سەماوە لە نێوان موزایەدە و دڵسۆزی دا

31/07/2019

دڵشاد ئەنوەر


کورد میللەتێک نیە بتوانێت ئەو کارەسات و تاوانانەی بەسەری هاتوون بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی تەوزیفیان بکات، بۆیە بەشێوەیەک دەست بۆ مەلەف و دۆسیەکان دەبات، هەمیشە بە زیان بەسەریدا دەشکێتەوە.


تاکی کورد، تاکێکی ناهۆشیارە، بۆیە کوردەواری وتەنی بە جامێک ئاو دەکەوێتە مەلە، ئەم نا هۆشیاریەش هێندەی تر دەرفەتی بۆ موزایەدەچیەکان رەخساندووە و زیانیشی بە پرسە نەتەوایەتیەکان گەیاندووە.


بۆ ناهۆشیاری تاک و هەڵە کارکردن لەسەر دۆسیە گرنگەکان، وروژاندن و ڕووداوەکانی ڕۆژانی رابردووی سەر گۆڕە بە کۆمەڵەکەی سەماوە بە نموونە دەهێنینەوە، لێرەوە تێدەگەین، پەرلەمانتاری موزایەدەچی و میدیای نابەرپرس و شەڕە دەنوکی حیزب، چۆن حەجمی کارەساتێکی گەورەی وەکو گۆڕەکەی سەماوەی بچوک کردۆتەوە.


لە سەرەتای هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکەوە، میدیای کوردی هات وێنەی سعاتێکی عەرز کرد کە گوایە لەنێو گۆڕە بە کۆمەڵەکە دۆزراوەتەوە، سەرنجی ڕای گشتی لەسەر ئەو هەموو ژن و منداڵە زیندە بە چاڵکراوە( دیمەنی وای تێدابوو بەس بوو بۆ وروژاندنی ویژدانی دونیا) گۆڕی بۆ سەر سعاتێک، لەکاتێکدا سعاتەکە هی نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکە نەبوو.
لە بری کارکردن بۆ پیشاندانی دیمەنەکانی نێو گۆڕەکە بە دونیا، کە هەم ئاماژەن بۆ دڕندەیی بەعس و هەم ئاماژەشن بۆ مەزڵومی ئەم قەومە ئاخر شەڕە. لەبری پیشاندانی دیمەنی ئەو ژن و منداڵانەی کە لەکاتی گوللە باران کردنیان دا باوەشیان بە یەکدا کردووە، لەبری ئیبرازکردنی دیمەنی باوەش کردنی منداڵی ساوای زیندە بەچاڵکراو بە دایکی، کەچی پەرلەمانتار و میدیای موزایەدەچی و نابەرپرس، دێن ئەو دۆسیە گەورانە لە هەڵوێستی مولازمێکی دەم ڕووت و بێ دەنگی راوێژکاردا کورت دەکەنەوە.


ئاخر، بیابانی سەماوە نە جێگەیەکی شیاوە بۆ کوردایەتی، نە شوێنی شەڕە دەنوکیشە، بەڵکو ئەو بیابانە جێگەی سەلماندنی زیندە بە چاڵکردنی هەزاران ژن و منداڵی بێ گوناهە، ئەو بیابانە بەڵگەی تیایە، بەڵگەیەک گەر میللەتی عاقڵ و خاوەن ستراتیژ تەوزیفی بکات، نەیارەکانی پێ دەم کوت دەکات و دۆستەکانیشی بۆ گەیشتن بە مافەکانی پێ دێنێتە خەت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی