لەساڵیادی جینۆسایدی بارزانییەکان

31/07/2019

ئارام رەفعەت


ئێمەی کورد بە بێباکی و خەواڵویی ھاتینە ناو سەدەی بیستەم و نەمانتوانی جێپێیەک لە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە دا بکەینەوە و کەوتینە دەرەوەی سیستەمە دەوڵەتییەکە و سەرەنجام لەدەرەوەی مێژودا ماینەوە. 
مێژووی سەدەی بیست ئەوەمان پێدەڵێت ئەو نەتەوە، گەل، کۆمەڵ و کۆمونیتیانەی لەدەرەوەی مێژوودا دەژین ھەمیشە پڕۆژەیەکن، یان باشتر بڵێم ئامانجێکن بۆ سڕینەوە. کورد لەھەر چوار پارچەکەی کوردستان و لەسەرەتای سەدەی بیستەوە تا ئێستا ئەو پرۆژە و ئامانجە بووە، ھەڵبەت لەھەر وڵاتێک بەشێوە و فۆرم و ئاستی جیاواز. 
جینۆسایدی بارزانییەکان لە ساڵی ١٩٨٣دا سەرەتایەکی ئەزمونی بوو بۆ جینۆسایدێکی فراوانتر، کە بە ئەنفالەکاندا تێپەڕی و ئەگەر داگیرکردنی کوێت و شەڕی کەنداو و ڕاپەڕینی ١٩٩١ نەبوایە ئێستا ئاساوارێک بەناوی کورد لە باشوری کوردستاندا نەمابوو. 
جینۆسایدی بارزانییەکان بەدوو ئاراستە تێست (تاقیکردنەوە و ھەڵسەنگاندن) و ئەزموونکردن بوو بۆ پرۆژەی جینۆسایدکردنی سەرجەم گەلی کورد لە باشور. 
ئاراستەی یەکەم تێستکردنی ناوەوە بوو، لەرێگای تێستکردنی وشیاری دەستەجەمعی کوردەوە. لەم تێستەدا عێراق لەوە دڵنیابوو کەکورد ھێشتا لەدەرەوەی مێژوودا دەژیت و وەک نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکانی جیھان نەبۆتە خاوەنی وشیاری نەتەوەیی دەستەجەمعی. 
عێراق لەوە تێگەیشت کە وشیاری نەتەوەیی کورد بەشی ئەوە ناکات کە گەلی کورد بە یەک دەنگ دژی جینۆسایدی بارزانییەکان بوەستێتەوە و رێگری لەو جینۆسایدە بکات و جینۆسایدی ئەوان بە جینۆسایدی ھەموو کورد بزانێت.
وەک چۆن کورد بە بێباکی و خەواڵویی ھاتە ناو سەدەی بیستەوە، ئاواش بەبێباکی و خەواڵوویی کاردانەوەی بەرامبەر کردەی جینۆسایدی بارزانییەکان و سەرەنجام ئەوە پەیامەی بە عێڕاق گەیاند کە ئامادەیە بۆ جینۆسایدی زیاتر و فراوانتر. ئەگەر کورد لەو ئەزمونەدا وەک نەتەوەیەکی دەرەوەی مێژوو خۆی دەرنەخستایە و خاوەندارێتی گیانی تاک بەتاکی بارزانییەکانی بکردایە ھەرگیز دەوڵەتی عێراق جورئەتی کیمیاباران و ئەنفال و بە سوتماک کردنی کوردستانی نەدەبوو.
ئاراستەی دووەمی ئەزمونکردنەکەی عێراق بۆ دەرەوە بوو. کاردانەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ جینۆسایدی بارزانییەکان ھەر ئەوەبوو کە چاوەروانکراو بوو. مامەڵەی کۆمەڵگای نیودەوڵەتی بۆ جینۆسایدی بارزانییەکان بەجۆرێک بوو وەک ئەوەی کورد گروپێکی دەرەوەی مێژووە و بوون و نەبوونی، مان و لەناوبردنی ھیچ فەرقێک بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناکات و مادام نەتەوەیەکە دەوڵەتی نییە ئیتر پاراستنی ئەو نەتەوەیە ئەرکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نییە.
سەدەی بیستەممان بە بێباکی و خەواڵویی و لەدەرەوەی مێژوودا تێپەڕاند و نە خاوەنی وشیاری دەستەجەمعی بووین تا بەرگری لەخۆمان بکەین وە نە ستاتۆیەکی نێودەوڵەتیمان ھەبوو تا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بمانپارێزێت.
وا خەریکە پێنج یەکی سەدەی بیست و یەکیش بەڕێدەکەین و ھێشتا کورد ھەر لەدەرەوەی مێژوودایە و ھێشتا پرۆژەیەکە بۆ جینۆساید و شەنگالیش دوا نموونەیە بەڵام کۆتا نموونە نابێت.
لەساڵ ڕۆژی جینۆسایدی بارزانییەکان سەری رێز و نوازش بۆ تاک بە تاکی قوربانییانی ئەو جینۆسایدە دادەنەوێنم و نەفرەتیش بۆ فاشیزمی عێراقی .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی