برادۆستیدەكان لە دۆسیدەی هۆقەبازدا، تەڵە یان تۆڵە؟!

27/07/2019

هونه‌ر تۆفیق

برادۆستیدەكان هۆزێكی كوردی نیشتەجێی سنوری نێوان عێراق -ئێران - توركیان . ڕۆڵی دیاریان لە مێژووی كوردستاندا هەبووە . شەڕی قەڵای دمدمك كە قەڵای برادۆستیدەكان بووە لەگەڵ سەفەویدەكاندا ناوبانگێكی مێژوویی تایبەتی لەناو كوردەكاندا هەیە . 

لە شۆڕشەكانی سمكۆی شكاك و شەمزینیەكاندا بەشداری بەرچاویان هەبووە . لەپاش ناكۆكیەكی چەندین ساڵەیان لەگەڵ بارزانیەكاندا ، لە شۆڕشی ئەیلولدا پشتیوانی مەلا مستەفابوون . 

لە حكومەتەكانی عێراقدا لە سەردەمی شانشینەوە تا كۆمارەكەی سەدام حسێن توشی بەریەككەوتن و ڕێكەوتن بوون . 

میر مەحمودخانی برادۆستی ئەندامی پارلەمانی شانشینی عێراق بووە . لە پەنجاكانی سەدەی ڕابردوودا مەحمود بەگ پارێزگاری هەولێربوو . لە سەردەمی جەنگی عێراق - ئێراندا ، گوندەكانی برادۆست ڕاگوێزراوە بۆ سیدەكان و دەوروبەری هەولێر . 

ماڵی میری برادۆستیەكان میر سەلام كەریم خانی برادۆست لەهەولێر نیشتەجێن . جگە لە سەرپەرشتی هۆزەكەیان ، كاری بازرگانیەكی گەورە دەكەن لە هەرێمی كوردستاندا . 

ناوچەی برادۆستی برادۆستیەكان لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردووەوە بەهۆی هەڵكەوتەی لە سێ گۆشەی نێوان عێراق - توركیا - ئێراندا بۆتە ناوچەی بەریەك كەوتنی سەربازی سوپای توركیا و گەریلاكانی پەكەكە . لەبەر ئەوەش هەرێمی كوردستان كەمترین ئاوەدانی لەوناوچەیەدا كردووە .

لەماوەی ساڵی ڕابردوودا زۆربەی هێرشەكانی توركیا بۆسەر ناوچەی برادۆست بووە . نێو ماڵی برادۆستیەكان كە پێكهاتوون لە بنەماڵەی لۆلانیەكان و سەرپەرشتی خانەقا و كاروباری ئاینی برادۆستیەكان دەكەن ، هەروەها بنەماڵەی خانەكان كە سەرپەرشتی سیاسی هۆزەكەیان دەكەن . لۆلانیەكان دژ بە بوونی پەكەكەن لەناوچەكەیاندا و هێزێكیان ڕاگەیاند كە ڕێگری لەبوونی پەكەكە بكات لەو دەڤەرەدا . بەڵام زۆرینەی برادۆستیەكان دژ بەبوونی سوپای توركیان لە ناوچەكەیاندا و پێیان وایە توركیا گوند و زەوی و زارەكەیانی داگیركردووە . 

لە سەرەتای ئەمساڵدا ٢٠١٩ لەپاش بۆردمانەكانی توركیا ، لە شیلادزە و دێرەلوك گەنجان هێرشیان كردە سەر بنكە سەربازیەكانی توركیا و سوتانیان . 

لە سەرەتای حوزەیرانی ئەمساڵدا ٢٠١٩ ، كەتیبەی برادۆست لەلایەن چەند گەنجێكی نەناسراوەوە ڕاگەیاندرا و بڵاویانكردەوە كە دەست لە جاسوس و هاوكارەكانی سوپای توركیا ناپارێزن و هەڕەشەی كوشتنیان لێكردن . 

ئەو ڕووداوانە لە دۆسیەكەی هۆقەبازدا ڕەهەندێكی تری هەیە كە وەك ڕاگەیەندرا برای میری برادۆستیەكان ( میر سەلام خان ) سدقی كەریم خانی برادۆستی دەستگیركراوە بە تۆمەتی تێوەگلان لە كوشتنی جێگری كونسڵی توركیا لەهەولێر . 

گرتنی برای میری برادۆستیەكان پێشهاتێكی ئاڵۆز و تۆڵە یان تەڵە ئاسایە بۆ هۆزی برادۆستیەكان كە ناوچەكەیان لەلایەن سوپای توركیاوە داگیركراوە . گۆڕانكاری ڕیشەیی بەسەر پەیوەندی دۆستایەتی نێوان هۆزی بارزانی و برادۆستیەكاندا دێنێت .

هونەر تۆفیق 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی