کورد وەک جەنگاوەرێکی بێ ئومێدکراو

25/07/2019

پەیرەو ئەنوەر

 چەمکی جەنگاوەر خەریکە دەبێت بە ناسنامەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ کورد لە بەرچاوی دونیادا. خەریکە دەبێت بە شوناسێک بۆ ناسینەوە و دۆزینەوەی کورد و ئامادەبوونی کورد لەناو ئەو سیستمە نێودەوڵەتییەی کە لەسەر بنەماکانی لیبڕاڵیزم و [رێکخستنی نوێی جیهانی/New World Order] بونیادنراوە! بەشێک لە سەرکردە و وڵاتانی جیهان کورد هاوشێوەی گڕوپەکانی (تامیلەکانی سریلانکا) کە بە پڵنگەکانی ئاسیاش ناسراون و گڕوپی فارک (هێزە چەکدارە شۆڕشگێڕەکانی کۆڵۆمبیا) لە کۆڵۆمبیا بە جەنگاوەر و شۆڕشگێڕی ئازا و شەڕکەری باش و جوامێر و مێرخاس ناودەبەن!

 

جەنگاوەر ناسنامەیەکی پارتیزانی و کۆمەڵایەتییە گوزارشت لە چەندین ڕەهەندی جیاوازی بەرەنگاربوونەوە و ڕووبەڕووبونەوە و بەرگریکردن دەکات. یەکێک لەمانا سۆسیۆلۆژییەکانی جەنگاوەر بەرگریکردنە بۆ مانەوە و ئامادەبوون. بەرگریکردن لە ناسنامە و لەو چوارچێوە سیاسی و فەرهەنگی و کەلتورییەی کە گڕوپێکی ئیتنیکی و کۆمەڵایەتی لەسەری دەژی و لەسەری وەستاوە! کورد بەدرێژایی مێژوو لەناو یەکە سیاسییەکەی خۆی دوورخراوەتەوە لە بنەما کەلتوری و فەرهەنگییەکەی و بێ ئومێدکراوە!

 

جەنگاوەربوونی کورد لەزۆربەی دۆخەکاندا بۆ گێڕانەوەی ئومێدبووە؛ بۆ گۆڕینی دۆخی نائومێدبوون و بێ هیوابوون بوونە بۆ دۆخێک کە بڕێک لە ئومێدی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی هەڵبگرێت. دیارە بەشێکی ئەو نائومێدبوونە هێزە ئیمپڕالیستەکانی دونیا بەسەر کوردیان سەپاندووە و بەشێکی تریشی هێزە ناسیۆنالیزمەکانی ناوچەکە هاوشێوەی عەرەب، تورک و فارس. کاتێک کورد وەک جەنگاوەر دەردەکەوێت مانای وایە شوناسە سیاسییەکەی لێ زەوتکراوە و هەوڵدەدات دروستیبکاتەوە تا هیچ هێزێکی تر لێی نەتوێنێتەوە! یا بەلایەنی کەمەوە خۆی ڕادەستی ئەو ناسنامەیە نەکات کە بە زۆر بەسەریدا دەسەپێنرێت و بەزۆر ئاوێتەی دەکرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی