ئیتر قسە مەکە، تکایە

30/07/2019

سەردار عەبدوڵا

سەردار عەبدوڵا

ماوەیەکە کۆمەڵە ھاوڕێیەکی خۆشەویست کەوتونەتە نوسین و بڵاوکردنەوەی ھەندێک بابەت کە باس لە کێشەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات. ھەڵبەتە قسەکردن، رەخنەگرتن، وتنی راستییەکان، مافی ھەر کەسێکە.. بەڵام دەبێ لەپێشدا ئەوە ساغ بکەینەوە کە ئایا بۆ قسە دەکەین، بە چ مەبەستێک قسە دەکەین؟ لێرەشەوە ئەم بۆچونە موتەوازیعانەم تەنھا ڕوو لە یەک ھاوڕێی ئازیز ناکەن، کە دڵنیام چەندی خۆشدەوێم، دڵنیاشە کە چەندم خۆشدەوێ، بەڵکو بۆ ھەمو ھاوڕێ ئازیزەکانمە کە کاری سیاسییان کردوە و دەکەن، بەشێک بون لە بزوتنەوەی گۆڕان، لە پۆست و پایەی بەرز و کاریگەردا بون.

وەک وتمان با لەپێشدا ئەوە ساغ بکەینەوە کە بە چ مەبەستێک قسە دەکەین. ئایا چۆن دەتوانین مەبەستمان لە پشت وتنی قسەیەکەوە دیاریی بکەین؟ ھەڵبەتە دەبێ بزانین قسەیەک کەی دەیکەین؟ لەکوێی دەکەین؟ بە چ وەسیلەیەک دەیگەیەنین؟ لێرەوە لایەنێکی دیکەی یەکجار گرنگی ئەم مەسەلەیە دەخەمەڕو، کە باڵاترە لە مەسەلەی ناسینی مەبەست و غەرەزی پشت قسەیەک، ئەویش ئەوەیە کە زۆر جار باشترین پێشنیار و پرۆژە سەر ناگرن ، چونکە لە کاتی خۆیدا و لەشوێنی گونجاوی خۆیدا و بەو وەسیلەیە ناگەینرێن کە ببێتە مایەی وەرگرتنیان، بەڵکو ئامانجێکی پێچەوانەش دەپێکێ.

لەو سۆنگەیەی سەرەوە، داوا لە ھەمو ئەو ھاوڕێ ئازیزانە دەکەم کە ماوەیەکە بەردەوامن لەم نوسینانە، دیقەت بفەرمون لەو پرسیارانەی سەرەوە: ئایا بۆ لەم کاتەدا ئەم قسانە دەکەن؟ لە چ شوێنێکی دەکەن؟ بۆ لە میدیا و فەیسبوک دەیکەن؟ لە دواییشدا دەتانەوێ بەم کارە چ مەبەستێک بپێکن؟

ھەڵبەتە گومان لەکەس ناکەم، مافیش بەخۆم نادەم کە بوختان بۆ کەس بکەم، بڕواشم بەو فەرمودەیەی حەزرەتی مەسیح ھەیە کە دەڵێ : "دوژمنەکاینشت خۆشبوێ". ئەمە چ جای ئەوەی ئێوە ھاوڕێ و برای خۆشەویستمن. ھاوکاتیش ئەوەی رێگریی ڕەھام لێدەکات ئەمجۆرە کارانە بکەم، تێگەیشتن و بڕوای بێ پێچوپەنا و مەبدەئیانەی خۆمە بۆ سیاسەت کە بەمجۆرەی پێناسە دەکەم و دەیان جاریش رامگەیاندوە کە "سیاسەت لەسەر ھەردو پایەی ئەخلاق و عەقڵ وەستاوە، ھەمو سیاسییەکیش دەبێ ھەڵگری ھەر سێ خەسڵەتە سەرەکییەکەی بێت، کە بریتین لە:راستگۆیی، ئازایەتی، خۆشەویستی".

ئەم دۆخەی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان، خۆی ھۆ نیە، بەڵکو دەرەنجامە. دەرەنجامی کەڵەکەبونی سیاسەتی ھەڵە و بەتایبەتیش نەفەسی شەعبەوییە لە گوتار و رەفتاردا. لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئەو وتەیەشم وەبیرتان بێنمەوە، کە دەمگوت "شەعبەویەت لە گەندەڵی ترسناکترە". کە ئەو گوتار و رەفتارە شەعبەوییە سەردەمانێک شەقڵی سەرەکی زۆر لە ھاوڕێیان بو، بەشێک لە ئێوەی بەڕێزیش، نەک ھەر مومارەسەتان دەکرد، بگرە وەک سیمبولی ئەو قۆناغە ھەمو شتێکیان قۆرخ کردبو. بەشێک بون لە پەلاماردان و تاوانبارکردنی عەقلانییەت و بەمجۆرەش بون بەھۆی داڕشتن و پیادەکردنی دەیان سیاسەت و بڕیاری ھەڵە، کە بەداخەوە بەشێکیان ھەڵەی ستراتیژی بون.

ئەو کاتەی پێویست بو قسە بکەن، و تەنھا لە ناو ئۆرگانەکانی بزوتنەوەکەدا، یان بە دۆستانە و شێوازی حیزبییانە لەگەڵ ھاوڕێکانتاندا قسە بکەن، نەک ھەر نەتانکرد، بەڵکو بەشێکتان ئەو دۆخەی دەقۆستەوە بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە خۆی بەرێتە پێشەوە. ھەندێکتان بون بە بەشێک لە پرۆسەی ترسناکی سەرکوتکردن و بێدەنگکردنی ئەو دەنگانەی دەگمەنانەی، مومارەسەی پرۆسەی رەخنەیەکی عەقلانی کە بەشێوازی ئوسوڵی و ئەخلاقی حیزبی دور لە ھەڵڵای شەعبەویانەی سەر میدیا و فەیسبوکیان دەکرد.

ئەگەر ئەو کاتە دور لە گوتاری شەعبەوی فەیسبوک و بە شێوازە حیزبی و ئەخلاقییەکەی قسەتان بکردایە، دڵنیا بن کە ئێستا بزوتنەوەکە بەم حاڵە نەدەگیشت و بەشێکی جەماوەرە ئازا و ڕاستگۆ و خۆنەویستەکەی زویر نەدەبو.. بەڵام ئەو کاتە نەک ھەر قسەتان نەکرد، بگرە ھەندێکتان بەشی سەرەکی پرۆسەی بە مێگەلکردنی گوتار و سیاسەتی شەعبەوی بون، لێرەشەوە ئێوە پشکی سەرەکیتان بەردەکەوێ ئەگەر لێپرسینەوەیەکی بابەتی و ئەخلاقی مومکین بێت.. ئەم دۆخەی ئێستا بزوتنەوەکە و کوردستان و تێکچونی کارەساتاویی بنەما و سروشتی سیاسەتیش لەم نیشتمانەدا، ئێوە ڕۆڵی گەورەتان تێدا ھەبوە.

لە دواییشدا بە پێویستی دەزانم، دوا قسەم ئاراستەی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتیش جەماوەر و دەنگدەرانی ئازا و دڵسۆز و خۆنەویستی بزوتنەوەی گۆڕان بکەم:

ئازیزان، سەردەمانێک ھەندێک لەم بەڕێزانە بەشێکی سەرەکی پرۆسەی چەواشەکردنتان بون، ئێوەش لەبەر پاکیی و پەرۆشیی و گەورەییتان، بڕواتان پێکردن، ھەربۆیە ئێستا کە دۆخەکە بەمە گەیشتوە، جۆرێک لە شۆکتان توش بوە، کە ئەمە کارێکی باشە ئەگەر:

١- ببێتە مایەی پەندوەرگرتن.

٢- نەبێتە مایەی دوبارە شوێنکەوتنی ھەڵایەکی تازەی شەعبەویانە کە دەیەوێ مێگەل ئاسا، وات لێبکات نەوێری تەنانەت بیر لە گوتارەکەشیان بکەیتەوە، ئەگینا لیستە ئامادەکەیان لە جنێو و بوختان و تەشھیر، وەک جبەخانەیەکی ترسناک لەسەر پێیە کە وێرانت بکات.
ناچارم بێژم، کە بەشێک لەم بەڕێزانەی ئێستا قسە دەکەن لە قۆناغی تردا ھەڵوێستی خۆنەویستییان بە ئێوە فرۆشت و گوتیان: ئێمە لە فڵان پۆست و پرۆسەی وەدەستھێنانی پۆست دەکشێینەوە. بەداخەوە کە ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کاتی خۆی (موقایەزە) یەکیان خرایە پێش، کە ئەگەر ئێستا بکشێیتەوە، دواتر فڵانە پۆستت دەدینێ، ئەمانەش یەک و دوان نین، بگرە زۆرن.

لەمەش خراپتر، ھەندێک لەم ئازیزانە دەیانەوێ دیسانەوە چەواشەتان بکەنەوە، بەوەی کە پرۆسەیەکی جیاکاریی دور لە راستیی مومارەسە دەکەن، بە ھەوڵدانی پاککردنەوە و بە فریشتە ناساندنی ھەندێک ناو و کەسی پێشتر لە بزوتنەوەکەتاندا بون.. تکایە ئازیزان، رێگەیان مەدەنێ جارێکی تر چەواشەتان بکەنەوە.. لێرەدا ئەو پێوەرەشم دوبارە وەبیر ئەو ھاوڕێ ئازیزە قسەکەرانە دێنمەوە کە "نائەخلاقیترین کاری سیاسییەک ئەوەیە کە خەڵک چەواشە بکات، چونکە ئەو خەڵکە متمانەی بەنرخی خۆی پێ بەخشیوە".

ئازیزان، ئەو خەڵکە لەبەر گێلیی نیە متمانەی پێ بەخشیون و بڕوای پێکردون، بەڵکو لەبەر گەورەیی و راستگۆیی و میھرەبانییەتی.. چۆن دڵتان ھات چەواشەیان بکەن.. داخۆ ئاخر چۆن دڵتان دێ ئێستاش لەبەر بەرژەوەندی شەخسی ھەوڵی چەواشەکردنەوەی بدەنەوە؟ 
دەگەڕێمەوە سەر پرسیارەکانم سەبارەت بە مەبەستی قسەکردن و دەڵێم:

ئازیزان، ئەگەر مەبەستتان چاککردنی کێشە و گرفت و رێگرتن لەم دۆخە بوایە، ئەو کاتە قسەتان دەکرد کە پێویست بیکەن، بە شێوازی ئوسوڵی حیزبی و لە ناو ئۆرگانەکاندا قسەتان دەکرد، روبەڕو و دۆستانە قسەتان دەکرد، نەک لەسەر فەیسبوک.. بەڵام کە ئێستا پاش گەیشتنی بزوتنەوەکەتان بەم دۆخە قسە دەکەن، دور لە ئوسوڵی حیزبی قسە دەکەن، لەسەر میدیا و فەیسبوک قسە دەکەن، ھەڵبەتە دەکرێ ھەر مەبەستێکی دیکەتان ھەبێ جگە لە چاکسازیی.. ئەم قسەکردنەی ئێستاتان، ھێندەی ئەو بێدەنگیی و تەنانەت بێدەنگکردنەی جارانتان، خراپ و ترسناکە.
لێرەوە بەوپەڕی پەرۆشییم بۆ نیشتمان و ھاونیشتمانانی سەربەرزی وڵاتەکەمان، زۆر دۆستانە بە یەک بە یەکتان دەڵێم:
ھاوڕێی ئازیزم، ئیتر قسە مەکە، تکایە!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی