نهێنی بڕیارەكان.. چۆن سیاسەتی نەوت شكستی هێنا؟

29/07/2019

عەلی حەمە ساڵح

چومەوە سەر بەڵگەنامەكان.. 
سەرەتای ساڵی ٢٠١٤، لە كۆبونەوەی فەرمی لە هۆڵی پرۆتۆكۆڵی پەرلەمانی كوردستان، منیش وەك نوێنەری گۆڕان بەشداربووم، كۆبونەوە بەئامادەبوونی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانەسروشتییەكان بوو، ڕاپۆرتێكی ئامادەكردبوو، وتی" خۆمان نەوت بفرۆشین زۆر زیاترمان دەستدەكەوێت لەوەی بەغدا" ڕاپۆرتەكەی كێڵگە بەكێڵگەی كوردستان ئاستی بەرهەمی نەوت و داهاتەكەی دیاری كردبوو! ئێستا نوسخەیەكی ئەو ڕاپۆرتە پڕ هەڵەیەی ئاشتی هەورامیم لەبەردەستە‌.

بۆنمونە لە ساڵی ٢٠١٦دا، تەنیا داهاتی كێڵگە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان ٣٨ ملیار دۆلار دەبێت، بەڵام لە ڕاستیدا داهاتی نەوت لەو ساڵەدا ٣ ملیار دۆلاری دیارە! واتە پێشبینیەكە ٩٠٪ نادروست بوو.( بەوێنە بەبەڵگەوە ئەو پێشبینیانە دادەنێم كە هۆكاری گرفت و قەیرانن). 

پێش ئەوەی بێن بۆ كۆبونەوە هەموو شتێكیان بڕیبوویەوە، هیچ شتێكیش لەو كۆبونەوە نەخرایە دەنگدان. 
ترسی بڕینی بەشە بودجەی بەغدامان باسكرد، وتیان: سەربەخۆ نەوت بفرۆشین زیاترمان دەستدەكەوێت لەوەی بەغدا پێماندەدات..

زانیاری هەڵە بڕیاری هەڵە دروستدەكات، بڕیاری هەڵەش قەیرانی گەورەی بەدوادێت. 

بەپێی ڕاپۆرتەكەی ئاشتی هەورامی، داهاتی نەوت مانگانە دەگاتە نزیكەی ٣ ملیار دۆلار، بەڵام ئێستا تەنیا ١٠٪ ئەو پارە وەك داهاتی نەوت دەگاتە وەزارەتی دارایی. 

ئاستی بەرهەمی نەوتیش یەك ملیۆن نیەو ٤٣٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە.

لەبەرمیلێك نەوتیش تەنیا ١٩ دۆلاری دەمێنێتەوەو دەدرێتە وەزارەتی دارایی. 

دەبێت بەو پەڕی قەناعەتەو بگوترێت، ئەم سیاسەتەی نەوت شكستی هێنا، لەبری خۆشگوزەرانی قەیران و قەرزی هێنا... 

ئەوەی بۆ ئەوان گرنگ بوو 
سەربەخۆ نەوت بفرۆشن، پارە بچێتە بانكی ئەهلی وردبینی نەكرێت، بەناوی كۆمپانیای خزمەتگوازاری و سكویرتیش چەندین بەرپرسی باڵا لەژێر سێبەری سیاسەتی سەربەخۆی نەوت بوون بە خاوەنی سەدان ملیۆن دۆلار.( بەبەڵگە هەمووی هەیە) 

كێشەی گەورەی قەرزو قەیرانیش بۆ خەڵك بوو. 

چارەسەر چیە؟ 
سیاسەتێكی ژێرانەو واقع بینانە، باشترین بژاردە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی تووشی قەیرانێكی قوڵ نەبێت... ڕێككەوتنێكی سەنگینە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، هیچ سەرۆك وەزیرانێك وەك عادل عەبدولمەهدی دڵسۆزانە نایەوێت كێشەی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت بۆ بودجە چارەسەر بكات، ئەستەمە دوای عادل عەبدولمەهدیش سەرۆك وەزیرانێكی ئاوا هاوسۆز بۆ كورد لە عێراقدا حاكم بێت، بۆیە باشترین بژاردە ڕێككەوتنە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی. 

ئەگەر بە ژمارەو بیرۆكەو پرۆژەی ئاشتی هەورامی حكومەتی هەرێم بڕوات لەگەڵ ناوەنددا ڕێكبكەوێت، هەرگیز ڕێكناكەوێت و هەرێمی كوردستانیش لە ٢٠٢٠دا تووشی قەیرانێكی گەورە دەبێت، كە چاوەڕواننەكراوە. 

بۆیە باشترین بژاردە ڕێككەوتنە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدیدا. 

دراسەی ورد، پێشبینی واقعی، لێكدانەوەی ئەگەرەكان پێش دانوستان گرنگو پێویستەو من خۆم ئەمەم بە بەرپرسان وتووە بەتایبەت وەزیری دارایی كە ئەندامی لیژنەكەیە.. 

عەلی حەمەساڵح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی