چاكسازی بە چی وچۆن دەكرێت؟

31/07/2019

لەتیف فاتیح فەرەج

پێم وایە ساڵی 2013 ەبوو بارزانی ئەوكات سەرۆكی هەرێم بوو بەرنامەیەكی چاكسازی راگەیاند ، تا ئەو رۆژەی دەستی لە سەرۆكایەتی هەرێم پێهەڵگیرا ، یەك خاڵی بەرنامەكەی جێبەجێنەكرا ، ئەمە ئەو گرفتەیە كە پارتی و یەكێتی وەك دوو حزبی خاوەن سوپاوپارە ناتوانن بە سەریدا زاڵ بن ، لەبەر ئەوەی هەرجۆرە چاكسازیەك كێشەی گەورە بۆ نێو خۆیان دروست دەكات ، بارزانی نەیتوانی یەك هەنگاو بۆ چاكسازی بنێت چونكە گەندەڵی بەڕادەیەك لە نێو حزبەكەی خۆی و حكومەتا زیادی كردبوو ، دەبوو یەك یەك خشتەكانی حزب و حكومەت تا ڕادەی روخان لەبەر یەك دەربكات .

ئێستا دوای 6 ساڵ لەو دیرۆكە كاتێك مەسرور بارزانی كوڕی سەرۆكی هەرێمی پێشوو ، دێت بانگەشەی چاكسازی دەكات تووشی هەمان لەمپەرو گرفت دەبێتەوە ، ئاخر یەكەمین هەنگاوی چاكسازی ئەوەیە سزادان و لێپرسینەوەو بردنە بەردەم دادگا هەبێت ، ئاخۆ كەس دەتوانێت ئەوە بكات ، سەرەتایی ترین هەنگاوەكانی چاكسازی بریتین لە :

یەكەم : رێكخستنی هێزی پێشمەرگەودروستكردنی سوپای كوردستان بێدەستوەردانی حزبی و گێڕانەوەی ئەو چەك و چۆڵە زۆرە داگیركراوەی حكومەت كە حزب دەستی بەسەردا گرتووە ، ئاخۆ ئەمە دەكرێت ، یان سەرۆكی حكومەت توانی ئەوەی هەیە بە شێوازێكی تر ئەمە بكات ، بێ‌ ئەوەی بەربەست و لەمپەری توش بێت ، چۆن دەتوانێت بەسەر لەمپەرەكاندا زاڵ بێت ، ئاخۆ سەرۆكی حكومەت توانای لێپرسینەوەو سزادانی ئامر لیوایەكی هەیە ؟.

دووەم :رێگری كردن لە تەخشان و پەخشانكردنی زەوی و خاكی كوردستان و گێڕانەوەی ئەو هەموو زەویە بە فێڵ و ساختە تاپۆكراوەی كوردستانو سزادانی ئەو هەموو دەستدرێژیكارە دزو گەندەڵە كە ئیدی لەپەنای حزبەوە كوردستانیان كردووە بە هەزاران پارچەو كێڵگەوپاوانی ناجۆرەوە .

سێیەم : لێكجیاكردنەوەی حزب و بازاڕو هەڵوەشانەوەی مۆنۆپۆڵكردنی بازاڕ، لە لایەن حزبەوە ئاخۆ سەرۆكی حكومەت دەتوانێت سنوربۆ كۆمپانیا قۆرخكارەكانی حزب دابنێت ، دەتوانێ‌ دوو كۆمپانیای دزو گەندەڵ بداتە دادگاوسەروەت و سامانە ساختەكەی بگێڕێتەوە بۆ میللەت .

چوارەم : سەرۆكی حكومەت دەتوانێت ئەو هەموو نەسریەو پاداشت و بەخشینەی وەزیرو پارلەمانتارو بەڕێوەبەری گشتیە رابگرێت و وەزیر فێر بكات كە ئەو فەرمانبەرێكەو هیچی تر ، یان موحاسەسەی حزبی وحكومەتی حزبەكان بەم جۆرەی كوردستان ئەو هەنگاوەش كۆت و بەند دەكات .

پێنجەم : سەرۆكی حكومەت دەتوانێت سیستمی بانكی لە كوردستانبگەیەنێتەئاستی لانی كەمی ئەوەی لەئێرانو توركیا هەیەو بانكەكانی حزب وكەسەكان بەو جۆرەی ئێستا هەڵبوەشێنێتەوە .

شەشەم : ئایە ئەو دەتوانێت بە دابەزینە ناوخەڵك حكومەتی حزبەكان بكاتە حكومەتی خەڵك ؟

حەوتەم : دەتوانێت لانی كەم رێژەی گەندەڵی و رۆتین بە بە ژمارە و داتا كەم بكاتەوە بۆ نمونە ساڵی یەكەم لە 10% كەمبكاتەوە و ساڵانی تر بەو جۆرە .

ئەگەر سەرۆكی حكومەت بەمچوار ساڵە 40% ی ئەوەی ئێمە دەیڵێین جێبەجێ‌ بكات ، كەواتە ئێمە دەبێت بە ئومێدەوەسەیری هەنگاوەكانی حكومەت بكەین .

ئەوەشمان بیر نەچێت سەرۆكی حكومەت لە هەر هەنگاوێكدا كە دەینات دەبێت لە گەڵ پسمامەكەیدا بەریەككەوتن رووبدات ، دەی هەر ئەوەش بەسە بۆ ئومێد نەبون بە هەنگاوەكانی چاكسازی .

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی