پارتی.. لە سورچییەكانەوە بۆ برادۆستییەكان

02/08/2019

ئەحمەد میرە

ماوەیەكی زۆرە، پارتی بەهۆی پێگەی جەماوەرییەوە لە دەڤەری بادینان و بارزان حوكمی هەرێمی كوردستان دەكات. لاوازبوونی پێگەی جەماوەریی ئەو حیزبە لە شارەكانی هەولێر و كەركووك و سلێمانیی و هەڵەبجە كارینەكردووەتە سەر پاشەكشێی پێگەی جەماوەریی و سیاسیی پارتیی، چونكە توانیویەتی ئەو ناوچەیە لە ڕێگای زەبری سەربازیی و ئاسایشیی و بەكارهێنانی ململانێی خێڵ و عەشرەتەكان و زاڵكردنی هەژموونی توركیاوە بەسەر دەڤەرەكەدا بە تەواوەتیی جڵەوی تەواوی ناوچەكە بگرێتەدەست. 

بارزانییەكان دوای دەركەوتنیان لە ژیانی سیاسیی عێراق و كوردستاندا بە شێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو هەوڵیانداوە تەواوی ئەو خێڵ و عەشرەتانەی، كە لەگەڵ بارزانییەكاندا ناكۆكن، لەكەداربكەن و بە زۆر بیانخزێننە ناو خانەی ناپاكیی و جاشایەتییەوە. 

لە پەنجاكانی سەدەی ڕابوردوودا مەلا مستەفای بارزان بە ئەوپەڕی لێزانینەوە گەورە پیاوانی عەشرەتەكانی سورچیی و هەركیی ناچاربكات، كە ملی ڕێی بەغداد بگرن و دواجاریش ناسنامەی ناپاكیی و جاشایەتیی خستە پاڵیان، كاتێكیش لە دوای ڕاپەڕین ترسی گەورەبوون و بەهێزبوونی سورچییەكانیان لێنیشت، بە ئەوپەڕی نامەردییەوە قەتڵوعامی سورچییەكانی بەئەنجامگەیاند و حسێن ئاغای سورچیی تیرۆركرد و پێگەی بەهێزی گەورە پیاوانی سورچیی بە تەواوەتیی لاوازكرد. 

نەوشیروان مستەفا لەبارەی پەیوەندیی پارتیی و عەشرەتە گەورەكانی ئەو ناوچەیەوە بە وردیی دەوەستێت و پێیوایە، كە هەر كاتێك كەلێنی گەورە و قووڵ كەوتە نێوانیانەوە و ئەو عەشرەتانە گەیشتنە ئەو بڕوایەی، كە پارتیی و بارزانییەكان دەیانەوێت دوای كپكردنیان پاكتاویانبكەن، ئەوە تەقینەوەی دۆخەكە دەبێتە ئەگەرێكی حەتمیی، بۆیە پێیوایە تا ئەو دۆخە نەیەتە پێشەوە، هەرگیز ناتوانین بیر لە لاوازكردنی پێگەی جەماوەریی پارتیی لەو ناوچەیەدا بكەینەوە. 

دوا ڕەفتاری پارتیی بەرانبەر بە عەشرەتە گەورەكانی ئەو دەڤەرە، تێوەگلاندنی بنەماڵەی ناوداری كەریم خانی برادۆستییە لە ڕوداوی هۆقەبازی هەولێردا. گومانی تێدا نییە، كە دەستگای پاراستنی پارتیی ئەندازیارێكی لێزانە لە دروستكردنی سیناریۆی ئەمنیی سەرسوڕهێنەردا، بە جۆرێك ئەو دەستگایە ئەزمونی خۆی بەكاردەهێنێت بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنوسێكی خاوەن خەونی لیبڕالی وەك سەردەشت عوسمان بكاتە تیرۆریست، هەروەها لە پێناو تۆڵەو بە پێی تەڵەیەكی هەرێمیی بە هەمان شێوە دەیەوێت نەیارەكانی خۆی لە ناو برادۆستییەكاندا لەو ڕوداوە گوماناوییەوە بگلێنێت. بۆیە دەبینین ئەوانەی، كە لەو ڕوداوەدا دەستگیركراون، لە نەیارە مێژوییەكانی بنەماڵەی بارزانیین، تەنانەت دەتوانین بڵێین لە نەیارە هەرە سەرسەخت و ڕاستگۆكانی خودی مەلا مستەفایشن.

 بەندە هەرگیز لە نزیكەوە یەك كەسی بنەماڵەی كەریم خانی برادۆستم نەبینیوە، بەڵام ئاگام لە تەواوی دیوە تاریكەكانی ئەو مێژوی ململانێیە هەیە، كە برادۆستییەكان لە پێناو شكۆی عەشرەتەكەیاندا ڕووبەڕووی مەلا مستەفاو بنەماڵەی بارزانییەكان وەستاونەتەوە. ڕاستە پارتیی دەیەوێت ڕاستەوخۆ بەریەككەوتنی لەگەڵ ئەو عەشرەتەدا بۆ دروستنەبێت، بۆیە دێت باس لەوە دەكات، كە ئەوەی بەرانبەر برادۆستییەكان ڕویداوە، تەنها هەندێك كەسایەتیی دەگرێتەوە، كە لەسەر هێڵی پارتیی_بوون و ئەدەبیاتی بارزانییەكان نەوەستاون، دەنا لەناو برادۆستییەكاندا كەسانێك هەن، كە لای پارتیی و بارزانییەكان ڕێزلێگیراون و بە هۆقەی خۆیان لە باڵی كوردایەتین. تەنها تاوانی كوڕانی كەریم خانی برادۆستیی ئەوەیە، كە لەسەر بەڕەی ئەوان دانەنیشتوون و بەشێك نەبوون لەو پیلانانەی، كە دەستگای پاراستن نەخشەی بۆ كێشاون.

لەم ڕوداوەدا پارتیی بە بەردێك چەند چۆلەكەیەك دەكوژێت، لەلایەك ڕێگا بە توركیا دەدات، كە بە ویستی خۆی پەلاماری سەربازیی بۆ سەر ناوچەكە ئەنجامبدات و لەلایەكی تریشەوە دەیەوێت دوا بزماری هەڕەشە لەسەر پێگەی بارزانییەكان لە ناوچەكەدا هەڵبكێشێت، هەروەها دەستكەوتێكی گرنگیشە بۆ پاكتاوكردنی حساباتی ناوخۆیی باڵەكانی ئەو حیزبە، بەڵام ڕەنگە ئەو پیلانەی پارتیی ئەمجارەیان وەك خۆی سەرنەگرێت، بەڵكو هاوكێشەكە پێچەوانەدەبێتەوەو دوای بنەماڵەی كەریم خانی برادۆستیی عەشرەتەكانی ناوچەكە قۆناغی بێدەنگیی تێبپەڕێنن و ئەو خوێندتەوە سیاسییە بێتەدیی، كە نەوشیروان مستەفا پێش (28) ساڵ لەمەوبەر باسیكردبوو.

ئەحمەد میرە

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی