نیشانە دانان نەك مۆنۆمێنت

28/07/2019

عومەر محەمەد

دوای ئەوەی لە پۆستێكداو لە ژێرتایتڵی (نیشانە)دا، دوو پێشنیارم دانا، لە كۆمێنتی هاوڕێیاندا تێبینی ئەوەم كرد، كە ناڕونی ولێك تێنەگەیشتنێك هەیە.. 

هەندێك لەهاوڕێیان لەبری دانانی بەردێكی داتاشراو پێشنیاری مۆزەخانەو مۆنۆمێنتیان كردووە، هەندێكیش پێشنیاری شوراو پەرژینییان كردووە. هەشە زیاتر رۆیشتووەو داوای دانانی پاسەوانیش دەكات !

هاوڕێیانی بەرێز: لەگەڵ رێزێكی زۆرم بۆ هەموو پێشنیارەكانتان بەڵام باشترە واقعی بین چی لەتوانادایە باس لەوەبكەین وئەگەر بۆمان بكرێت ئەوەبكەین.

ئەو بەردەی مەبەستمە بۆ تەنها شوێنێك ناڵێم، بەڵكو لەهەر كوێیەك گۆرێك هەڵدرایەوە پێویستە بەردێكی گەورە دابندرێت تانەت ئەگەر ئەو گۆڕە لەكوردستانیش بێت..واتا نیشانە بەجێبهێڵین نەك مۆنۆمێنت كە دڵنیام هەرگیزناكرێت..كورد دەڵێت هەڵگرتنی بەردی زل نیشانەی نەهاویشتنە، هەندیك لەهاوڕێیانیش ئەو پەندەیان بۆ نوسیوم، بەڵام ئەوبەردەی من دەیڵێم لەچاو تاوانەكە زۆرگچكەیە.

باكەمێك لۆژیكی بین، ئەگەر هەتا ئێستا لەكوردستان مۆزەخانەی ئەنفال نەبێت، چۆن لە سەرسنوری سعودیە دروستی دەكەن ؟ كێ دروستی دەكات ؟ چەند دانە دروست دەكەن ؟ ئەی مۆزەخانە لەو بیابانە چۆڵ وهۆڵ ودور لەئاوەدانیە چ سودێكی هەیە ؟ مۆزەخانە دەبێت لەئاوەدانی ولەناو شاردا بێت نەك لە بیابانی دورە دەست .

ئاخر بیابان پرە لە گۆری بەكۆمەڵ، بەپێی زانیارییم، تەنها لە بیابانەكانی نزیكی سنوری سعودیە ٣٠٠ گۆری بەكۆمەڵ هەن، ئەمە جگە لەموسڵ وتكریت وكەركوك ! ئیتر چۆن دەتوانرێت ٣٠٠ مۆنۆمێنت دروست بكرێت ؟ دەسەڵاتدارانی كورد و عێراق ئامادە نین بەردەكە بەرن ئیدی چۆن ئەو هەموو مۆزەخانەیە دروست دەكەن ؟ وبودجەو پاسەوانی بۆ دادەنێن ؟

هەر ئەو گۆرانەی تازە هەڵدەدرێنەوە لەساڵی ٢٠٠٦ ەوە دۆزراونەتەوەو تازە گۆرەكان دەردەهێننەوە ئیتر چۆن مۆنۆمێنتیان بۆ دروست دەكەن ؟ 

من ئەم پێشنیارە بۆ مێژوو دەكەم، باوەڕیش ناكەم حكومەت جێبەجێی بكات، ئەگەرچی كارێكی زۆر ئاسان و قابیلی جێبەجێكردنە .. 

شوێنی گۆرەكان بۆ موزەخانە ناشین لەبەرئەوەی هەموویان دوردە دەستن و لەروی ئەمنیشەوە مسۆگەرنین و قابیلی تێكدان و دزینی بەڵگەو دۆكێومێنتەكانە 

ئەگەر لەبیاباندا بكرین بە مۆنۆمێنتیش كەس بەلایاندا ناچێت ..

من دەڵێم نیشانە دانێین نەك مۆنۆمێنت .. بەردێك دابتاشرێ ورێكەوتی هەڵدانەوەكەو ئەو لایەنەی گۆرەكەی هەڵداوەتەوە لەگەڵ ژمارەی قوربانیەكانی ئەنفالی لەسەربنوسرێ .

عومەر محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی