لە كۆنگرەی 13 تا هۆقە باز

28/07/2019

فه‌رمان سادق

كە دەگوترێ مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە، بە دیوەكەی تر كار كردنی كارەكتەرەكانی ئێستایە لەسەر رووداوگەلێك لە رابردوو روویانداوە و ئەوان دەیانەوێت لە سەردەمێكی تر، بە فۆڕم و كەرەسەتەیەكی تر، كار بۆ دووبارە كردنەوەی بكەن.

زۆرجار ئەو هەوڵە شكست دەهێنێت، زۆرجاریش سەركەوتوو دەبێت كەواتە چانسەكە 50 بە 50ـیە. ئەوەی ئێستا لەناو پارتی دەگوزەرێ و دوای رووداوەكەی هۆقەبازو وەڵام و وەڵامدانەوەكان لایەنی كەم پەردەی لەسەر ئەوە هەڵماڵی كە باڵ باڵێن لەناو پارتی هەیە، ئەو باڵ باڵێنە ئەگەر رۆڵ بینینش بێت، وجودی هەیە، كە لە دیدی من روانگەی جیاوازی سیاسەت كردنە لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی.

ئەوەی نوێیە لە باڵ باڵێنی ناو پارتی!
باڵ باڵێنی ناو پارتی، روونتر بڵێم ناو بنەماڵەی بارزانی بڕیار بەدەست و حاکمی حزب، شتێکی نوێ نیە.

ئەوەی رێبوار کەریم لە دیمانەکەی دەنکی ئەمەریکا دەیڵێ، دوو دیوی ھەیە، یان بەشێکە لە سەرەتای شەڕی هەردوو باڵ یانیش قسەیەکە رێبوار بۆ داهاتووی خۆی کردی.
سروشتی هەموو دەسەڵاتێکی بنەماڵەیی، پڕیەتی لە ململانێی سەخت تا کودەتا بە هەردوو جۆری، نمونەی وەها لە ماوەی نزیکی رابردوو لە سعودیە روویدا، پێش ئەویش لە قەتەڕ..

راستە پارتی دیموکراتی کوردستان حزبێکی بڕیار مەرکەزییە، مەکەزیەتەکە بۆ بنەماڵەیە بەرانبەر بەوانی تر.
کۆنگرەی ١٣.. خاڵی یەکلا کەرەوە بوو؟

بەهۆی سەرقاڵی نێچیرڤان بارزانی بە کاروباری حکومەت و تیمی خراپی دەوروبەری کە بەشی زۆریان تۆمەتی گەندەڵیان لەسەر هەیە، هاوکات نزیکی مەسرور بارزانی لە ناو حزب و بەهێزی دەزگای پاراستن، باڵانسی کۆنگرەی بەلای مەسرور برد.

لە هەشت ساڵی رابردوو، باڵی مەسرور ئیشی زۆری لەناو حزب کرد، ئەوە لای پارتییەکان و ئەوانەی چاودێری دۆخی ناوخۆی ئەو حزبە دەکەن روونە.
بنەماڵە یا ئەنجومەنی سەرکردایەتی؟

هەمیشە لە پرسە چارەنووسسازەکاندا مەگەر بۆ دیکۆر ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دەرکەوت بێت، یان بۆ تەسدیقی بڕیاری بنەماڵەی بارزانی کۆ بووبێتەوە، ئەمەش لای پارتییەکان عەیبەک نیەو زۆرجار شانازی پێوە دەکەن!

دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تەنیا یەکجار فازڵ میرانی سکرتێری حزب گوتی؛ نێچیرڤان بارزانی تاکە کاندیدمانە، ئیتر ئەویش و هیچ سەرکردایەتیەکی پارتی ئەو قسەیەی دووبارە نەکردوە، بەڵکو دەیانوت ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری لەسەر دەدات!

ئەمە گۆڕانکارییەکی جەوهەری بوو لەناو پارتی، ئاخر هەمیشە بنەماڵە ئەو پرسەی بێ دەنگدانی سەرکردایەتی یەکلا کردۆتەوە، بەڵام پێداگیری مەسرور بۆ بوونی بە سەرۆک وەزیران و پشتگیری باوکی سیناریۆی زیندوو کردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی هێنایە پێشەوەو نێچیرڤان بارزانی کاندید کرا بۆ ئەو پۆشتەو لە سەرکردایەتیی مەسرور کاندید کرا.

هۆقەباز و وتاری سەرۆکی حکومەت!
لە وتاری پەرلەماندا، مەسرور بارزانی وەک بڵێی پارتی ئۆپۆزسیۆن بووە لە دوای ٢٠٠٥ قسەی کرد، رایگەیاند ڕوویان لە بەغدایە و پشتیان لە تورکیا.
تەنانەت لە کاندید بوونی مەسرور بارزانی، خودی ئەردۆگان زۆر نیگەران بوو، بەپێی هەندێک زانیاری تەلەفۆنی بۆ نێچیرڤان بارزانی کردووە.

حەقیقەتێک هەیە من پشتگیری لێ دەکەم، تا ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، دەبێ باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا هەبێ و کێشەکان لەسەر بنەمای یاساو دەستوور چارەسەر بکەین، ئەمە دەبێت ستراتیژ بێ نەک تەکتیک.

مەسرور بارزانی لە رووکەشدا ئەوە بەرنامەیەتی، ئەو بەرنامەیەش کێشەکی قوڵ بۆ تورکیا دروست دەکات کە لە سەردەمی نێچیرڤان بارزانی وای لێهاتبوو حکومەت بێ پرسی ئەنقەرە بەیاننامەشی لەسەر تۆپبارانی سنوورەکانی دەرنەدەکرد!
ڕووداوەکەی هۆقەباز هێشتا دیوە نهێنییەکانی روون نەبوەتەوە، ئەگەر پەکەکە بکەری رووداوەکە بووە بۆ لە سەردەمی حوکمڕانی نێچیرڤان بارزانی وەها کردەوەیەکی نەکرد؟
من دڵنیام لەوەی کەناڵی پەیوەندی لەنێوان پەکەکە و تورکیا هەیە، ئەگەر پەکەکە بکەری رووداوەکە بێت ئەوا ئەو کەناڵە رۆڵی سەرەکی بینیوەو ئامانجیش گوشارخستنە سەر کابینەکەی مەسرور بەغدادیە!
مەسعود بارزانی و شا سەلمان
لە رابردوود وێنایەکی وەها هەبوو کە تا مەسعود بارزانی لە ژیان مابێت، ململانێی دەسەڵات گرتنە دەست لە نێوان نێچیرڤان و مەسرور دروست نابێت. بەڵام رووداوەکانی پاش هۆقەباز، وێنایەکی تر نیشان دەدەن، پێدەچێ کۆپی پەیستی تەجروبەی سعودیە لێرە دووبارە ببێتەوە، کاتێک شا سەلمان بۆ خاتری هێنانە پێشەوەی محەمەدی کوڕی، محەمەد بن نایف بن عەبدولعەزیز ئال سعودی لابرد، رەنگە لە چوار ساڵی داهاتوو ئەوە روون بێتەوە کە چی روودەدات.
مەلا مستەفای بارزانی، وەك رووداوەكانی دوای گیان لە دەستدانی بەهۆی نەخۆشییەوە دەری دەخات پێ ناچێت لە هیچ شتێكی لەسەر شوێنگرتنەوەی خۆی بەجێهێشت بێت. ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی دوو هەرە كوڕی دیاری بارزانین كە لەناو حزبدا دەسەڵاتی فراوانیان هەبوو، ئیدریس لە رووی تەمەنەوە لە مەسعود گەورەترەو ئەو لەناو حزب رۆڵی سەرەكی هەبوو، بەڵام مەسعود بارزانی ئەو دەم بەرپرسی یەكەمی دەزگای پاراستن بوو، دواتریش ئیدریس پۆستی سەرۆكی حزبی بۆ براكەی لە دوای باوكی جێهێشت، ئەگەرچی ئەوانەی لەو سەردەم لە سەركردایەتی نزیك بوون و دەگێڕنەوە، مەسعود بارزانی هیچ هەنگاو و بڕیارێكی بێ ئیدریس بارزانی هەڵ نەگرتووە.
دوای 2005 بە تایبەت، كاتێك نێچیرڤان بارزانی بوو بە سەرۆكی حكومەتی یەكگرتوو، دۆخێك هاتە پێشەوە كە حكومەت لە حزب بەهێزتر دەردەكەوت، بەتایبەت لای پارتی، ویستی هاتنە ناو حكومەت زۆر بەهێز بوو.
مەسرور بارزانی دوای گەڕانەوەی لە ئەمەریكا، دەزگای پاراستنی گرتە دەست، ئەمەش یەكەم هەنگاوی كۆپی پەیستی شوێنهەڵگرتنی باوكی بوو، وردە وردە بەهۆی رووداوگەلێكی ناوچەیەكی تەژی لە ململانێی سیاسی و شەڕی عەسكەری و شەڕی هەواڵگری، پێویست بوو دەزگای پاراستن بەهێزتر بكرێت وەك سروشتی هەر وڵاتێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بڕیار بەدەستان گرنگی تایبەت بە دەزگای هەواڵگری و عەسكەری دەدەن.
ئێستا كە وێنایەكە وەها خۆی نمایش دەكات كە ئیتر مەسرور بارزانی رەقەم یەكی ناو پارتییە، باوەڕ ناكەم بێ بنەماو هۆكار بێت، یان ئەوەی روودەدات ویستی باوكە بۆ كوڕەكەی یانیش واقیعێكە خۆی فەڕز كردووە، ئەو دیوەش دەكرێت بەهەند وەرگیردرێت كە رۆڵ بینین بێت لەنێوان دوو ئامۆزایەكەو سەرقاڵ كردنی شەقامی كوردی و حزبەكانی تریش بە وەها دۆخێك.
ئەوەی ئاسایی و یاسایی و سیاسیی و تەندروستە، ئەوەیە، دەكرێت روانگەی مەسرور بارزانی تەواو پێچەوانەی روانگەی نێچیرڤان بارزانی بێت لە ئیدارەدانی حكومەت، ئەگەر كۆپی پەیست بوایە بە دیدی من هەڵەیەكی زەق بوو.
ئەوەیشی دەكرێت خوێندنەوەی دیدی هەر كەسێكی بۆ بكرێت ئەوەیە، دوای خۆی مەسعود بارزانی وەك ئیدریس بارزانی برای كلیلی حزب دەداتە نێچیرڤانی برازای یان وەك شا سەلمان دەیداتە كوڕەكەی؟

 

فەرمان سادق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی