رەگەزەکانی جێنۆسایدی بارزانییەکان

01/08/2019

عومەر محەمەد

بارزانییەکان ئەنفال نین بەڵکو گروپێکی جێنۆسایدکراون . بەداخەوە هەموو میدیای کوردی لەم هەڵەیە نابێتەوەو وەک قیرو زفت پێوەی نوساوە ! رۆژنامەی پڕخوێنەرو خۆیان گوتەنی "پرۆفیشناڵ" نوسێوێتی (شایانی باسە لەقۆناغی هەشتەمی ئەنفالی بادیناندا هەشت هەزار پیاوی بارزانی کۆمەڵکوژکران !) هەی سەلامەت بیت، ئێوە وەک شارەزای تاوانەکە نین شارەزای جوگرافیای وڵاتەکەش نین .. ئاخر ماڵت نەشێوێ، ناوچەی بارزان سەربەقەزای مێرگەسور و پارێزگای هەولێرە نەک بادینان و پارێزگای دهۆک ! بەهەرحاڵ لەکتێبەکەمدا (کۆمەڵکوژی بارزانیەکان قۆناغێک بەرلەئەنفال) چەندین هەڵەی ئاوام دەستنیشانکردووەو لێرە ناچمەوە سەریان . 

راستیەك هەیە دەبێ‌ وەك خۆی ببینرێت ئەویش ئەوەیە كە بارزانیەكان ئەنفال نین بەڵکو گروپێکی دیاریکراون کە پێنج ساڵ پێش ئەنفال گیراوان و جێنۆسایدکراون، ئەوان بەچەندین شێواز لەئەنفال جیاوازن، ئەنفالکراوان تۆمەتی بەکرێگیراوی ئێرانییان خرایەپاڵ و لەسەر ئەوەی کە نەگەڕانەوە ریزی نیشتمانی و زێدی خۆیان جێنەهێشت، واتا ئامادەنەبوون بێنە ناو کۆمەڵگە زۆرە ملێکان و لەگوندەکانیاندا مانەوە، کەواتە کە دەستنیشانکران (کوردە گوندنشینەکان)بوون نەک هەموو کوردێک ! بارزانیەکانیش بەهەمان تۆمەتی بەکرێگیراوی ئێرانی و لە سەر بارزانی بوونیان بوو واتا (نێرینەی بارزانی) (ئەمەش خەسەلەتێكی تری جینۆسایدە) دەشێت كۆمەڵكوژی بارزانیەكان بە جینۆسایدی رەگەزیش ناوبەرین (كوشتنی بارزانی نێر) ئەمە گرنگترین خاڵی جیا كردنەوەیە كە كۆمەڵكوژییەكە دەخاتە خانەی جینۆسایدی رەگەزییەوە، ئەو كوردانەی بارزانین دەبێ‌ بكوژرێن ئەمە خەسڵەتی دەستنیشانكردنی قوربانیە، بەو واتایەی ( كێن ئەوانەی دەبێ‌ بكوژرێن ؟ ) لەم دۆسێیەدا ئەوەی لەسەری دەوەستین كۆمەڵكوژی بارزانیەكانە نەک ئەنفال (ئەوەی دەبوو لە ساڵی 1983 بكوژرێ‌ نێرینەی بارزانی بوو) تەنانەت ئەو ژنانە نین كە بارزانین، ئەومنداڵانەش نین كە تەمەنیان لەخوار دوازدەساڵانە، بەڵكو ئەومرۆڤانەن كە رەگەزو تەمەنیان دیاریكراوە.

نێرەكانیان بكوژن و مێیەكانیان زەلیل بكەن. ئەمە لۆجیكی ڕون وئاشكرای بەعس بوو، ڕەنگە ووتەی ئەم شایەتحاڵە زۆر گونجاوبێت بۆ سەلماندنی ئەم رایە (فاخیر ڕەشید لەدایك بووی 1953 دانیشتووی كۆمەڵگای دیانەیە وسێ‌ برای لەكۆمەڵكوژیی بارزانیەكاندا گیران و دواتر كوژراون، ئەو بە گۆڤاری ئەنفالستان ژمارە (4)ی راگەیاندووە كەوا هێزەكانی ڕژێم كۆمەڵگاكەیان گەمارۆداین ئەوەی لە 10 ساڵان بۆ سەرەوە بوو ڕاپێچیان كردن، لە قوشتەپە خەڵكی لێبوو بارزانی نەبوون ئەوانیش گیران بەڵام دواترئازاد كران) ئەوە نیشانەیەكی تەواو رونوئاشكرای جینۆسایدی گروپێكی دەستنشانكراوە فاخر درێژە بەقسەكانی دەداو دەڵێت : ( لە بیرمە پیاوانی بەعس بە چی شێوازێكی نا مرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵ گیراوەكاندا دەكرد، عومەركوڕانی پیرەمێردێكی بارزانی بوو بە شێوازێكی زۆر دڕندانە پاش لێدان و ئازاردانی سواری پاسەكەیان كرد، ئێستاش كەسەری تەحسینی برامم بیرناچێتەوە كاتێك داوای كرد كوڕە 4 مانگەكەی كە ناوی عەلی بوو ببینێت، بەڵام ڕێگەیان نەدا.)

 

هەروەها هاوڵاتی عومەر ئیبراهیم قسەی بۆ گۆڤاری ئەنفالستان كردووەو لەبارەی روداوی گرتنی پیاوانی بارزانیەوە دەلێت: باوكم لەگەڵ دوو براو چوارمام و 8 كوڕە مامم گیراون لە درەنگانێكی شەودا گەمارۆی كۆمەڵگاكەیان دابوو، ئەوەی لەكۆمەڵگە دەرچووبا بۆدەرەوە لەسەر جادە بازگەیان دانابوو دەگیران، دواتر كە بەیانی ڕوویان كردە ناو كۆمەڵگە ئەوەی بەردەستیان كەوت كەسیان قوتارنەكرد ژن ومنداڵی كۆمەڵگە ڕوویان كردە سەرشەقام بۆ ئەوەی نزیكی گیراوەكان ببنەوە بەڵام فاشییەكان دەستدرێژییان كردە سەر ژن ومنداڵەكان لەئەنجامدا چەند كەسێك بریندار بوون، بریندارەكان بە ئۆتۆمبێلی ئەمن گەیەنرانە نەخۆشخانەی هەولێر لەبیرمە پیاوێك بەناوی (حەسەن شەریف) عەرەبی دەزانی لەگەڵ بریندارەكان چوو بۆهەولێر دواترئەویشیان لەگەڵ خۆیاندا ڕاپێچا. بەڵام ڕژێمی بەعسی خوێن مژبەوەش نەوەستا دەستی كرد بە بڕینی ئاو و كارە با لەخێزانەكان و لێنەگەڕا كەس لە كۆمەڵگا بێتە دەرەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی