رۆژئاواو سیاسەتی سەرمایەداری‌و بەرگریكردنی راستینەیی كورد

29/07/2019

کەمال محەممەد

لەسەرو بەندی جەنگی سوریادا،نیشتمان پەروەری و بەرخودان بۆ ئازادی دەكرێ نمونەیەكی جوانی كوردەكانی خۆرئاوا بوبێت بەمەبەستی  خۆبەرێوەبەرییەكی دیموكراسیانە ،ئەوان لە نێو بەرداشی زلهێزەكان و شەڕی تیرۆرستی داعش لە ناخی دڵەوە بڕوایەكی گەوهەرییان لە ناخیاندا جێگیر كردبوو،تەنانەت تاڕادەی بڕوا بونێك كە لەم جوگرافیایەدا بە خۆڵ و گیاش بژین دەست لەو خاكە بەرنادەن كە خاكی خۆیانە ،تێگەیەكی بەم جۆرە لە بەرامبەریدا كاردانەوەو بەرخودان دەخوڵقێنێت ،لەراستیدا ئەمە ڕۆحی بەرگری گەلێكە كە هۆكارێكە بۆ ژیان و هێزی بیركردنەوەشە بۆ چۆنێتی پاراستنی مافی ڕەوای گەلێك ،هەر ئەمەشە وایكردوە كە رۆژئاوا و خەڵكەكەی وەك پێكهاتەیەكی كلتوری و خاوەن مافی سیاسی ببینرێ و بیناسێنرێ لەلایەن وڵاتانەوە ،

هونەری بەڕێوەبەردنی سیاسەت و دیبلۆماسییەتی  سیاسییەكانی خۆرئاوا و ئاواكردنی قەوارەیەكی سیاسی  جوگرافیایی لەلایەن توركیاوە جێگای قبوڵ نییە ،بۆیە توركیا بە درێژایی خۆبەرێوەبەری خۆرئاوا هەمیشە لەسەنگەردا بوە دژ بەو پارچە كرانەوەی سنورەكانی دەرەوە بەڕوی توركیادا كە زیاتر خۆی لە ناوچەكە هەڵدەقورتێنێ و لەگەڵ سەرمایەی جیهانگیری بونەتە یەك و بەرەو هێزێكی هەژمونگەرایی  ناوچەكە و جیهان هەنگاو ئەنێت پێویستە بزانین هێزی هەژمونگەرایی  زلهێزەكانی جیهان ڕۆڵێكی دیاریكەریان لەئاواكردنی ئەو هەژمونگەراییە نوێیەو توركیادا هەبوە ،داگیركردن و هێرشكردنە سەر عەفرین بە نمونە ،

كارەكتەر و خەسڵەتی كوردەكانی خۆرئاوا بەشێوەیەكی ئاشكرا ئەوەی سەلماندوە كە یەكێكن لە شۆڕشگێڕترین گەلانی سەردەم ،ئێستا پێگەی كورد و خۆرئاوا بۆ ئەمریكا گرنگە ستراتیژییەكەی زیادی كردوە بەهۆی گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەوە ،نایانەوێت ئەم پارچە خاكە لەدەست بدەن و هۆشدارییان بە توركیا داوە كە هێرش كردنە سەر رۆژهەڵاتی فورات ئاسان نابێت ،ڕاسیۆنالیستە سیاسییەكانی ئەمریكا گەشتونەتە ئەو بڕوایەی بونی كوردان و خاكەكەی هێندەی ئیسرائیلی جاران بۆ ئێستای سیاسەتەكانی ئەمریكا ڕۆڵ و گرنگی خۆی هەیە ،بەهۆی زیادبونی ناكۆكییەكانی لەگەڵ ئەمریكاوە لەدوای كڕینی S400 توركیای خستۆتە دۆخێكی ناسەقامگیرییەوە كە دور نییە  دروستكردنی  ڕوداو و هەرەشەكانی بۆ سەر باشور و رۆژئاوا  بۆ خۆ دورخستنەوە نەبێت لە سەپاندنی سزاكان بەسەریدا ،

قۆناغی ئێستا كە ڕێككەوتنی توركیا و ئێران و سوریا لە چوارچێوەی كورد هاتۆتەكایەوە ،هۆكاری هێنانە كایەی جەمسەری ئەمریكی و یەكێتی ئەوروپی و ئیسرائیل و كوردە ،هەردو جەمسەری رێككەوتنیش خوازیارن ڕۆڵ و گرنگی خۆیان هەبێت لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو رۆژهەڵاتی ناوەراستدا ،ئێستای كێشەی كورد و تورك و چارەسەركردنی، بابەتێكی سەختی  ستراتیژی ئەمریكایە  لە ناوچەكەدا بەو پێیەی هەردولا گرنگی خۆیان هەیە بۆ سیستەمی تاك جەمسەری ئەمریكی داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا  ،ئەمریكا نایەوێ چیدیكە  توركیای ئەندامی ناتۆ لە جەمسەری روسیا نزیك بێتەوە چونكە ئەمە بە پلانێكی روسیا ئەزانێت بۆ زیاتر بچوك كردنەوە و لاوازكردنی ناتۆ و ملكەچی ئەندامەكانی دیكەی ئەو ئەندامێتیە ،بە نسبەت كوردانیشەوە خۆرئاوا  وەك بەشێكی وڵاتی سوریای هاوپەیمانی ڕوسیا گرنگییەكی ستراتیژی و جیۆپۆلەتیكی هەیە بۆ ئەمریكا ،

خۆسەری خۆرئاوا و پێشكەوتنەكانی توركیای پەلكێشی ململانێكانی هەردو جەمسەری بلۆكی جیهانی كردوە ،تەنگەتاوبونی توركیا دەیسەلمێنێت كە بە قۆناغێكی زەحمەتدا تێدەپەڕێت ،بەهۆی ئەوەی دنیای سەرمایەداری بە بێ قازانج ناوەستێت بە بێ قەیرانیش ناوەستێت،بۆیە ئەوەی كە هیچ بەهایەكی نییە لەدنیای سەرمایەداریدا ئازدی و مافە ،چونكە پێشتر نەخشەكان ئامادەكراون  ،بۆیە پێویستە كوردەكان  بەرگری كردن لە ڕەوایەتیان تەنیا بە ڕیفۆڕمە ڕێژەییەكانی زلهێزەكانەوە  نەبەستنەوە كەهەموكات هاوسەنگی وبەرژەوەندییان رێككەوتنەكانیان دیاری ئەكات  ،بەدەڕبڕینێكی دیكە سیاسەت و تێكۆشانیان بكەنە پرۆژەیەك بۆ پێشنیازكردنی ستراتیژی هاوبەش بە ئاراستەی وڵاتان و لایەنە نێو دەوڵەتییەكان بۆئەوەی پابەندبون بە پەیماننامە و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان ،بۆ ئەوەی جارێكی دیكە نەبنە لایەنێكی جینۆسایدی زلهێزەكانی سیاسەتی سەرمایەداری،

كەمال محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی