داگیركردنی شنگال.. چیرۆكێكی تەمومژاوی

02/08/2019

سەرتیپ وەیسی

رۆژی 3ی ئابی 2014، رێكخراوی داعش شەنگالی داگیركرد، بە هەزاران كەسیان لە پیاو كوڕو كچ و ئافرەت و ژن و منداڵی ئێزیدی بە بێ هۆكار كوشت، یاخود بەدیلیان گرتن، تاوەكو ئێستاشی لەگەڵ دابێت چارەنووسی بە هەزاران كەس نادیارە.

پێنج ساڵ بەسەر داگیركردنی شەنگال تێپەردەبێت، تاوەكو ئێستاشی لەگەڵدابێت، هیچ كەس و تەنانەت ئێزیدییەكانیش، زۆر وەڵام لە بارەی ئەوەی چۆن شەنگال داگیركرا؟ كێ بەرپرس بوو لە بەدەستەوەدانی ئەو قەزایە؟ بۆچی هیچ بەرگرییەك لەو قەزایە ئەنجامنەدرا؟ ئایە رووداوی داگیركردنی شەنگال لە لایەن چەكدارانی داعش سیناریۆ بوو؟ ئایە پارتی تۆڵەی لە شەنگالییەكان كردەوە؟ وەڵامی ئەمانەو چەندین پرسیاری دیكەبە نەزانراوی ماوەتەوە.

بەشێك لە ڕاستییە مێژووییەكانی چیڕۆكی داگیركردنی شەنگال لەزاری دوو لە بەرپرسە باڵاكانی ئەو ناوچەیە:

سەرەتای مانگی ئابی ساڵی 2014 ەیە، چەكدارانی داعش ماوەی دوو مانگ بوو پارێزگای موسڵ و قەزای تەلەعفەریان داگیركردووبوو تەنها چەند كیلۆمەترێك مابوو بگەنە قەزای شەنگال . جگە لەو هێزانەی كە لە لایەن خەڵكی ناوچەكەوە پێكهێنرابوون بۆ پاراستنی شەنگال، 11 هەزار پێشمەرگەی دیكە كە بەسەر چەند فەوج و لیوایەك دابەشببوون پارێزگاریان لەو قەزایە دەكرد، سێ كەسی باڵادەست لەو قەزایە ئەركی سەرەكی پاراستنی ئەو شارەیان لە ئەستۆدابوو، بە ناوەكانی ( س.ب ، س .ك ، ش. ك) هەریەك لەو سێ كەسە بەرپرسیاریەتی یەكەمی سێ ئۆرگانی حزبی و ئاسایش و فەرماندەیی پێشمەرگەیان لە ئەستۆدابوو.

هێشتا قەزای " تەلەعفەر " كە زۆرینەیان شیعەی توركمانن لە لایەن داعشەوە داگیرنەكرابوو، ئەو فەرماندەیەی كە بە "پڵنگی نوری مالیكی" سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق ناسرابوو، دوای شكانی هێزەكەی لە بەرامبەر چەكدارانی داعش لە قەزای تەلەعفەر، بە ناچاری چووە قەزای شەنگال خۆی گەیاندە لای هەریەك لە ( س.ب) كە كەسی یەكەمی بەرپرسی حزبی قەزاكەیەو ( ش.ك) بەرپرسی یەكەمی ئەمنی ناوچەكەبوو. دوای خۆڕادەستكردنی بەو دوو كەسە، پڵنگەكەی مالیكی چەكدەكرێت و زیاتر لە 40 هەمەڕی سەربازی و دەیان چەكی سوك و قورس تەسلیم بەو بەرپرسانە دەكات، پاشان لەرێگای فرۆكەخانەی هەولێرەوە ناوبراو لەگەڵ ئەو سەربازە عێراقیانەی لەگەڵی بوون ڕەوانەی بەغدا دەكرێنەوە.

ئەو دوو بەرپرسەی قەزاكە، سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێل و چەكە سوك و قورسانەی دەستیانكەوت فرۆشتیانەوە بە چەكدارانی یەپەگەو پەكەكە لە سنووری رەبیعەو شەنگال بە پارەیەكی زۆر، دوای ئەوەی وڵاتی توركیا بەو كارەیە دەزانێت، بەرپرسانی هەرێم لەسەرووی هەموویانەشەوە مەسعود بارزانی لەو كارە ئاگاداردەكاتەوە، هەر بەهۆی ئەمەشەوە دوای داگیركردنی شەنگال ئەو بەرپرسانە لەسەر ئەوكارەیان رووبەرووی لێپرسینەوە بوونەوە.

هێشتا 48 كاتژمێر مابوو بۆ داگیركردنی قەزای شەنگال لە لایەن چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش، بێ سەروبەریەك و فەوزایەكی زۆر بە بەرپرسانی ئەو ناوچەیە دیاربوو، بەرپرسانی حزبی و ئەمنی و پێشمەرگە هەریەكەیان لە شوێنێكەوە چاوەڕێی فەرمان بوون. بەر لە 48 كاتژمێر رۆژی 1ی ئابی ساڵی 2014 ( س.ب)، كە بەرپرسی یەكەمی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو لەو شارە بەرەو شاری دهۆك ڕایكرد، بەڵام دواتر بەهۆی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی هەڵاتنەكەی دەگەڕێتەوە قەزاكەو هاووڵاتیانی قەزاكە كە زۆرینەی زۆریان ئێزیدین زۆر تووڕەدەبن ، هەوڵدەدەن ئەو بەرپرسەی حزبیە بكوژن، بەڵام دواتر هێزێكی تر هەر لە ئێزیدییەكان ڕێگەیان پێنادەن ئەو كەسە بكوژن، بە بیانوی ئەوەی هیچ شتێك لە ئەستۆی ئەو كەسەدا نییە.

بەشێك لە هاووڵاتیانی شەنگال پەیتا پەیتا بەرەو دەرەوەی شارەكە ڕایانكردبووو دەیانەویست چیای شەنگال بكەنە حەشارگەیەك بۆ پاراستنیان لە چەكدارانی داعش. ئێزیدییەكان هێزێكی گەورەیان پێكهێنابوو لەبەردەم بارەگای لقی پارتی لەو قەزایە كۆببوونەوەو داوایاندەكرد چەكیان پێبدرێت بۆ ئەوەی بەرگری لە قەزاكەیان بكەن، بەڵام ئەو داوایەی ئەوان لە لایەن ئەو بەرپرسی لقی پارتیەوە لە شەنگال رەتدەكرێتەوە، بە بیانوی كەم تواناییان بۆ بەرگریكردن لە قەزاكە.

چەكدارانی داعش نزیكدەبوونەوە لە قەزاكەو بەرپرسە حزبیە باڵاكە هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ فەرماندەكانی پێشەگەرگە نییەو تەنها لەگەڵ بەرپرسی ئاسایشی ئەو قەزایە نەبێت و چاوەڕێی رێنماییەكانی حزبەكەی دەكرد، بەرپرسانی پێشمەرگەش چاوەڕێی فەرمانی سەرووی خۆیانیان دەكرد، چەكدارانی داعشیش لە قەزاكە نزیكدەبوونەوە، بەڵام تاوەكو ئەوكات هیچ فەرمانێك لە لایەن هیچ ناوەندێكە نەدرابوو لە بارەی بەرگریكردن، یاخود كشانەوە لەو قەزایە.

(س.ب) پەیوەندی بە فازل میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی حزبەكەی دەكات، بەڵام ئەویش هیچ وەڵامێكی لەوبارەیەوە نابێت، ناچار پەیوەندی بە مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانی ئەوكات دەكات، ماوەی چەند كاتژمێرێك لەگەڵ ئەودا لەسەر هێل دەبێت و لەبارەی بارودۆخی ناوچەكە گفتوگۆو پەیوەندی دەكەن، بەهەمانشێوەش فەرماندەكانی پێشمەرگەش چاوەڕێی فەرمانی سەرووی خۆیان بوون.

بەر لە هاتنی چەكدارانی داعش بۆ ناوچەكە ناكۆكییەكی زۆر لە نێوان لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو قەزایەو چەند سەرۆك هۆزێك هەبوو، بۆ ئەم مەبەستەش بەرپرسی لق چەندین جار سەرۆكی حزبەكەو مەكتەبی سیاسی حزبەكەی لەو ناكۆییە ئاگاداركردبۆوە. زانیارییەكان ئاماژەبەوەدەكەن ناكۆییەكە بەهۆی ئەوەوەبوو ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتیانی ناوچەكەو چەند سەرۆك هۆزێك پەیوەندیەكی باشیان لەگەڵ بەغداو مەڵەبەندی یەكێتی لە موسڵ هەبووەو لە پارتی دیموكراتی كوردستان رازی نەبوون.

ئەو پەیوەندی خراپەو بێ متمانەیەی لە نێوان بەشێك لە هاووڵاتیان و سەرۆك هۆزەكان لەگەڵ بەرپرسانی پارتی لەو قەزایە، بە تایبەت چەند سەرۆك عەشیرەتێك لە نێویشیان سەرۆك هۆزەكانی گوندی ( كۆچۆو تەل بەنات) و چەند گوندێكی دراوسێیان، بە تەواوی بەر لە چەند كاتژمێرێك لە هاتنی داعش بۆ ناو شەنگال رەنگیدایەوە، ئەمەش هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی بەشێك لە سەرۆك هۆزەكانی ئێزیدی ئامادەنەبوون بچنە دەرەوەی شارەكەو فەرمان لە پەرسانی ئەو ناوچەیە وەرگرن، بەشێكیشیان دوای بەجێهێشتنی قەزاكەو چوونیان بۆ چیای شەنگال دووبارە گەڕانەوە.

زانیارییەكان ئەوەدەخەنەروو، لەسەروبەندی كاتژمێرەكانی كۆتایی هاتنی داعش بۆ ناو قەزاكە ئەو سەرۆك هۆزانە بە بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان و پەرپرسانی ئەمنی و پێشمەرگەیان دەوت " داعش بریتییە لە بەعسییەكان ئەوان لە ئێوە باشترن، ئێمە پێشتر چەندین ساڵ لەگەڵ بەعسییەكان ژیاوین، بۆیە ئەوان لە ئێوە بە شەرەفترو پیاوترن، هەربۆیەش شارەكە جێناهێلین". بەهۆی ناكۆكییەكان دواتر بەشێك لەو سەرۆك هۆزانەی كە قەزاكەشیان پێشتر جێهشتبوو گەڕانەوە.

بەهۆی ئەو لا ملیەی چەند سەرۆك هۆزێك و راكردنی زیاتر لە 110 كەس كە بەڵینیان بە داعش دابوو قەزاكە بە جێنەهێلن لە ڕێگەی چەند شێخێكی سونی قەزای شەنگال و زوممار، بەڵام دواتر بەڵێنەكەیان شكاندو قەزاكەیان جێهێشت و بەرەو چیای شەنگال ڕۆیشتن، ئەمەش وای كرد چەكدارانی داعش متمانەیان نەمێنێت، بەهۆیە سەرجەم سەرۆك و هۆزو پیاو كوڕەكانی هەردوو گوندی كۆچۆو تەل بەناتیان بە كۆمەڵ كوشت یاخود بەدیلیان گرتن.

لە سەروبەندی ئەو ناكۆییانەی كە لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و چەند سەرۆك هۆزێك هەبوون و بەر لە هاتنی داعش بە چەند كاتژمێریكی كەم ، سەرجەم فەرماندەو لیواكانی هێزی پێشمەرگە فەرمانیان بۆهات قەزای شەنگال چۆلبەكەن، بەبێ ئەوەی هیچ كەس بزانێت ئەم فەرمانە لە كوێوە هاتووە تەنها یەك كەس دەیزانی ئەویش ( س .ك) بوو. 

هێشتا بەرپرسی لقی پارتی لەو قەزایە لەگەڵ چەند كەسێكی چەكدار لەناو شارەكە ماون لەگەڵ ئەو كەسانەی كە پێیانووابوو باشترە لەگەڵ داعش بمێنەوە نەك هەڵێن، ئەوەش بەهۆی ئەو ناكۆكییانەی كە هەیانبوو لەگەڵ باڵاترین هێزی سیاسی لە ناوچەكە كە پارتی دیموكراتی كوردستان بوو.

دوای كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، دوای چەند كاتژمێرێكی كەم بەرپرس لقی پارتی بە فەرمانی مەسرور بارزانی قەزاكەی چۆلكردو بەرپرسی ئاسایشیش بەهەمان شێوە. ئیتر دوای ئەوەی داعش بە تەواوی شارەكەی داگیركردو كارەساتی مرۆیی گەورە بەسەر شارەكە هێناو هەزاران پیاو ژن و كورو كچ و منداڵی ئێزیدی كوژران و بەدیل گیران، یاخود كرانە كۆیلەو گوازرانەوە بۆ ناوچەكانی دیكەی ژێر دەستی داعش.

هێشتا چیرۆكە كۆتایی پێنەهاتبوو خەڵك و لایەنە سیاسیەكان و راگەیاندنەكانی هەرێمی كوردستان باس لە هەڵاتن و كشانەوەی هێزە ئەمنییەكانی ئەو شارەیان دەكرد، فشارێكیش لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان دروستببوو، ناچار لیژنە پێكدەهێنرا لە بارەی هۆكارەكانی بەجێهێشتنی ئەو قەزایە بەبێ شەڕ.

لە دوای داگیركردنی شەنگال لیژنەیەك پێكهێنرا لە لایەن بارزانی و وەزارەتی پێشمەرگە لە بارەی هۆكارەكانی بەدەستەوەدانی ئەو شارە، لەراستیدا ئەو سێ بەرپرسەی كە بانگهێشتكرابوون وەك تۆمەتباری جێهێشتنی شەنگال ئەوەندی پەیوەندی بە فرۆشتنی چەكەوە هەبوو بە یەپەگە، ئەوەندە پەیوەندی بە هۆكارەكانی شكستەكەی ئەو قەزایەوە نەبوو. 

هێشتا رووداوی چۆلكردنی قەزای شەنگال بەو شێوە خێرایەو بەبێ شەڕ لای هاووڵاتییان و لایەنە سیاسییەكان وەك مەتەڵ ماوەتەوەو گەیشتن بە حەقیقەتیش ئەگەریش بزانرێ وا ئاسان نییە بگوترێ ، بەڵام بەو پێیەی ئەو سێ كەسەی راستەوخۆ بەرپرس بوون لە پاراستنی ئەو قەزایە، لە بەرامبەر ئەو كشانەوە لە ناكاوە خۆشیان سەریان لێ سوڕماوە، بەپێی زانیارییەكان كە هەستیارو دژوارە بگوترێ بەهۆی سەرچاوەكانەوە، هەرسێ سەركردە تەنها ئەوەدەزانن كە فەرمانی سەرووی خۆیان جێبەجێكردووەو ئەوانیش گومان لەوەدەكەن ئەو رووداوە سیناریۆیەك بێـت بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزی كورد.

دوای تێپەربوونی ساڵێك یەكێك لەو كەسانەی كە راستەوخۆ بە بەر پرس دەزانرێت لە بە دەستەوەدانی ئەو قەزایە، دوای هەوڵێكی زۆر لە بەردەم بارزانی ئامادە دەبێت و هەموو راستییەكانی تایبەت بە بەدەستەوەدانی شەنگال بۆ بارزانی ئاشكرادەكات و لەو دانیشتنەدا راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشیش ئامادەیی دەبێت.

بە پێی زانیارییەكان ( س.ب) بۆماوەی كاتژمێرێك قسەی لەگەڵ بارزانی كردووەو باسی لە تەواوی رووداوەكە كردووە، بە مەسعود بارزانی راگەیاندووە: ئەو بە فەرمانی كوڕەكەی ئەو كشاوەتەوەو بۆئەمەش رووی لە مەسرور بارزانی كردووەو ئەویش پشتراستی قسەكانی كردۆتەوەو چەندین بەڵگەشی بۆ ئەم مەبەستە خستۆتەروو بەردەم بارزانی.

هەر بە پێی زانیارییەكان هەر لەو دانیشتنەو لە دانیشتنەكانی بەر لە هاتنی داعش (س.ب) بە بارزانی راگەیاندووە ئێزیدییەكان نابنە كوردو پارتی، بارزانی لە وەڵامدا پێی وتووە " من ئێوەم نارد بۆ ئەوەی ئەفكارو بیروبۆچوونیان بگۆڕن".

هێشتا بەڵگەكانی پاشەكشەو بەدەستەوەدانی شەنگال نەك بۆ رای گشتی و تەنانەت لایەنە سیاسییەكانیش بە تەواوی ئاشكرانەبووە، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی كە هەن لای ئەو كەسانەی كە راستەوخۆ بەژداربوون و لە رووداوەكە.

سەرتیپ وەیسی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی