كردنی چه‌ندین هێزی تر كه‌ هه‌وڵیاندا هه‌مان رۆڵی رادیكالی بزووتنه‌وه‌كه‌ ببین ، بۆ زیاد بوونی رێژه‌یه‌كی زۆری بێكاری له‌ ناو گه‌نجان كه‌ ساڵانه‌ خوێندن ته‌واو ئه‌كه‌ن، بۆ په‌یدا بوونی چه‌ندین دیناصۆری خاوه‌ن ئیمپراتۆریه‌تی پاره‌و پوول ، بۆ زیاد بوونی ته‌ماحی پاره‌ی نه‌وت لای سیاسیه‌كان، بۆ زیاتر فراوان بوونی تۆره‌كانی گه‌نده‌ڵه‌ی نا كرێت ئه‌م هه‌موو گۆرانكاریانه‌ رووی دابێت و تۆش هه‌ر پشت به‌ تۆیخانه‌كه‌ی كه‌ی ئین ئین ببه‌ستی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان !


بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان باش ده‌زانێت چونه‌ هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ پارتی و هه‌ڵگرتنی به‌رنامه‌ی چاكسازی ریسكێكی گه‌وره‌یه‌، له‌ ژینگه‌یه‌ك كه‌چوار ده‌وری به‌ په‌رژینێكی گه‌وره‌ی گه‌نده‌ڵی و بێ یاسایی دروست بوه‌‌. دواجار سیاسه‌ت خۆی چیه‌؟ ئه‌گه‌ر ریسك نه‌بێت، هیچ پرۆژه‌یه‌كی سیاسی به‌مه‌رجی ئه‌وه‌ ناكرێت كه‌ ده‌بێت سه‌د ده‌ر سه‌د دڵنیا بیت له‌و دیوی تونیله‌كه‌ به‌ سه‌لامه‌تی دێیته‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌گه‌ر هێزێكی وه‌ك پارتی راستگۆ نه‌بوو له‌ به‌ڵێنه‌كانی به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌كه، ئه‌وه‌ تاوانی گۆڕان نیه‌ ، چونكه‌ له‌ رێكه‌وتن به‌رده‌وام لایه‌نی به‌هێز بۆی ئاسان تره‌ خۆی بدزێته‌وه‌ له‌ به‌ڵێنه‌كان.


مه‌به‌ست له‌ چاكسازی چیه‌؟
گۆڕان هه‌رگیز نه‌یوتوه‌ به‌ به‌شداری كردنم له‌ حكومه‌ت ، ئیتر ئه‌م حكومه‌ته‌ به‌ ته‌رازوی زێرنگر كاره‌كانی ده‌بات به‌رێوه‌ یاخود عه‌داله‌تی عمری كوڕی خه‌تاب په‌یڕه‌و ده‌كات ،چونكه‌ ئه‌م وێنه‌یه‌ هه‌م هه‌ڵه‌ و وه‌همه‌ هه‌م له‌ توانای گۆڕان نیه‌، مه‌به‌ست له‌ چاكسازی گۆڕان ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ وه‌زارت و پۆستانه‌یه‌ كه‌ به‌رێوه‌یان ده‌بات، ده‌كرێت له‌م دۆخه‌یان كاری گه‌وره‌ بكرێت، واته‌ له‌ كۆی نزیكه‌ی 25 وه‌زاره‌ت گۆڕان هه‌ر ده‌توانێ چاكسازی له‌و 4 وه‌زاره‌ته‌ بكات كه‌ به‌رێوه‌یان ده‌بات.
به‌ كورتی و به‌ كوردی بزووتنه‌وه‌كه‌ ئه‌ركی مێژووی ئه‌م ساته‌ی بریتییه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ ( گاپ)ه‌ گه‌وره‌ی نێوان حكومه‌ت و خه‌ڵك، ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار ، بێده‌سه‌لات و ده‌سه‌لاتدار كه‌م بكاته‌وه‌. خۆ ڕه‌نگه‌ سه‌ركه‌تووش نه‌بێت، به‌ڵام كرنگ ئه‌وه‌یه‌ به‌ هه‌موو توانای خۆی كاریان له‌سه‌ر بكات.




ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved