ئەگەرەكانی گلانی باشووری كوردستان بەشەڕی براكانەوە!

27/07/2019

حەسەن بارام

دەوڵەتی توركیا بەڕێبەرایەتی ئۆردوگان ستراتیژێتی لەناودان وبچوككردنەوەی هەر بون وئەزمونێكی سیاسی ودەسەڵاتدارێتی كوردی لەسەر ئەم هەسارەیە كردووەتە بەردەبنەمای سیاسەتێكی گشتگیر ، سەرەتا دەیویست لەڕۆژئاوای كوردستان هەموو بون ودەسەڵاتێكی كورد بسڕێتەوە ، بەڵام ڕێگرییەكانی ئەمریكا وڕۆژئاوا وای كرد سوپای توركیا لەو شاڵاوە سەربازییە بوەستێنێت ، لەبەرانبەردا ماوەیەكە ئۆردوگان ئاراستەكەی گۆڕیوە ولەژێر ناوی لێدانی پارتی كریكارانی كوردستان ، بەبەردەوامی هێز ڕەوانەی باشوری كوردستان دەكات ولەئێستادا پەلامار وهێڕشەكانی بۆ سەر بارەگاكانی pkk چڕ كردووەتەوە ، لەگەڵ ئەم هێڕشەیدا هەست بەبونی پیلانێك دەكرێت بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە یان هێزی هەر لایەنێكی سیاسی لەباشور بگلێنن بەشەڕی براكوژییەوە ، خوانەخواستەش ئەگەر ئەم گومان وپیلانانە ببن بەڕاست وجارێكیتر لەسەر دەستی براكان خۆینی ڕۆڵەكانی كورد بڕێژرێت ، ئەوە ئەبێتە شكست وماڵوێرانییەكی تر بۆ هەموو كورد ، كەبێگومان لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەی كوردستان باجەكەی قورس دەبێت .

لێرەوە ڕووی دەمم لەهێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەم بەتایبەتی ئەوانەی هێزی چەكداریان هەیە ، بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پیلانەدا بكەن وبەئاسانی نەكەونە داوی ئۆردوگان وئاكپارتییەوە .

دەبێت هەموو لایەك ئەو ڕاستییە باش بزانین ، دەوڵەتی تورك تەنها ئامانجی pkk نییە ، بەڵكو هەموو جوڵە ودەستكەوت وبونێكی كوردی بەڕاستەوخۆ وناڕاستەوخۆ كردووەتە ئامانج ، بەڵام بەقۆناغ وپلەبەندییە ، بەدیقەتدانیش لە ماجەرای سەر شانۆی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، ئۆردوگان حاڵی زۆرباش نییە وناكرێت هێزە كوردییەكان بچنە گەمەیەكی دۆڕاوەوە ، بۆ؟

یەكەم: دروست دەبێت ئەوە بزانین ئاكپارتی ئامانجی ستراتیژی لەناوبردنی هەر ئەزمون وقەوارەیەكی سیاسی ونەتەوەیی كوردە ، ئەگەر لەباشوری ئەفریقاش بێت ، كەواتا گریمان بەنەمانی پارتی كرێكاران ، ئەوجا گوشارەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەست پێدەكات .

دووەم: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانكاری ڕیشەیی وچارەنوسسازدایە ، دەبێت كورد خۆی بۆ ئەو پێشهات وگۆڕانكارییانە ئامادە بكات ، نەك بچێتە بەرەی هێزێكی داگیركەرەوە .

سێهەم:خودی ئۆردوگان وئاكپارتی لەقەیرانێكی قوڵی نێوخۆیی وهەرێمایەتی ونێودەوڵەتیدایە .

بەڕەچاوكردنی لانی كەمی ئەو سێ خاڵەی سەرەوە ، دەبێت سەركردایەتی كورد لەباشور بەهەند ماجەرای ڕووداوەكان لەبەر چاو بگرن  وا بەئاسانی نەكەونە داوی دەوڵەتی توركیاوە ، چونكە ئێمەمانان نایشارینەوە هەست بەبونی ئەگەری دروستبونی شەڕی براكوژی دەكەین لەنێوان هێزەكانی هەرێم هاوشانی سوپای توركیا بەرانبەر بە pkk ، ئەگەر ئەمەش ڕوو بدات زەرەرمەندی یەكەم وكۆتایی هەر كورد دەبێت ، مێژووش ڕەحم بەكەس ناكات.

حەسەن بارام

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە