ئەوا ئەردۆغانیش دانی بە پیلانەكەی نا

28/07/2019

عیماد عەلی

تا رادەیەكی باش ئەردۆگان لە دوا لێدوانی پیلانە ترسناكەكەی دەرخست، ئایا چارەسەرە هەمەیشەییەكەی ئەردۆگان بۆ تیرۆر چیە كە تەنها مەبەستی پەكەكەیە؟ كۆتا لێدوانە راشكاوەكانی ئەردۆگان بۆ حزبەكەی زۆر شتی دەرخست و جگە لە ئاماژەدان بۆ نەبونی هیچ هەماهەنگیەك لە گەڵ ئەمریكا بە پێچەوانەی پێشوتر و، هەرەشەی گەران بەدوای ئەڵتەرناتیڤی چەكی ئەمریكی و بەتایبەتی فرۆكە و دابینكردنی ئامرازەكانی ئاسایشی توركیا و پێویستی  رووكردنە رۆژهەڵات و تكاو پارانەوە لەلایەك و گوتەی نیمچە هەرەشەی دوركەوتنەوە لە ئەمریكا  بە رووكردنە رێگەی تری پاراستنی ئاسایشی نەتەوەی توركیا لە لایەكی ترەوە.  زۆر شتی دەرخست بێ ئەوەی ئاگاداری قسەكانی بێتت یان بەمەست بوو لەم كاتەدا، دەرخستنی جێبەجێ كردنی ئەو پیلانە نهێنیە دارێژراوە كە زۆر خەڵك لەم ماوەیە باسی دەكەن و بە هاوكاری هێزی ناوچەیی و وڵاتانی دەوروبەری كوردستان هەنگاوی بۆ دەنێن و بەرژەوەندەیەكانی خۆیان دەپارێزن، كەچی كوردیش لە گوێی گادا نوستووە . ئەردۆگان دەڵێت؛ هیچ سزایەك ریگە لەتوركیا ناگرێت پێشینەی كارەكانی ئەوە بێت‌  دابینكردنی ئاسایشی وڵاتەكەی بپارێزیت و ئەو لەو رێگەدایە كە تیرۆر بە شێوەیەكی هەمیشەیی و بنبر كۆتایی پێبێنێت! مەبەستی كۆتاییهێنان بە پەكەكەیە لە قەندیل وەكو چۆن زۆرجار بەرپرسەكانی لێدوانیان لەوبارەوە داوە. 

بەڵام پرسیارەكە لەوێدایە چۆن كۆتایی بە بەناو تیرۆرەكەی دێنێت و كێ یارمەتیدەری دەبێت و بەرژەوەندی ستراتیجی كێ لەگەڵ ئەوەدایە كە پیلانەكەی توركیا سەربگرێت و نیوەی هەرێمی كوردستان بكەوێتە ژێڕ رەحمەتی هەتاهەتایی توركیا و ئەو خەونە  دێرینەی سەڵتەنەتی عوسمانی لە ویلایەتی موسڵ و شارەزور بێتە دی. هەر لەوێدا ئەردۆگان رووی دەكاتە ئەمریكا و دەڵیت فرۆكەی ئێف 35 مان نادەنێ؟ باشە مافی خۆمانە روو بكەینە شوێنیتر، بەڵام دەستبەرداری موشەكی ئیس 400 نابین. 

ئەوەی روونە بۆ ئەمریكا  كە كێشەكەی لەوێدا نیە موشەكی ئیف 400 بگاتە توركیا و تا ماوەیەكی تر نەیخاتەگەر كە ئەندامی ناتۆشە بەقەد ئەوەی لە رووی ستراتیجی گۆڕینی سیاسەت و رووی توركیا بەرەو روسیا خەریكە بۆ ئەمریكا روون  و یەكلایی دەبێتەوە، كە توركیا لە ئەمریكا و ئۆرپا بێئومید بووە و رێگەی شەنگەهایی پێباشترە،  باشترین بەڵگەش ئەوەیە كە روسیا نەك هەر موشەكەكەی پێدەدات بەڵكو بە پێی قسەی ئەلیكسەندەر میخاییفی بەرێوەبەری كۆمپانیای (روسی رۆسۆربۆرن ئیكسپۆرت)ی روسی بۆ هەناردەكردنی چەكی حكومەتی روسیا ئەوەیە كە لەوانەیە لەمەودوا هەندێك لە بەشەكانی ئەو موشەكە لە توركیا بەهەمبهێنڕێت، ئەمە جگە لە هەلیكۆپتەر و كەتیبەی موشەكی بەرگری ئاسمانی و دژە فرۆكەی تر وتەنانەت لە  بواری وزەشدا، ئەمەش زۆر شت روون دەكاتەوە كە  توركیا تەنها موشەك ناكڕێت بەڵكو ئەگەر داواكاریەكانی لەلایەن ئەمریكاوە جێبەجێ نەكرێت ئەوا بەیەكجاری روودەكاتە روسیا و پشت لە ئەمریكا و ئەوئەگەرەش لە ئارادادەبێت كە لە هاوپەیمانی ناتۆ دەربكرێت و ئەم وڵاتە ببێتە چەقی شێوە ململانێیەكی ترسناكی جیهانی لەم ناوچەیە كە بۆ حەوت سەدەیە بەم شێوەیە نەبینراوە. 

ئێستاش ئەمریكا و توركیا لە قۆناغێكی چارەنوسسازدان لە پەیوەندی و چۆنێتی گەیشتن بە رێگەی سێیەم، بەڵام خزاندنی توركیا بۆ نێو لیستی سزاكانی ئەمریكا بە پێی یاسای كاتسا لە ئارادایە كە تا ئێستا ترامپ بە بەهانەوە دوو دڵیەوە لەوەدەروانێت و بڕیاری یەكلاكەروە لەو كاتەدا دەدرێت ئەگەر ئەمریكا بە تەواوی ئومێدی لە توركیا ببرێت و یەكلایی بێتەوە كە بواری گەڕانەوەی نیە.

ئەوەی مەبەستمانە لێرەدا بیڵێین ئەوەیە؛ ئایا توركیا دەتوانێت بەیەكجاری وەكو خۆی دەڵێت بنبڕی هەمیشەیی تیرۆر بكات كەمەیەستی پەكەكەیە و، چۆن ئەردۆگان ئاوا بە ئاشكرا و بە بوغراییەوە لەم كاتەدا بەم شێوەیە باس لەوە دەكات؟ كێ یارمەتیدەری دەبێت و لەم بارەوە رێكەوتنی پێشوەختەی لەگەڵ كێدا  كردووە  و رۆڵی كورد یان پارتی و یەكێتی لەم ئامانجە چیە و چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن و هەڵوێستی كۆتاییان چی دەبێت؟ ئەگەر ئەم پیلانە سەربگرێت كوردی هەرچوار پارچەكە  توشی چی دەبن؟  بێدەنگی ئێران چی دەگەیەنێت؟ ئایا ئەو هێڵەی باس دەكرێت بۆ گەمارۆدانی قەندیل سەری سەرانی هەرێمی كوردستان و ئەزمونەكەی كوردیش ناخوات كە تا ئێستا نوتقیان بڕاوە تا ئێستاش كە خەریكە هێڵە پانەكەی ئەم پیلانە دەردەكەوێت كەچی ئەمان قروپیان لێكردووە؟

بۆچی تا كاتی بەسەرەوە ماوە خەڵك و رێكخراوە مەدەنی و راگەیاندنە بە هەڵوێستەكان  و زۆرێك لە حزبەكانی كوردستان لەمەر ئەم ترسە بێدەنگن و بۆچی جموجوڵی پێویست ناكرێت  و هەڵوێستی كەس روون نیە ؟ عیراق رۆڵی چی دەبینێت و ئایا ئەویش بەشدارە لەم پیلانە كە جگە لە كورد كەس زیانی تێدا ناكات؟ ئەمە و پاش دەركەوتنی راشكاوانەی سەرەداوی پیلانەكە وا پێویستە خەڵك كە خۆی خاوەنی پرس و كێشەكەیە لە چاوەروانی ئەشبەتاڵیكی تر دەستەوەستان نەبیت و ترسناكی ئەم پیلانە قێزەونە كە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەردەكەوێت بۆ رای گشتی و هەموو لایەك روونبكرێتەوە و ئەوەی لە توانادایە كاری لەسەر بكرێت و رێگری لە سەركەوتنی بگیرێت و ئەگەر بكرێت بە هەموو توانایەك بۆ بەربەستی بخرێتەبەر بخرێتەگەڕ و چاوەرێی دەسەلاتی كوردستان نەبێت، با بۆ سەدەیەكی تر میلەتەكەمان نەكەوێتە ژێر دەستی عوسمانی و عەرەب و عەجەم و ئەزمونی حوكمرانی كورد دیزەبەدەرخونە نەكرێت. پرسیارەكە ئەوەیە  ئایا مەعقولە سەركردایەتی و دەسەلاتی گەندەڵی كورد درك بەو مەترسیە نەكەن و هیچ هەڵوێستێك نە نوێنن و بەڵكو لەوانەیە لەوەدا ژێربەژێر لەبەر بەرژەوەندیەكی  تەسك  و كورتبینی و هەڵەی ستراتیجی گەورە كە لە كۆتاییدا سەریان دەخوات لە پیلانەكە بەشدار بن.   لە كۆتاییدا دەبێت ئەوە بڵێین كە ترسناكیەكە لەوێدایە ئەگەر ئەوە خهەبێت هەندێك وڵاتی قێزەون كە مێژووی پرە لە پیلانگێڕی و كەسیش ناوی ناهێنێت لەم پیلانە بەشداربێت، ئەگەر بزانێت سەد ساڵی تریش قازانجە ئابووری و سیاسیەكانی خۆی لەسەر حسابی خەڵكی ئەم ناوچەیە دابین دەكات.  

عیماد عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی