كێ لە دكتۆرەكان دەپرسێتەوە

25/07/2019

سەلاح رەشید

كەناڵی تەلەفزیۆنی روداو لە ٢٤/٧ ی ئەمساڵدا راپۆرتێكی دەربارەی پزیشكەكانی شاری سلێمانی نمایش كرد، بە تایبەتیش دەربارەی نوسینی (رەچەتە) ی دكتۆربۆ نەخۆس، كە زوربەی هەرە زۆریان بە دەست و خەت ئەینوسن.

لەو بارەیەوە، سەرۆكی سەندیكای پزیشكانی كوردستان، دكتۆر تەها مەحوی، وتی كە ماوەی سێ مانگ دەبێت هەمو پزیشكەكانیان ئاگاداركردۆتەوە كە پێویستە لەمەودوا، رەچەتە بۆ نەخۆش بە كۆمپیوتەر بنوسن، بەڵام تاكو ئێستا هیچ دكتۆرێك ئەم بڕیارەی جێبەجێ نەكردوە.

لەو راپۆرتەدا، دەردەكەوێت، كاتێ تیمی تەلەفزیۆنەكە دەچن بۆ چەند دەرمانخانەیەك و سەیری رەچەتەی ئەو رۆژە دەكەن، زۆر زۆر كەم رەچەتە دەبینرێت كە بە كۆمپیوتەر نوسرابێت!

زۆر كەم دكتۆر هەیە كە كۆمپیوتەری لە ژورەكەی خۆیدا هەبێت و بۆ كاری رۆژانەی نەخۆش و رەچەتە بەكاری بهێنێت، كێشەكە پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە هەندێ لە دكتۆرەكان:
1. رەچەتەكە بۆ دەرمانخانەیەك یان تاقیگەیەكی تایبەت بە خۆیان دەنوسن كە (كۆمیشن) وەردەگرن، لەبەر ئەوە، كابرای دەرمانخانەكە باش لە دەستوخەتی دكتۆرەكەی خۆی تێدەگات، یەكێ لە دەرمانفرۆشەكان وتی: "هیچ مەرج نیە رەچەتەی ئەم دكتۆرانە لە دەرمانخانەكانی تر بتوانن بیخوێننەوە و تێی بگەن". هەندێ جار هەندێ دكتۆر هەندێ رەمز دەنوسێت كە تایەبەتە بە دەرمانخانەكەی خۆی.. هەندێ دكتۆر ئەوەندەی سود لە دەرمانەكان دەبینێت، ئەوەندە سود لە بلیتی چونە ژورەوە نابینێت! زۆرمان ئەوەمان بەسەر هاتوە كە سەردانی دكتۆرێكمان كردوە و دەرمانی دكتۆرێكی ترمان بۆ هەمان نەخۆشی نیشان داوە، ئەو راستەوخۆ وتویەتی ئەم دەرمانانە بەكار مەهێنە و فرێیان بدە، ئەویش هاتوە كۆمەڵێك دەرمانی نوێی نوسیوە، زۆر كەم ئەوەمان بینیوە كە دكتۆرەكە دەستخۆشی لە هاورێكەی كردبێت و وتبێتی، من هیچت بۆ نانوسم، ئەوەی فڵانە دكتۆر نوسیوێتی هەمو باشن و كاریگەرن!. 

2. زۆر لەو دكتۆرانە، جگە لە كاری نۆرینگەكانیان، بەیانیان تا نیوەرۆ لە نەخۆشخانە حكومیەكانن و هەندێكیان لە زانكۆكان وانە دەڵێنەوە و دوای ئەوە راستەوخۆ بۆ نورینگە و هەندێكیان دوی نورینگە نەشتەرگریان لە نەخۆشخانە تایبەتیەكان و شەو درەنگانێك دەگەرێنە ماڵەوە. هەندێ دكتۆر، جگە لەوەی كە چەند نەخۆشێك بەیەكەوە لە یەك ژوردا دەبینێ، هەیانە تا درەنگانێكی شەو لە نورینگەكەی نەخۆش دەبینێ! ئەپرسین ئایە دكتۆرێك دوای چەندەها سەعات هیلاكی، چۆن ئەتوانێت بە درەنگانێك تشخیسی ورد و تەواوی نەخۆش بكات؟

3. پرسیارەكە ئەوەیە، ئەو دكتۆرانەی بەم شێوەیە كار دەكەن، چەند ئەتوانن خۆیان زیاتر پێبگەیەنن لە بواری پسپۆریەكەی خۆیاندا، چەند توێژینەوەیان نوسیوە دەربارەی نەخۆشی و چارەسەری نوێ؟ ئایە كاتیان هەبوە بۆ ئاگاداربون لە نوێترین توێژینەوەی پزیشكی لە بواری پسپۆریەكەی خۆیدا، ئەمە جگە لە پشوی تایبەتی خۆیان و گرنگی دان بە ماڵ و منداڵ و بۆنە كۆمەڵایەتی و ئاینی و سیاسیەكان.

4. رەنگە هەندێ دكتۆر، ئەوەندی مەبەست بێت كە ئیوارە چەندی دەست دەكەوێت، ئەوەندی بوارە مرۆیی و زانستی و چارەسەری نەخۆشەكەی بەلاوە مەبەست نەبێت..بەڵام ئەركی دەزگا حكومی و سەندیكاكانە كە لێپرسینەویان لەگەڵدا بكەن، لێپرسینەوەیەك كە ناچاریان بكات، كە رەچاوی ئەو سوێندە بكەن كە وەك پزیشك خواردویانە.

5. ئەركی گرنگ و پێویستی كابینەی نوێێ حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری نوێێ تەندروستی، ئەوەیە كە بەسەر سیستەمی تەندروستیدا بچێتەوە و ئەو باسەی كە چەند ساڵێكە دەكرێت بۆ جیاكردنەوەی كەرت تایبەت و گشتی، یان ئەو دكتۆرانەی كە لە نەخۆشخانەكان كار دەكەن، پێویستە وەك هەمو فەرمانبەرێكی تر كاری ئاسایی خۆیان بكەن و موچەیەكی گونجاوی باشیان پێبدرێت، بەڵان نابێت لە دەرەوە نورینگەی تایبەتی خۆیان هەبێت و نەخۆشخانە حكومیەكان بكەن بە رێگایەك بۆ بەدەستهێنانی نەخۆش بۆ خۆیان.    

6. بێگومان، نابێت هەڵسوكەوتی هەندێ پزیشكی پارە پەیداكەر، ببێتە پەڵە بە مێژوی پزیشكانی كوردستانەوە، پزیشك رۆڵی گرنگ و دیار و ئاشكرای هەبوە لە مێژوی خەباتی گەلەكەماندا و ژمارەیەكی زۆری شەهید و پێشمەرگە و گیانفیداكاری پزیشكمان هەیە..تا ئێستاش ژمارەیەك لە پزیشك هەن، كە بێ بەرامبەر چاویان بە نەخۆش دەكەوێت، یان بێ بەرامبەر كەس وكاری شەهیدان و كەم دەرامەت و پێشمەرگە دەبینن..یان زۆریان هەیە كە توانی ئەوەیان هەیە نورینگەی تایبەتی بە خۆیان بكەنەوە، بەڵام لە نورینگە گشتیە فراوانەكان یان لە نەخۆشخانە ئەهلیە تایبەتەكان نەخۆش بە نزخێكی زۆر كەم دەبینن..

لەبەر ئەوە گرنگە كە دكتۆرە بەهەڵوێست و خەمخۆرەكان، رێگا لە دكتۆرە (بازرگان)ەكان بگرن، هەر هیچ نەبێت، بۆ ئەوەی ناوی دكتۆر پەڵەدار نەكەن..

هەقە سەندیكاش كەمێ بكەوێتە جوڵە و بە ئەركی سەر شانی خۆی باشترهەڵسێت.

سەڵاح رەشید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی